Accessibility links

هەلەو واشنتۆن: ئاسکەکان لە نیشتیمانەکەیان ڕەو دەکەن


یەکێک لەو بابەتە هەنوکەییانەی جیهان کە مرۆڤایەتی پێوەی سەرقاڵە، چۆنیەتی پاراستنی ئەو ژینگەیەی کە مرۆڤەکان لەم هەسارەیە لەسەری دەژین کە ڕۆژانە پێشێلکاری بێ سنوری دەکرێتە سەر و لە بەرامبەریشدا دنیایەک ڕێکخراو و ژینگە دۆست ڕووبەڕوویان وەستاونەتەوە.

لە هەرێمی کوردستان سەرەڕای دروست بوونی چەند کابینەیەکی یەک لە دوایەکی حکومەتی هەرێم، هێشتا کاری پێویست لەو ڕەهەندەدا نەکراوە، وەک شارەزای بواری ژینگە و ڕۆژنامەوانی بنکۆڵکەر خالید سولەیمان کە براوەی خەڵاتێکی نێودەوڵەتییە لە بواری ژینگەدا ئاماژەی بۆ دەکات لەسەر ئاستی میدیا و پەروەردەش ژینگە و پاراستنی لاوازە.

لەم بەرنامەیەی هەلەو واشنتن هەوڵمانداوە زیاتر لەسەر ژینگەی سەوزی کوردستان بدوێین بە تایبەتی بە خۆی لە کوردستانە و لە ناوچە جیاکان سەرقاڵی کاری مەیدانیە. با بزانین چۆن ژینگەی هەرێمی کوردستان، هەڵدەسەنگێنێت.

لەو بارەیەوە خالید سولەیمان دەڵێت "چەند ڕۆژێکە بە کاری مەیدانیەوە سەرقاڵم بە تایبەتی لەو ناوچانەی کە زۆرترین گۆڕانکاری ژینگەییان بە خۆیانەوە دیوە، بە تایبەتی لە شوێنێکی وەکو گەرمیان کە ئەوە دووەم ساڵە نە بارین و وشکە ساڵی بەخۆوە دەبینێت. هەروەها تووشی تێکچوونی سیستمی ژینگەیی هەمە چەشنە بووەتەوە، کە ئەوەش ئاسەوارێکی ڕاستەوخۆی دەستی مرۆڤە لەو سیستمە ژینگەییەدا.

لە ناوچەی گەرمیان هەرچی بەروبوومی دانەوێڵەیان لەبەر وشکە ساڵی بێ بەرهەم بووە، سەرەڕای تێچوونێکی زۆر، جوتیارەکانی دەست بە تاڵ لێی هاتونەتەوە دەر و ئەمەش کاریگەریەکی نەرێنی خوڵقاندووە. لە ڕابردوودا ئەو ناوچانە مۆڵگەی ئاسکە کێوییەکان بوو، لە هەرێمی کوردستان، گەرمیان نیشتیمانی ئاسک بووە، ئێستا بە هۆکاری کەم ئاوی و نەمانی خۆراک و دەستی مرۆڤیش وەکو ڕاوکردن، ناوچەکە جێ دەهێڵن."

لە وڵاتان بەردەوام هاندانی بەردەوام هەیە بۆ بوژاندنەوەی کەرتی کشتوکاڵ. ئایا حکومەتی هەرێم چی کردووە بۆ جوتیارەکانی گەرمیان کە بەهۆی گۆڕانی ژینگەوە زیانیان بەر کەوتووە.

لەو بارەیەوە خالد دەڵێت "وەک زۆربەی ئەو کەسانەی کە قسەم لەگەڵ کردوون، هیچ قەرەبوو کردنەوەیەک لە لایەن حکومەتی هەرێمەوە ڕانەگەیەنراوە، بابەتەکە تەنها نەبوونی بەرهەمی دانەوێڵە نیە، بەڵکو زۆربەی ئەوانەش کە ئاژەڵداری دەکەن، باوەڕیان وایە کە ناتوانن چیتر بەرگەی ئەو دۆخە بگرن، ڕەنگە بکەونە فرۆشتنی ئاژەڵەکانیان، لە نەمانی ئەو بەروبومانەش ڕەنگە ڕەو کردن لەو ناوچانەوە دەست پێ بکات، کە ئەوەش بارگرانیەک بۆ حکومەتی هەرێم لە شارەکاندا دروست دەکات."

لە بەشێکی تری وتوێژەکەماندا باس لە کەمبوونەوەی سەرچاوەکانی ئاو کراوە لە کوردستان، بە تایبەتی لەهەردوو دەریاچەی دوکان و دەربەندیخان. کاریگەری کەم بوونەوەی ئاوی ئەو بەنداوانە کاریگەری نەک بە تەنها لەسەر کوردستان بەڵکو لەسەر عێڕاقیش هەیە. بە تایبەتی کاریگەری وڵاتانی دراوسێی وەک تورکیا و ئیران، کە لەسەر چاوگەکانی ڕوباری فورات ودیجلە چەندین بەنداویان دروست کردووە، بە بێ گوێدانە هیچ ڕێسایەکی نێو دەوڵەتی.

لەو بارەیەوە خالید دەڵێت "نە تورکیا و نە ئێرانیش واژۆیان لەسەر ئەو بڕیارەی نەتەوەیەکگرتووەکان نەکردووە، هەر دانیشی پێدا نانێن، ئەردۆغان باوەڕی بەوە نیە کە ئەو سەرچاوە ئاوییانە نێو دەوڵەتین. ئەوان بە موڵکی نیشتیمانی خۆیان دەزانن. ئێرانیش بە هەمان شێوە چەندین ساڵە کاری بۆ ئەوە کردووە، هەرچی لق و چڵێک کە لەو ئاوانە بووبێتەوە دەیگەڕێنێتەوە بۆ ئێران و ڕێگە نادات بێتە ناو خاکی عێڕاقەوە، لە کاتێکدا ژیانی بە ملیۆنان خەڵک لەسەر ئەو دەریاچانەیە."

لە بەشێکی تری وتوێژەکە باس لەوە کراوە کە دیارترین پێشێلکاری ژینگەیی لە نەمامەکانی بناری گۆیژەی پارێزگای سلێمانی کرا کە بەسەدان نەمامی تەمەن 40 ساڵەیان لە پێناو پرۆژەیەکی نیشتەجێبووندا بڕیەوە، ئەوەش بە دیار چاوی بەرپرسانی باڵای یەکێتی نیشتیمانی کە لە دیداری یەکێتیدا سەرۆکەکەیان بڕیاری دا کە تاساڵوەگەڕێکی دی یەکێتی یەک ملیۆن نەمام دەنێژن.
لەو بارەیەوە خالید دەڵێت "بڕینەوەی داری بە تەمەن تاوانێکە دەرهەق بە ژینگەی ئەو شارە و خەڵکەکەی کراوە، ئەوەی کۆمپانیاکەش گوتویەتی لە بری هەر نەمامێکی هەڵکەنراو پەنجا نەمام دەڕوێنێت، ئەوە خۆڵ کردنە چاوی ڕای گشتییە."

please wait

No media source currently available

0:00 0:30:43 0:00

XS
SM
MD
LG