Accessibility links

حکومەتی هەرێم دەڵێت چەند ناوچەیەکی کوردستان مەترسی بیابانبوونی لەسەرە


کەمبوونەوەی ڕێژەی ئاو لە هەرێمی کوردستان بەهۆی وشکەساڵی و دروستکردنی بەنداوی زیاتر لە ناو ئێران و تورکیا، کاریگەریـیەکی بەرچاوی هەیە لەسەر کەرتی کشتوکاڵ و ژینگەی هەرێمی کوردستان.

حسێن حەمە کەریم، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت بەم هۆیەوە ئەمساڵیش وەکو ساڵی ڕابردوو بەرهەمی گەنم کەم دەبێت.

"بەرهەمی گەنم ئەمساڵ و ساڵی ڕابردوو بە حوکمی ئەوەی وشکەساڵی بووە، بەرهەم کەمە لە چاو ساڵانی ڕابردوو، ساڵی پار 125,000تۆن تەسلیم بە سایلۆکانی وەزارەتی بازرگانی کراوە، بە نزیکەی 20 بۆ 25 تۆنیش تەسلیمی دوو کۆمپانیای ناوخۆیی کراوە، ئەمساڵ پێشبینی دەکەن لە نێوان 300 بۆ 400 هەزار تۆن بەرهەمی گەنم لە هەرێمی کوردستان هەبێت، بە هۆی بارانی نامسۆگەریش لە هەندێک ناوچەی وەک گەرمیان یان باشوری دەشتی هەولێر بە داخەوە بە نزیکی بەرهەم سفر بووە، بێجگە لەو ناوچانەی ئاودراون، بەڵام بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو بەرهەم کەم بووە، چونکە ساڵ هەبووە زیاتر لە ملیۆنێک بەرهەمی گەنم لە هەرێمی کوردستان بەرهەم هاتووە."

گرفتی کەم ئاوی تەنیا لە ئاوی سەرزەوی نیـیە، بەڵکو ئاوی ژێر زەویشی گرتووەتەوە و تەنانەت وەک باس دەکرێت لە هەندێک ناوچە پێویستە نزیکەی دوو هێندەی جاران زەوی هەڵبکەندرێت هەتا بگەنە ئاوی ژێر زەوی.

"بێگومان بە پێی ناوچەکان بە پێی حەزی ناوچەکان جیاوازی هەیە لە دابەزینی ئاستی ئاوی ژێر زەوی، بەڵام داتایەکی پێویست بۆ دیاری کردنی ڕێژەکەی لەبەردەست نیە، وە بە گشتی ئاوی ژێر زەوی دابەزیوە، بە تایبەت ئەو ناوچانەی نا مسۆگەرن لە ڕووی باران بارینەوە، وەک ناوچەکانی باشوری هەولێر، مەخموور،دیبەگەو گوێر و ناوچەی گەرمیان بەتایبەت کەلار و کفری، هەڕەشەی بە بیابان بوونیان لەسەرە، نەگەشتوینەتە حاڵەتی بە بیابان بوون بەڵام هەڕەشەیان لەسەرە. بێگومان دەبێ کار بکرێت لەسەر ئەوەی چۆن ڕوپۆشی ڕوەکی زیاد بکرێت لەو ناوچانە بە زیاد کردنی دارستان و کشتوکاڵ کردن ئەو هەڕەشەیە کەمتر دەبێتەوە"

کەمی بارانی ئەمساڵ تەنیا هۆکار نیـیە بۆ کەمبوونی ڕێژەی ئاو لە هەرێم، بەڵکو دروستکردنی ژمارەیەکی زۆری بەنداو لە ناو ئێران و تورکیا وایان کردووە ڕێگە لە بڕێکی زۆری ئاو بگیرێت لە ڕووبارەکانەوە بێنە ناو خاکی هەرێمەوە.

سەبارەت بەو ڕێوشوێنانەی حکومەتی هەرێم دەیگرێتەبەر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گرفتی کەمی ئاو و کاریگەریـیەکانی وشکەساڵی، حسێن حەمە کەریم دەڵێت لە هەر پارێزگایەک دەستنیشانکراوە چی بکرێت بۆ گلدانەوەی ئاوی باراناو و هەروەها پرۆژەی ئەو بەنداوانەی لە ساڵی 2014 وە کارکردن تیایاندا وەستابوو، وا ئێستا بوجەی بۆ دابیندەکرێت و کاریان تێدا دەکرێت.

