Accessibility links

محەمەدی حاجی مەحمود: پارتی و یەکێتی لەسەر ئەوە کۆکبوون کۆمسیۆن ناتوانێت لە وادەی خۆیدا هەڵبژاردن ئەنجام بدات


محەمەدی حاجی مەحمود
محەمەدی حاجی مەحمود

محەمەدی حاجی مەحمود سکرتێری حزبی پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان دەڵێت" لە کۆبوونەوەی لایەنەسیاسییەکان لە سەرۆکایەتی هەرێم، پارتی و یەکێتی لەسەر ئەوە کۆکبوون کە کۆمسیۆن ناتوانێت لە وادەی خۆیدا هەڵبژاردن ئەنجام بدات، ئەوەی من لێی تێگەیشتم هەڵبژاردن ئەمساڵ ناکرێت، بەڵکو دەکەوێتە ساڵی داهاتوو ڕەنگە بکەوێتە بەهاری 2023 ، دەربارەی هەوڵەکانی نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق بۆ یەکخستنی لایەنە کوردییەکان، محەمەدی حاجی مەحمود دەڵێت" کاتی خۆی ئوڵبرایت هات ئاشتی کردینەوە لە شەڕی ناوخۆ، ئێستاش ئەم ژنە (جینین پلاسخارت) کە هاتووە ڕەنگە هەمان ڕۆڵ بە جۆرێکی تر ببینێت، بۆ ڕێکخستنەوەی هێزە سیاسیەکانی هەرواش هاتووه،‌ هەمیشە کورد بەگوێی بێگانە زیاتر دەکات یان دەبێت بێگانە کۆیان بکاتەوە، ڕۆژێک وەزیری دەرەوەی ئێران هات کۆی کردینەوە، جارێکیش وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا هات کۆی کردینەوە ئەمجارەش نوێنەری یوئێن کۆیکردینەوە. "


"هەموویان بە حەزەرەوە قسەیان دەکرد "


لە سەرەتای قسەکانیدا، محەمەدی حاجی مەحمود ئاماژەی بە کۆبوونەوەی لایەنەکان و نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کرد لە سەرۆکایەتی هەرێم، وتی "کۆبوونەوەکە لە سەرۆکایەتی هەرێم کرا،‌ نوێنەری یوئێنیش بەشداربوو تێیدا لەگەڵ حزبەکانی هەرێمی کوردستان، ئەوەی من تێگەیشتم لە کۆبوونەوەکە لێکتێگەیشتنێک دروست بووە له ‌نێوان هێزە سیاسیەکان، بەڵام هەموویان بە حەزەرەوە قسەیان دەکرد،‌ پێموایە شتەکان کاتیان ماوە یان ڕەنگە هەموو شتێک نەوترێت. "


" پارتی و یەکێتیهیچ موناقەشەیەکی یەکتریان نەکرد، بەڵکو پشتگیری یەکتریشیان دەکرد"

محەمەدی حاجی مەحمود ئەوەشی وت "ئەوەی من لە دەرئەنجام، لە قسەکان تێگەیشتم پێدەچێت پێشتر هەندێک لە حزبەکان پێکەوە قسەیان کردبێت، بەتایبەتی یەکێتی نیشتمانی و پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر هەندێک شت ڕێککەوتبوون لەو هەفتەی پێشوو، پێدەچێت هەندێک قسەیان کردبێت لەسەر هەڵبژاردن و لەسەر پەرلەمانی کوردستان، چونکە ئەوان هیچ موناقەشەیەکی یەکتریان نەکرد لەدانیشتنەکاندا، بەڵکو پشتگیری یەکتریشیان دەکرد، دوو کۆبوونەوەش کراوە، بەبێ ڕاگەیاندن کە ڕەنگە لەوێ ڕێککەوتبن لەسەر کۆمەڵێک شت، حزبەکانی تریش هەریەکە قسەی خۆی کرد لەسەر بابەتەکان، نوێنەری UN قسەی کرد و لای گرنگ بوو کە دەبێت هەڵبژاردن بکرێت و هیچ بیانوویەک نییە بۆ دواکەوتنی. "

