Accessibility links

ڕێکخراوێک: ئێران دەیەوێت پەنجەی هەشت کەس بە تۆمەتی دزی ببڕێت


ڕێکخراوێکی ناحکومی ڕۆژی هەینی هۆشداریدا لەوەی هەشت پیاوی ئێرانی، کە بە تاوانی دزیکردن سزا دراون و لە دەرەوەی تاران ڕاگیراون، مەترسییەکی زۆریان لەسەرە پەنجەکانیان ببڕدرێن و ڕێکخراوەکە ئەم کارەی بە سزایەکی "نامرۆڤانە" ناوزەد کرد.

ناوەندی ئابدوڕەحمان بۆرومەند بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، کە بنکەکەی لە واشنتنی پایتەختی ئەمەریکایە، لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت ئەو کەسانە لە زیندانی تارانی گەورە ڕاگیراون و چاوەڕوانی ئەوەن پەنجەکانی دەستێکیان ببڕدرێتەوە. سێ کەسیان بۆ بەندیخانەی ئۆرومییە لە باکوری ڕۆژئاوای ئێران بە مەبەستی بڕینی پەنجەیان گواستراونەتەوە.

ڕێکخراوەکە ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، پێیان گوتراوەکە كاتێك ئامێری پەنجە بڕینەکەیان لە زیندانی ئەڤین خرایە کار سزاکان جێبەجێ دەکرێن.

لە 8 ی مانگی شەش، هەر هەشت کەسەکە پێیانڕاگەیەندراوە بۆ بەندینخانەی ئەڤین دەگوازرێنەوە تا پەنجەیان ببڕنەوە، بەڵام کارەکە لە بەر هۆکاری نادیار دواکەوتووە.

لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان (KHRN)، ڕێخکراویABC ڕایگەیاند، نیگەرانن بە بوونی "هەواڵی باوەڕپێکراو" کە ئێستا ئامێرەکە لە کلینیکێکی ئەڤین دانراوە و بۆ بڕینی پەنجەی کەسێک بەکارهێنراوە.

ڕۆیا بۆرومەند، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ڕێکخراوی ABC ، دەڵێت "جێبەجێکردنی سزایەکی هێندە دڕندانە و نامرۆڤانە پێشێلکردنی کەمترین ستانداردەکانی مرۆڤایەتی و ڕەوشتە."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەتوانێت و پێویستە کاردانەوەی بە پەلە هەبێت بۆ وەستاندنی جێبەجێکردنی ئەم بڕینانە".

لە كۆماری ئیسلامیدا بە پێی یاسای شەریعەت پەنجە بڕین ڕێگەپێدراوە ، بەڵام تا ئێستا بە دەگمەن ئەنجام دراوە.

ڕێکخراوی ABC ڕایگەیاندووە ڕاپۆرتی کۆکردۆتەوە دەریدەخەن لانیکەم 356 حوکمی بڕین کە لە دوای شۆڕشی ئیسلامی لە ساڵی 1979 دەرچووە، بەڵام دەڵێت کە پێدەچێت ژمارە ڕاستەقینەکە زۆر لەوە زیاتر بێت.

ئەگەر سزاکان جێبەجێ بکرێن، ئەو پیاوانە بە پێی یاسای سزادانی ئێران چوار پەنجەی دەستی ڕاستیان دەبڕدرێت.

بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران، کە بنکەکەی لە نەرویجە، لە پێنج مانگی یەکەمی ساڵی 2022 دا لانیکەم 168 کەس لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە لە سێدارە دراون، کە بە ڕێژەی لەسەدا 50 زیاترە لە ژمارەی ئەوانەی ساڵی پار لە هەمان ماوەدا سزای مەرگیان بەسەردا جێبەجێکرا.

XS
SM
MD
LG