ڕۆژی چوارشەممە فەڕەنسا ڕایگەیاند سەربازانی فەڕەنسا لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیدا دژی چەکدارە ئیسلامییەکان لە ناوچەی ساحیلی ڕۆژئاوای ئەفریقا، کەسایەتی باڵای داعش لە مالی ئومییا ئولد ئالباکایان دەستگیرکردووە.
وەزارەتی هێزە چەکدارەکانی فەڕەنسا دەڵێت ئالباکای لەلایەن هێزەکانی ئۆپەراسیۆنی بارخانەوە لەنێوان شەوی 11 ی مانگی شەش و بەرەبەیانی 12 ی شەشدا لەنزیک سنووری نێوان مالی و نایجەر دەستگیرکراوە.
خراپبوونی پەیوەندییەکانی نێوان فەڕەنسا و ئەنجومەنی سەربازی مالی بووە هۆی ئەوەی فەڕەنسا هێزەکانی لەو وڵاتە بکشێنێتەوە کە لە ساڵی 2013 ەوە لە مالی بوون. ئەرکی هێزەکانی فەڕەنسا لە مالی دوورخستنەوەی ئەو گروپە چەکدارییانە بووە کە پەیوەندییان بە ئەل قاعیدە و دواتریش بە ڕێکخراوی داعشەوە هەبووە.
لە ساڵی 2012 ەوە کاتێک جیهادییەکان باکووری وڵاتەکەیان کۆنتڕۆڵ کرد، مالی ڕووبەڕووی توندوتیژی بووەتەوە. فەڕەنسا توانی باکووری مالی لەژێر دەستی جیهادییەکاندا دەربکات، بەڵام لە ساڵی 2015 دا جیهادییەکان دووبارە خۆیان کۆکردەوە و کۆمەڵێک هێرشیان لە ناوەڕاستی وڵاتەکەدا ئەنجامدا. لەو کاتەوە پەرەیان سەندووە بۆ ناو نایجەر و بورکینا فاسۆ و نیگەرانییان سەبارەت بە سەقامگیری ناوچەکە دروست کردووە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز