وەزیری بەرگری ئیسرائیل پێش سەردانەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن بۆ ناوچەکە ڕایگەیاند پێویستە ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی کە هاوبەشی نیگەرانییەکانیان لە بارەی ئێرانەوە، هێزێکی هاوبەش لە ژێر چاودێری ئەمەریکادا دروست بکەن.
بەرنامەی ئەتۆمی ئێران و دانوستانە نێودەوڵەتییە بێ ئەنجامەکانی تا ئێستا بۆ زیندووکردنەوەی ئەو ڕێککەوتنەی کە ساڵی ٢٠١٥ کۆتاییان پێهێناوە، لەنێو ئەو پرسانەن کە پێدەچێت لە بەرنامەی کاری بایدن دا بن کاتێک مانگی داهاتوو دەچێتە ئیسرائیل و عەرەبستانی سعودیە.
لە وتارێکدا، بێنی گانتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل، ئاماژەی بە پەیوەندییە ئاسایشییەکانی ئیسرائیل لەگەڵ وڵاتانی کەنداو عەرەبی کرد کە لە ژێر هەژموونی هەڵمەتێکی دیپلۆماسی کە لە ساڵی ٢٠٢٠دا بە سپۆنسەری ئەمەریکا، هەروەها میسر و ئوردن تێکڕا لێی نزیک بوونەتەوە. هەروەها وتی هەوڵەکان لە ئارادان بۆ بەرفراوانکردنی ئەو جۆرە هاوپەیمانێتییە.
لە بەیاننامەیەکدا، وەزیرەکە گوتی، "ئەوەی پێویستە تەنها هاوکاری نییە، بەڵکو بونیاتنانی هێزێکی ناوچەییشە، بە سەرکردایەتی ئەمەریکا، کە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان".
وەزیری بەرگری ئیسرائیل ئەوەی ڕوون نەکردۆتەوە ئایا "هێز" ئاماژەیە بۆ یەکەیەکی سەربازی هاوبەش، یان سازکردنی توانستێکی هەمەلایەنە.
گانتز گوتیشی " ئێمە بەردەوام لەسەر ئەمە کاردەکەین، لە پێناو ئاسایشی هاوڵاتیانی ئیسرائیلدا".
عەرەبستانی سعودیە ئاماژەی بە پشتیوانی خۆی بۆ ئەو ڕێککەوتنە کردوو کە پێی دەوترێت ڕێککەوتنی ئەبراهام کە دوو ساڵ لە مەوبەر ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و بەحرەین پەیوەندییان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایکردەوە. بەڵام ڕیاز لە دانپێدانانی فەرمی ئیسرائیلی دراوسێی جارێ خۆی بە دوور گرتووە.
سەرچاوە: ئاژانسی ڕۆیتەرز