"نزیکەی 19 بەنداو کە لە ساڵانی ڕابردوو بەهۆی شەڕی داعش و دابەزینی نرخی نەوت و قەیرانی دارایی لە هەرێمی کوردستاندا وەستابوون لە ئێستادا حکومەت بوجەی بۆ دابین کردوون و کاریان تێدا دەکرێت بێگومان بەتەواو کردنی هەر بەنداوێک لە ناوچەکەی خۆیدا کاریگەری باشی دەبێت لەسەر ناوچەکەی خۆی کە سودی هەیە بۆ ئاوی ژێر زەوی و بۆ گەشت و گوزار و پەروەردەکردنی سامانی ماسی و زیاد کردنی ڕووبەری ئاوی لە هەرێمی کوردستان کاریگەری گەورەی زۆری دەبێت."

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە ژمارەیەک بەنداوی تریش هەن کە کاریان لەسەر کراوە بە شێوەی هاوبەش لە نێوان کەرتی تایبەت و حکومیـیەوە، وە لە لایەن لیژنەیەکی باڵاوە لە ئەنجومەنی وەزیران لە ژێر "دیراسەدان". دەشڵێت بە تەواوکردن یان دەستپێکردنی ئەو بەنداوانەش کاریگەری باشی دەبێت لەسەر گـلدانەوەی ئاو .

قەیرانی کەمبوونەوەی ڕێژەی ئاو کە ساڵ لە دوای ساڵ ڕوو لە هەڵکشانە، وای لە حکومەت و پەرلەمانی هەرێم کرد تاووتوێی پرۆژە یاسایەک بکات بۆ پاراستن و بەڕێوەبردنی ئاو لە هەرێمی کوردستان.

"بە خۆشحاڵییەوە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا موناقەشەی یاسای پاراستنی ئاو کرا لە هەرێمی کوردستان، کە ئەوە بۆ شاییەکی گەورە بوو، بێگومان وەزارەتمان پێشتریش ڕەشنووسی پێشکەش کردبوو بۆ ئەوەی خاوەنی یاسای پاراستنی ئاوی خۆمان بین. بێگومان ئەو یاسایە نزیکە لە دەرچوونی کە بۆ یەکەمین جارە ببینە خاوەنی یاسای پارستنی ئاو لە هەرێمی کوردستان. ئەوەش کاریگەری باشی دەبێت لەسەر ئەوەی چۆن بە شێوەیەکی سەردەمیانە سێکتەری ئاو بەڕێوە ببەین و ڕێگر بین لە بە هەدەردان و چۆنیەتی گرنگی دان بە ئاو لە هەموو هەرێمی کوردستاندا."

هاوکات جوتیارانیش چاوەڕێی حکومەتی هەرێمن قەرەبووی کەمێک لەو زیانانەیان بکاتەوە کە بەهۆی وشکەساڵیـیەکەوە دووچاری بوون.

"بە نیسبەت ئەو جوتیارانەی زەرەریان لێکەوتووە، بە تایبەت لە ناوچەی گەرمیان و دەشتی هەولێر کە پشتیان بە باران بەستووە و ناوچەی نا مسۆگەرن، ڕاپۆرتی خۆمان پێشکەشکردووە لەسەر ئەو ئەولەویاتانەی پێویستە بیکەین بۆ قەرەبوو کردنەوەیان بەڵام تا ئێستا هیچ بڕیارێک نەدراوە بۆ قەرەبوو کردنەوەی جوتیاران، بەڵام ئێمە کار لەسەر ئەو بابەتە دەکەین."

لە هەمان کاتدا لە بەغدادیش حکومەت و پەرلەمان تاووتوێی پرۆژە یاسایەک دەکەن بۆ ئاسایشی خۆراک کە وەک باسدەکرێت یەکێک لە خاڵەکانی قەرەبووکردنەوەی جوتیارانە لە سەرانسەری عێراق.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، هەرێمی کوردستان خاوەنی شەش ملیۆن و 787 هەزار و 264 دۆنمی شیاوە بۆ کشتوکاڵکردن، ساڵانە بە تێکڕا زیاتر لە 3 ملیۆن دۆنم زەوی بە گەنم و جۆ دادەچێندرێن، بەڵام کەمبوونەوەی بەرهەمەکان بەهۆی وشکەساڵییەوە وایکردووە، جوتیاران ترسیان هەبێت لە داچاندنی زەوییەکان، ئەوەش بە ڕای پسپۆڕان پێویستی بە پلانی تۆکمە هەیە بۆ ئەوەی پشتیوانی جوتیاران بکرێت و ئومێدبڕاو نەبن.

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:31 0:00

XS
SM
MD
LG