"پارتی و یەکێتی لەسەر ئەوە کۆکبوون کە کۆمسیۆن ناتوانێت لە وادەی خۆیدا هەڵبژاردن ئەنجام بدات"

محەمەدی حاجی مەحمود زیاتر وتی" وادیاربوو هەموو حزبەکان ڕێک بوون بەتایبەتی پارتی و یەکێتی، کۆمیسۆن دەڵێت ناتوانین و فریا ناکەوین بۆ کاتی هەڵبژاردنەکان کە دیاریکراوە لە 1ی دە، چونکە پاککردنەوەی ناوەکان هەیە ناوی مردووی تێدایە یاخود پێویستیەکان وتیان حکومەت هەموو شتەکانی بۆ ئامادەکردووه،‌ بەڵام کۆمسیۆن خۆیان ماوەکەیان بەسەرچووە هەتا ئێستا حەوت جار بۆیان تازەکراوەتەوە هەموویان لەسەر ئەوە ڕێکبوون کە کۆمسیۆن جارێکی تر هەموواربکرێتەوە، هەرهەمان لیژنەی ئەو پێنج حزبە بەردەوام بێت، هەندێک لەحزبەکان بۆچوونیان وابوو کە ئەوە نابێت یان دەبێت نوێنەری حزبەکانی تریشی تێدابێت یاخود دەبێت ئەو کۆمسیۆنەی ئێستا‌ هەر هەڵبوەشێتەوە و نەمێنێت یەکێکی تر تازە دابنرێت لەسەر ئەمانە گفتوگۆ کرا "


"ئەوەی من لێی تێگەیشتم هەڵبژاردن ئەمساڵ ناکرێت، بەڵکو دەکەوێتە ساڵی داهاتوو ڕەنگە بکەوێتە بەهاری 2023 "

سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان دەشڵێت" لەو کۆبوونەوەیە یوئێن تەئکیدی لەسەر ئەوە دەکردەوە کە دەبێت ڕۆژی هەڵبژاردن دیاری بکرێت لیژنەیان دانا لەسەرۆکایەتی هەرێم دوو سێ کەسیان دیاریکرد کە دەبێت نوێنەری یوئێنیشی تێدابێت لەعێراق و لە هەرێمی کوردستان بەشداربێت لەهەموو وردەکاریەکان و لەکۆبوونەوەکان و ئامادەکردنەکان بۆ کاتی هەڵبژاردنەکان، لە هەموو حاڵەتەکاندا لێکتێگەیشتنێک کراوە و هەوڵەکان بەردەوام دەبێت، مەسەلەی دەستور باسکرا کە دوای ئەم هەڵبژاردنە باسی دەستور بکرێتەوە، بەڵام ئەوەی من لێی تێگەیشتم هەڵبژاردن ئەمساڵ ناکرێت دەکەوێتە ساڵی داهاتوو ڕەنگە بکەوێتە بەهاری 2023 . "



هەروەها دەڵێت" کۆمسیۆن داوای شەش مانگیان کردووە کە ئێستا چوار مانگ و نیوی ماوە وتیان دوو مانگی تری بۆ زیادبکەن ئەوە دەکاتە شەش مانگ بەڵام وتیان ئەمساڵ ناکرێت، پێدەچوو پێشتریش لەگەڵ نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان دانیشتبوون بەبێ هەموو حزبەکان ڕەنگە پارتی و یەکێتی لەگەڵ نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان قەناعەتیان پێکردبێت کە بکەوێتە ساڵی داهاتوو یان بەهاری داهاتوو. "



"کاتی خۆی ئوڵبرایت هات ئاشتی کردینەوە لەشەڕی ناوخۆ، ئێستاش (جینین پلاسخارت) کە هاتووە ڕەنگە‌ هەمان ڕۆڵ بەجۆرێکی تر ببینێت"


