Accessibility links

نیگەرانی ئەمەریکا لە هەڕەشە بەردەوامەکانی تورکیا لە هێزەکانی سوریای دیموکرات


دوو بەرپرسی حکومەتی ئەمەریکا لە میانی گفتوگۆیەکدا لەگەڵ کۆمیتەیەکی ئەنجومەنی سینات سەبارەت بە سوریا ڕایانگەیاند کە لە هەوڵە دیپلۆماسیەکان بەردەوامن بۆ کۆتایی‌هێنان بە هەڕەشەکانی تورکیا بۆ هێرشکردنە سەر ناوچەکانی باکوری رۆژهەڵاتی سوریا.

باڕبڕا لیف، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری خۆڕهەڵاتی نزیک ڕۆژی چوارشەممە بە ئەندامانی کۆمیتەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی سیناتی ڕاگەیاند کە بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوە "بە قووڵی" نیگەرانن لە هەڕەشەکانی تورکیا و هەوڵەکانیان چڕتر کردووەتەوە بۆ ساردکردنەوەی بارگرژەیـیەکان.

باڕبڕا لیف، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری خۆڕهەڵاتی نزیک
باڕبڕا لیف، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری خۆڕهەڵاتی نزیک

باڕبڕا لیف ڕایگەیاند، "حکومەتی تورکیا زۆر باش ئاگاداری بۆچونی ئێمەیە. ئێمە زنجیرەیەک پەیوەندی باڵامان لەگەڵیاندا هەبووە... هەر سەرکێشی و کردەیەکی سەربازی لەو دیوی سنوورەوە بۆ سەر باکوری سوریا یەکەم شت هاوڵاتیان دەخاتە مەترسییەوە؛ دووەم مەترسی گەورە دەخاتە سەر ئەو ئامانجە گرنگەی هاوپەیمانان هەیانە دژ بە داعش؛ وە ئاشکرایە هاوبەشانیشمان دەخاتە مەترسییەوە. بۆیە ئێمە تەواو بەبێ وچان لە هەوڵداین لەگەڵ حکومەتی تورکیا بۆ ئەوەی پاشگەزبێتەوە لەو سەرکێشییە خراپ لەبەرچاوگیراوە. "

لە وەڵامی پرسیاری سیناتۆر جین شەهین لە بارەی ئەوەی کە ئایا فشارەکانی وەزارەتی دەرەوە کاریـگەرییان لەسەر هەڵوێستی تورکیا هەبووە، باڕبڕا لیف وتی "ناتوانم دڵنیایی ئەوەتان پێبدەم کە پاشەکشەدەکەن."

سیناتۆر جین شەهین ڕەخنەی لە تورکیا گرت کە لە ڕابردووشدا نیگەرانییـەکانی ئەمەریکای پشتگوێ خستووە.

ئەو سیناتۆرەی دیموکراتەکان بۆ ویلایەتی نیوهامشەر ڕایگەیاند، "ئێمە نیگەرانیـیەکانی خۆمان دەردەبڕین، بەڵام بەرپرسانی تورکیا لەوەناچێت وەڵامی نیگەرانیـیەکانی ئێمە بدەنەوە هەر تەنیا لەسەر ئەو بابەتە نا بەڵکو لەسەر بابەتەکانی تریش."

توندترین لێدوانەکان دژ بە هەڵوێستی تورکیا لەلایەن سیناتۆر ڤان هاڵنەوە بوون کە داوای لە بەرپرسانی حکومەتی ئەمەریکا کرد "زۆر بە ڕوونی" بە بەرپرسانی تورکیا بڵێن کە هێرشکردنە سەر کوردانی سوریا قبوڵ نەکراوە بۆ ئەمەریکا.
ڤان هاڵن ڕایگەیاند، "وەکو دەزانن تورکیا ئێستا هەڕەشەی ئەوە دەکات کە بە ئەندامبوونی سوید و فینلەند لە ناتۆ ڕابگرێت چونکە ئەو وڵاتانە پشتگیری لە کوردانی سوریا دەکەن. بۆیە من پێموایە کەوا ئێستا کاتیەتی کە بە تورکیا ڕابگەیەنێن ئێرە هێڵی سوورە."

