Accessibility links

لە بەرلین ئۆتۆمبێلێک خۆی دەکات بەنێو خەڵکدا، کەسێک دەکوژێت و هەشت کەسیش برینداردەکات


GERMANY-CRASH/
GERMANY-CRASH/

بەڕێوبەرایەتی ئاگرکوژێنەوەی بەرلین رایگەیاند رۆژی چوارشەممە ئۆتۆمبێلێک لە ناوەڕاستی بەرلین خۆیکردووە بە ناو کۆمەڵێک کەسدا و بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستداوە و هەشتی دیکەش برینداربوون.

وتەبێژی پۆلیس گوتی شۆفێرەکە دوای ئەوەی ئۆتۆمبێلەکەی کردووە بەناو دووکانێکی سەر شەقامی قەرەباڵغی تاونتزینستراس لە شوێنی رووداوەکە دەستگیرکراوە.

پۆلیس دەڵێت تا ئێستا روون نییە ئایا پێکدادانەکە بە ئەنقەست بووە یان نا. لە شوێنی رووداوەکە، دەیان ئەفسەری پۆلیس دەبینرێن.

ڕووداوەکە نزیک گۆڕەپانی بریتشایدپلاتز ڕوویدا، ئەو شوێنەی کە شوێنکەوتوویەکی گروپی تیرۆریستی بەناو دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) ساڵی 2016 بارهەڵگرێکی بەناو بازاڕێکی جەژنی کرسمسدا بەخێرایی لێخوڕی و لە ئەنجامدا 12 کەس گیانیان لەدەستدا.

لەدوای هێرشە کوشندەکەی 2016، ئەڵمانیا چەندین هێرشی لەو جۆرەی بەخۆیەوە بینیوە و زۆربەیان لەلایەن کەسانێکەوە ئەنجامدراون کە کێشەی دەروونییان هەبووە.

لە مانگی یەکی 2020 پیاوێکی ئەڵمانی ئۆتۆمبێلەکەی کرد بە نێو شەقامێکی بازرگانی پیادە لە شاری تریێر لە باشووری رۆژئاوای پایتەخت و بەهۆیەوە چوار کەسی گەورە و منداڵێکی ساوا گیانیان لەدەستدا.

سەرەتای هەمان ساڵ پیاوێکی ئەڵمانی خۆیکرد بەنێو کەرنەڤاڵێکی شارۆچکەی ڤۆڵکمارسندا و دەیان تەماشاکەر کە یەکێکیان منداڵ بوون برینداربوون. ساڵی رابردوو سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێندرا.

XS
SM
MD
LG