دادگایەکی بەریتانیا ڕۆژی دووشەممە داواکارییەکانی بۆ ڕاگرتنی ناردنی پەناخوازان و گواستنەوەیان بۆ ڕواندا لە لایەن حکومەتەوە ڕەتکردەوە.
بڕیاری دادگای پێداچوونەوەی لەندەن لە کاتێکدایە کە بە گوتەی داکۆکیکارانی مافەکانی کۆچبەران و پەناخوازان ئەمە پێشێلکردنی مافە بنەڕەتییەکانی ئەو کەسانەیە کە لە شەڕ و سەرکوتکردن هەڵهاتوون، هەر بۆیە پارێزران و داکۆکیکاران داواکاری پێداچوونەوەیان بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکەی حکومەتی بەریتانیا پێشکەشی دادگا کردووە کە بڕیارە لە ڕۆژی سێشەممەوە دەستپێبکات.
یەکێک لە پارێزەرانی ئەو پەنابەرانەی کە مەترسیان لەسەرە ڕەوانەی ڕواندا بکرێن، دەڵێت کە حکومەت پەنابەران دەنێرێت بۆ وڵاتێک کە خۆیان هەرگیز بە نیازی گەشتکردن نین بۆ ئەو جێگایە.
بەپێی هەواڵێکی ڕێکخراوێکی خێرخوازی بەریتانیا ژمارەی ئەو پەنابەرانەی کە بڕیارە ڕۆژی سێشەممە ڕەوانەی ڕواندا بکرێن، لە 35 کەسەوە بۆ هەشت کەس دابەزیوە.
بۆریس جۆنسۆن سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لە مانگی چواری ئەمساڵدا ڕایگەیاند کە بە نیازە هەندێک پەنابەری نایاسایی ڕەوانەی ڕواندا بکات بۆ ئەوەی لەو وڵاتەوە داوای پەنابەری بکەن و هەر بۆ ئەم مەبەستەش لەندەن 120 ملیۆن پاوندی بە شێوەی پێشوەخت بە ڕواندا داوە و بڕیارە باقی تێچوونەکانیش بە پێی ژمارەی ئەو کەسانە کە دەنێردرێنە ئەو وڵاتە لە ئەستۆ بگرێت.
حکومەتی بەریتانیا دەڵێت مەبەست لەو پلانە بێ هیواکردنی پەنابەرانە لە پەڕینەوەیان بۆ ئەو وڵاتە لە ڕێگای کاناڵی مانشەوە کە لە دوو ساڵی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
گرووپەکانی مافەکانی مرۆڤ دەڵێن ئەو پلانە نایاسایی و نامرۆڤانەیە، تەنیا مەترسییەکانی بۆ سەر پەنابەران زیاتر دەکات.
سەرچاوە: ڕۆیتەرز