Accessibility links

ڕێژەی گیان لەدەستدانی کۆچبەران لە دەریای ناوەڕاستدا لە هەڵکشاندایە


کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران دەڵێت ژمارەی گیان لەدەستدانی ئەو کۆچبەرانەی هەوڵدەدەن لە ڕێگای دەریای ناوەڕاستەوە بپەڕنەوە بۆ ئەوروپا لە زیادبووندایە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ڕێژەی ئەو كۆچبەرانەی ئەم ڕێگا مەترسیدارە بۆ کۆچکردن هەڵدەبژێرن، کەمتر بووەتەوە.

کۆچکردن لە ساڵی 2015دا بەرزترین ژمارەی تۆمار کرد و زیاتر لە ملیۆنێک پەنابەر و کۆچبەر لە رێگای دەریای ناوەڕاستەوە بەرەو ئەوروپا پەڕینەوە. ژمارەکە لە ساڵی 2021 دا بۆ 123 هەزار و 300 کەس دابەزیوە، بەڵام دەزگای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت ساڵی ڕابردوو زیاتر لە 3200 کەس لە دەریادا یا گیانیان لەدەستداوە یان بێسەروشوێن بوون و ئەمەش واتە بە بەراورد بە ساڵی 2018 ژمارەی گیان لەدەستدانەکان نزیکەی هەزار کەس زیادیکردووە.

شەبیا مەنتوو، گوتەبێژی کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران دەڵێت جگە لە بەرزبوونەوەی ژمارەی گیان لەدەستدانەکان لە دەریادا، ڕەنگە ژمارەیەکی زیاتریش بەدرێژایی ڕێگاکانی ناو بیابانی سەحرا، و ناوچە سنوورییە دوورەکان گیانیان لەدەستدابێت یان بێسەروشوێن بووبن.

مەنتوو دەڵێت گیان لەدەستدانەکان زۆربەی کات لە وڵاتانی ترانزێتدا ڕوودەدەن، لەوانە ئێریتریا، سۆماڵ، جیبۆتی، ئەسیوپیا، سودان و لیبیا.

گوتەبێژی کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران دەڵێت پەنابەران بۆ کۆچکردن بژاردەیەکی کەمیان لەبەردەستدایە، جگە لە پشت بەستن بە قاچاخچیەکان و دەشڵێت "ئەوان ڕووبەڕووی مەترسییەکی زۆر لەلایەن قاچاخچییەکان دبنەوە، چ لە ڕێگا وشکانییەکاندا کە لە ڕێگای سەحرا و بیابانەکانەوە تێدەپەڕن، و چ لە لیبیا و تونسەوە کە بەرەو ئیتالیا یان ماڵتا لە ڕێگای دەریاوە کۆچ دەکەن."

مەنتوو دەڵێت "لە زۆر حاڵەتدا ئەو کەسانەی لە گەشتەکەیاندا بە ڕێگای بیابان و سەحراوە ڕزگاریان دەبێت و هەوڵی پەڕینەوە لە رێگای دەریاییەکانەوە دەدەن، زۆرجار قاچاخچییەکانیان بەجێیان دەهێڵن و ڕێگا وبان ون دەکەن و هەندێک لەوانە کە لیبیا بەجێدەهێڵن دەستبەسەر دەکرێن و دەگەڕێندرێنەوە بۆ ئەو وڵاتە و دواتریش لەوێ زیندانی دەکرێن".

گوتیشی ساڵانە هەزاران کەس لە دەریاکاندا بێ سەروشوێن و نوقم دەبن.

کۆمیساریای باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران داوای کارێکی زیاتر دەکات بۆ ڕێگریکردن لە مردن و قوربانی بوونی کۆچبەران و پیشکەشکردنی ڕێکارێک بۆ گەشتە مەترسیدارەکان و هەروەها داوای زیادکردنی هاوکاری مرۆیی و چارەسەر بۆ ئەو کەسانە دەکات کە پێویستیان بە یارمەتی و پاراستنی نێودەوڵەتییە.

XS
SM
MD
LG