سەبارەت بە ڕۆڵی نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق لە یەکخستنی لایەنەکوردییەکان، محەمەدی حاجی مەحمود وتی" ڕەنگە هێزە کوردستانیەکان ئەوەندەی بەگوێی خەڵکی دەرەوە دەکەن ئەوەندە بەگوێی خەڵکی ناوەوە و میللەتەکەی خۆیان ناکەن، بۆیە من پێموایە یەکێک لەو خاڵانە ئەوەیە، کاتی خۆی ئوڵبرایت هات ئاشتی کردینەوە لەشەڕی ناوخۆ، ئێستاش ئەم ژنە (جینین پلاسخارت) کە هاتووە ڕەگە هەمان ڕۆڵ بەجۆرێکی تر ببینێت، بۆ ڕێکخستنەوەی هێزە سیاسیەکانی هەرواش هاتووه،‌ هەمیشە کورد بەگوێی بێگانە زیاتر دەکات یان دەبێت بێگانە کۆیان بکاتەوە، ڕۆژێک وەزیری دەرەوەی ئێران هات کۆی کردینەوە جارێکیش وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا هات کۆی کردینەوە ئەمجارەش نوێنەری یوئێن کۆی کردینەوە. "



لە ماوەی ساڵێکدا دووجار نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق هۆشداری دا بە هەرێمی کوردستان بەوەی دۆخەکە مەترسیدارە، لە دواین جاریشدا، پلاسخارت پەیامی هۆشدارییەکەی بە پەندێکی کوردی دا بە گوێی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان و وتی( دۆست ئەوەیە بتگرێنێ).


بەڵام محەمەدی حاجی مەحمود دەڵێت، ئەو مەترسییانە بەوجۆرە نیە، لەو ڕووەوە وتی" من پێموایە ئەو حزبانە پێشتریش چوونەتە بارەگای، نەتەوەیەکگرتووەکان لەوێش کۆبوونەتەوە من پێموانییە هیچ شتێکی زۆر ڕووبدات و پێموانییە ئەو مەترسیانە ئەوەندە زۆربن کە مەترسی لەسەر هەرێمی کوردستان هەبێت هەرێمی کوردستان ئێستا لەچوارچێوەی عێراقدایە و ناهەقی زۆر بەرامبەر دەکات، بەڵام هەتا ئێستا کورد بێدەنگە ئەوە لە ناوچەدابڕاوەکان کورد دەردەکرێن و دەست بەسەر ماڵ و سامانی خەڵکدا دەگیرێت و دەردەکرێت هەر لە سنجارەوە هەتا دەگاتە خانەقین و کەرکوک ودوز و دبز و مەخموور و هەموو شوێنەکان کوردی لێدەردەکرێت یوئێن و ئەمەریکا و ئەوروپاش زۆر بێباکن لەوە لێیان ناپرسنەوە، بۆنموونە خەڵکی هەڵەبجە بە کیماوی خنکاوە و 182 هەزار لەئەنفال زیندەبەچاڵ کراوە پارەی خوڵکی هەڵەبجە و پارەی خەڵکی ئەنفال دەگیرێت و دەیبەن قەرەبووی کوێتی پێدەدرێتەوه،‌ بەڵام ئامادە نیین قەرەبووی خەڵکی هەڵەبجەو ئەنفالەکان بدەنەوە. "

وتیشی" ڕەنگە ئەو (جینین پلاسخارت) خۆی بەدۆستی کورد بزانێت دەیەوێت هەندێک شت پیشان بدات، وەکو چۆن خۆشمان دەڵێن ئەگەر یەکێتی و پارتی ڕێکنەکەون مەترسیدارە ڕەنگە زیاتر ئەوەبێت ئەگەر حکومەتی عێراقیش لای ئەوان قسەیان کردبێت و شتێکیان وتبێت، بەڵام کورد لەچوارچێوەی دەستوری عێراقیدا ئەگەر بەدەستور کاربکرێت باوەڕناکەم هیچ مەترسیەکی لەسەربێت، ئێمە هەرێمێکمان هەیە لەدەستوری عێراقیدایە بەیاسا ڕێکخراوە. "

"حکومەتی عێراقی ئەگەر پێی بکرێت جیاوازی نیە لەگەڵ حکومەتی پێشوو کە کوردی کیمیاباران و ئەنفال دەکرد"


بەشێک لە چاودێران پێییان وایە، دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان هاوشێوەی دۆخی پێش 16ی ئۆکتۆبەر وایە، ئەگەری هەیە عێراق هێرشی سەربازی بکاتە سەر هەرێمی کوردستان بەتایبەتی بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق دەربارەی دۆسیەی نەوتی هەرێم.