دانا سترۆل، جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری بۆ کاروباری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، لە گفتوگۆکە ئاماژەی بەوەدا کە هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕۆڵێکی سەرەکیان هەیە لە پرۆسەی شکستپێهێنانی چەکدارانی داعش بۆ دووبارە بەهێزبوونەوە لە خۆرهەڵاتی سوریا. ئەو ئاماژەیدا کە هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا پێویستە بەردەوامبن لە پشتگیری هێزەکە بۆ سەقامگیرکردنی ناوچەکە لە ڕێگەی بوژاندنەوەی ئابووری و ڕێگری لە هەڵاتنی زیندانیانی داعش.

دانا سترۆل، جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری بۆ کاروباری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست
دانا سترۆل، جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری بۆ کاروباری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست

دانا سترۆل ڕایگەیاند، "هێزەکانی هەسەدە ئێستا لە ژێر فشارێکی زۆردان چونکە لەناوچەیەک کاردەکەن کە تا ئێستا ئارامی و ئاوەدانی بۆ نەگەڕاوەتەوە دوای شکستی داعش. لە هەمان کاتدا، کێشەی نەبوونی ئاسایشی خۆراک هەیە لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا کە کێشە بۆ خێزانەکان و هاوڵاتیانی ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە دروستدەکات. بێگومان دابینکردنی پێداویستی وەکو داودەرمان زۆر ئاڵۆزە لەو ناوچەیە. ئەوەی کە هێزی ئەمەریکا بە هاوبەشی لەگەڵ هاوپەیمانان دەیکات بریتییە لە دابینکردنی موچە و مەشقپێکردن و کەرەستە تایبەت بە لەناوبردنی داعش و لە هەمان کاتدا پشتگیریکردنی هێشتنەوەی ئەندامانی دەستگیرکراوی داعش لە زیندان بە شێوەیەکی توندوتۆڵ و مرۆڤانە... هێزەکانی هەسەدە دەکەونە ژێر فشارێکی گەورە لە ئەگەری هێرشێکی فراوانی تورکیا بۆ ناو سوریا."

لە چەند هەفتەی ڕابردوودا سەرۆکی کۆماری تورکیا ڕەجەب ئەردۆغان چەندین جار هەڕەشەی دەستپێکردنی کرداری سەربازی نوێی کردووە دژ بە هێزەکانی سوریای دیموکرات لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا و ڕایگەیاندووە کە دەیەوێت "ناوچەیەکی ئارام" بە درێژایی سنووری تورکیا لەگەڵ سوریا دابمەزرێنێت.

بەڵام هەندێک لە چاودێران پێیانوایە کە تورکیا دەیەوێت بارودۆخی نێودەوڵەتی دوای هێرشە داگیرکاریـیەکەی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا بقۆزێتەوە بۆ ئەوەی ناوچە کوردیەکان لە یەکتر داببڕێت و دەستەڵاتی خۆی لە ناوچەکە فراوانتر بکات.

کادار پیرێ، بەڕێوبەری ڕێکخراوی کوردانی بێسنوور، لە پاریس بۆ دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند، "تورکیا لە ئێستادا زیاتر باسی ناوچەی شەهبا دەکات بۆ ئەوەی بڵاو بە ئاوارەکانی عەفرین بکات. بەڵام ئەو ناوچەیە تەنها ئامانجێکی کاتییە بۆ تورکیا بەڵکو ئامانجە ستراتیژیەکەی بریتییە لە درێژکردنەوە دەستەڵاتی بۆ ناوچەی شەنگال لە عێراق."

دەقی دانیشتنەکە:

سیاسەتی ئەمەریکا بەرامبەر سوریا – بەشی یەکەم
please wait

No media source currently available

0:00 0:30:04 0:00

سیاسەتی ئەمەریکا بەرامبەر سوریا - بەشی دووەم
please wait

No media source currently available

0:00 0:30:01 0:00
سیاسەتی ئەمەریکا بەرامبەر سوریا - بەشی سێیەم
please wait

No media source currently available

0:00 0:29:16 0:00
سیاسەتی ئەمەریکا بەرامبەر سوریا - بەشی چوارم
please wait

No media source currently available

0:00 0:29:55 0:00

XS
SM
MD
LG