Accessibility links

کۆشکی سپی پشتراستی دەکاتەوە سەرۆک بایدن لەگەڵ بن سەلمان کۆدەبێتەوە


به‌رپرسێكی باڵای بەڕێوەبەرایەتی جۆو بایدن ڕۆژی دووشه‌ممه‌ له‌ لێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامه‌نوسانی ڕاگه‌یاند، سه‌رۆك بایدن له‌ مانگی حەوت سه‌ردانی عەرەبستانی سعودیه‌ ده‌كات و له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د بن سه‌لمان شازاده‌ی جێنشینی سعودیه‌ كۆده‌بێته‌وه‌.

ڕاگەیاندنی کۆبوونەوەی بایدن لەگەڵ بن سەلمان چەند هەفتەیەکە چاوەڕوان دەکرێت و لەلایەن داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤەوە ڕەخنەی لێگیراوە.

كۆبوونەوەكە لە چوارچێوەی گەشتێكی فراوانترە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە نێوان 13 بۆ 16ی حەوت، كە تیایدا سەرۆك گەشت بۆ ئیسرائیل و كەناری ڕۆژئاواش دەكات پێش ئەوەی بچێت بۆ جددە بۆ بەشداریکردن لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی هاریكاری كەنداو.

ئەو بەرپرسە باڵایە ئاماژەی بەوەشکردووە، کۆبوونەوەی بایدن لەگەڵ شازادەی جێنشین لە چوارچێوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ "زیاتر لە دەیان سەرکردە"ی جیهان بەڕێوەدەچێت و شا سەلمان، سەرکردەی فەرمی شانشینی سعودیە، لە خۆبگرێت.

کۆبوونەوەی بایدن لەگەڵ بن سەلمان ناکۆکە لەگەڵ بەڵێنی توندی بایدن لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا کە دەیگوت عەرەبستانی سعودییە دەکاتە وڵاتێکی "گۆشەگیر" کە دەبێت "باج"ی کوشتنی نوسەری ڕەخنەگری سعودی و ستوننوسی واشنتۆن پۆست، جەمال خاشقچی، بدات. خاشقچی ساڵی ٢٠١٨ لە کونسوڵخانەی سعودییە لە ئیستەنبوڵ کوژرا.

بایدن ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێکی هەواڵگری ئەمەریکا کە بەو ئەنجامە گەیشت بوو بن سەلمان ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر پیلانێک بۆ "گرتن یان کوشتنی" خاشقچی کە بردرایە نێو کونسوڵخانەی سعودیە لە ئەستەنبوڵ کە لەوێ کوژرا و جەستەی پارچە پارچە کرا. لە ئەنجامدا، سەرۆک کۆمار سزای خستە سەر دەیان بەرپرسی سعودیە کە دەستیان هەبوو بوو لە کوشتنی نوسەرەکەدا.

ئەو بەرپرسە باڵایە شەوی دووشەممە گوتی کە لە کاتێکدا بەڕێوەبەرایەتی وڵاتەکە داوای لێپرسینەوەی لە مردنی خاشقچی کردووە، بەڵام هەوڵی نەداوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ شانشینەکە بە تەواوی "بپچڕێنێت". ئەو بەرپرسە شازادەی جێنشینی بە "گرنگ" ناوبرد بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەستی شەڕی یەمەن تا لانیکەم مانگی هەشت.

ئەو بەرپرسە گوتی: "لە کاتێکدا ئێمە پەیوەندییەکان دووبارە دروستدەکەینەوە، بە دوای پچڕانی پەیوەندییەکاندا نین، چونکە سعودیە بۆ ماوەی هەشت دەیەیە هاوبەشێکی ستراتیژی ئەمەریکایە".

XS
SM
MD
LG