بەڵام محەمەدی حاجی مەحمود بەدووری دەزانێت و دەڵێت" حکومەتی عێراقی ئەگەر پێی بکرێت و دەسەڵاتی هەبێت هەروەکو چۆن کاتی خۆی کورد کیمیاوی و ئەنفالی لێدراوە من پێوایە هیچ جیاوازیەکی لێناکرێت هەر هەمان فکرەیە هەمان بۆچوونە ئەوەی پێشترکراوە ئێستاش هەمان نیەت و هەمان نەفەسی هەیه،‌ بەڵام ئایا ئێستا گۆڕانکارییەکانی دنیا دەتوانێت یارمەتی ئەوان بدات بەکیمیاوی و ئەنفال پەلامارمان بدەن لە کوردستان؟ ئەوە یەکێکە لەوانە ئەگەر هۆیەکەی ئەمەریکا و بەریتانیا و ئەوروپای لەسەربێت بە یوئێنیشەوە بەدڵنیاییەوە ئەوا شەڕ دروستدەبێت، بەڵام پێموانییە ئاوا ئاسان بێت ڕەنگە بۆ پارچەکانی تری کوردستان ئەو شتانە ڕووبدات، بەڵام کورد لە عێراقدا ئەوە زیاتر لە نیوسەدەیە خوێن دەدات ئەوەی کە بەدەستهاتووە کەس خێری پێنەکردووە هەمووی بەخوێن و فرمێسک بەدەستهاتووە، من خۆم بە فیدڕاڵی نازانم بەڵکو دادگایەکی شۆڤێنی عەرەبیە چونکە ئەو دادگایە ئێستا خەریکە دەستێوەردان دەکات لە بچوکترین شت لەژیانی خەڵکی کوردستان واتە کۆمەڵێک شت دەڵێت کە هیچ پەیوەندی بەوانەوە نییە ئەو دادگایە کاتی خۆی کە دامەزراوە لەسەردەمی دەستوری کاتی عێراقیدا هەندێکی دامەزراوە . "

"پارتی و یەکێتی لەسەر بەرژەوەندییەکان هەمیشە ڕێککەوتوون و ڕێکیشدەکەون"


دەربارەی ناکۆکییەکانی پارتی و یەکێتی، محەمەدی حاجی مەحمود دەڵێت" پارتی و یەکێتی لەسەر بەرژەوەندییەکان هەمیشە ڕێککەوتوون و ڕێکیشدەکەون، بەڵام ناکۆکی پارتی و یەکێتی هەردەمێنێت دوو حزبن بەدیلی یەکترن، لەبەرئەوە ناتوانن ئەوان پێکەوە بگەنە هەموو شتەکان، بەڵام ئێستا پێکەوە حکومەتێکیان هەیە پێکەوە هەوڵدەدەن پێشمەرگە بکەن بەیەک وەکو دەزانرێت دووجار پێشمەرگە بوو بەیەک و کە دۆخە سیاسیەکە تێکچوو نێوانی هەردوو حزبەکە چۆن تەسبیح دەبڕێت و هەریەکە و دەچێتەوە بۆ لایەک هێزەکانی پێشمەرگە واجیابوونەوە لەیەکتری لەبەرئەوە ئێستا ئەوەی کە هەیە پارتی و یەکێتی من لێی ڕازیم باشە بۆنموونە(بەڕێز کاک بافڵ لای بەڕێز کاک مەسرور بارزانی) سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە دیارە کە من ئەو قسانە دەکەم ڕەنگە پاشخانێکی هەبێت لەکۆبوونەوەکەی یوئێندا من خۆم هەستم پێکرد کە ئەوان پێشتر یەکتریان بینیووە و قسەیانکردووە و لەسەر زۆر مەسەلە ڕێککەوتوون. "


سەبارەت بە ناکۆکییەکانی پارتی و یەکێتی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لەسەر زاری بەشێک لە بەرپرسان و پەرلەمانتارانی ئەو دوو حزبەوە، محەمەدی حاجی مەحمود بە نمونەیەک باس لەو ناکۆکییانە دەکات و دەڵێت" نموونەیەک باسدەکەم کاتی خۆی پێش ماوەیەک هێزی یەکێتی و پارتی لە شوێنێک پێی دەڵێن زینۆی وەرتێ لەوێ خەڵک چاوەڕێی ئەوەی دەکرد لەیەکبدەن و شەڕبکەن و شت ڕووبدات لەهەمان ڕۆژدا لە بەغداد یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەنگیدا بۆ بەڕێز دکتۆر فوئاد حسێن بۆ وەزیری دەرەوە، وە پارتیش دەنگیدا بۆ وەزیری داد کە سەربە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بوو لێرەش خەڵک دەترسا شەڕ ڕووبدات واتە لە هەر شوێنێک بەرژەوەندییەکان ئەگەر مەترسی تێکەوت من پێموایە یەکێتی و پارتی پێکەوە دەبن. "


"ئەگەر پۆستی سەرۆک کۆمار مەترسی لەسەر بەرژەوەندییەکانی پارتی و یەکێتی دروست بکات، ئەوا ئەو دوو حزبە خۆیان ڕێکدەکەون"


وتیشی"یەکێتی و پارتی کە کێشەیان هەبوو کێشەی هەموو خەڵکی کوردستانە ڕەنگەی کێشەی حزبەکان و یەکێتی و کێشەی حزبەکان و پارتی نەبێتە کێشەی هەموو خەڵک، بەڵام چونکە هێزی ئاسایش و پۆلیس و پێشمەرگە هی ئەوانە و ئابوری و نەوت و گومرگ هی ئەوانە ئەوەی ژێرزەوی و سەرزەوی و تەلەفونات و تادوایی هەمووی هی ئەوانە ناتوانن ئەوان دژی یەکتری بن، چونکە بەرژەوەندیەکان لێک نزیکن ئاسان نییه،‌ بەڵام ڕەنگە هەندێک شت قسەی لەسەر بکرێت ڕەنگە ئەوانە جار بەجار ڕووبدەن، بەڵام یەکێتی و پارتی پێکەوە دەتوانن کاربکەن لە کوردستاندا ئەگەرنا هەریەک لەو دوو حزبە 111 کورسیەکەش بهێنێت ناتوانێت لەو سنورەی کە ئێستا هەیە زیاتر حوکمی کوردستان بکات. "

محەمەدی حاجی مەحمود ئەوەشی وت"ئەگەر ناکۆکی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار لە نێوان پارتی و یەکێتی کاریگەری هەبێت لەسەر بەرژەوەندییەکانیان ئەوە ڕێکدەکەون، لەو ڕووەوە محەمەدی حاجی مەحمود وتی" ئەگەر پۆستی سەرۆک کۆماری مەترسی بێت لەسەر بەرژەوەندییەکانیان ڕێکدەکەون، هیچ شتێک لەکوردستان هێندەی شەڕی ناوخۆ مەترسی نەبووە ئەگەر دەساڵیش بەمشێوەیەی ئێستا بێت مەترسی نییه،‌ بەڵکو مەترسی ئەوەیە یەک ڕۆژ شەڕی ناوخۆ هەبێت لە کوردستان پارتی و یەکێتی ئەوەندە ناکۆکن هەتا دەگاتە ئاستی مەترسی بەرژەوەندییەکانیان ئەو کاتە ڕێکدەکەون. "

please wait

No media source currently available

0:00 0:13:10 0:00

XS
SM
MD
LG