کاربەدەستانی تورکیا و چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا ڕایانگەیاند، هێزەکانی ڕووسیا و حکوومەتی سوریا لە باکووری سوریا پاڵپشتی زیاتریان بۆ دابینکراوە لەکاتێکدا تورکیا دەیەوێت بەم نزیکانە هێرش بکاتە سەر شەڕڤانانی کورد و لە ئەنقەرە خۆی بۆ دانوستان لەگەڵ مۆسکۆدا ئامادە دەکات.
سەرۆکی تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان دوو هەفتە لەمەوبەر هۆشداریدا تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی نوێ لە سوریا دەستپێدەکات بۆ درێژکردنەوەی "ناوچەی ئارام" بە قووڵی 30 کیلۆمەتر بە درێژایی سنوری وڵاتەکەی، کە ئامانج لێی کۆنترۆڵکردنی تەل رفعەت و مەنبیج و ناوچەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتە.
ڕووسیا، کە لە کۆتایی هەفتەدا هۆشداری دژی هەڵکشانی سەربازی لە باکووری سوریادا، ڕۆژی چوارشەممە سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوە دەنێرێت تا لە ئەنقەرە دانووستان لەگەڵ بەرپرسانی تورکدا بکات.
هەردوو وڵات پەیوەندییەکی نزیکیان هەیە و ئەنقەرە هەوڵی داوە ناوبژیوانی گفتوگۆکان لەسەر شەڕی ڕووسیا لە ئۆکرانیا بکات، بەڵام ڕەنگە پشتیوانییەکانیان بۆ لایەنە دژبەرەکان لە سوریا پەیوەندییەکانی سەرۆک ڤلادیمێر پوتن لەگەڵ ئەو ئەندامەی ناتۆ بخاتە ژێر تاقیکردنەوە کە سزا بەسەر مۆسکۆدا نەسەپێنێت بەهۆی لەشکرکێشییەکەیەوە.
ئەردۆغانیش گرەوێکی گەورە دەکات. بەبێ ئەوەی لانیکەم ڕەزامەندی بێدەنگ لە ڕووسیا کە هاوپەیمانی بەهێزی سەرۆک بەشار ئەسەد لە ململانێی سوریادا وەربگیرێت، هێرشێکی تورکیا مەترسی هەیە ببێتە هۆی کەوتنەوەی قوربانی زیاتر. ڕووسیا و تورکیا لە خاڵە جیاجیاکانی شەڕی سوریادا زۆرجار بەرژەوەندییەکانیان دژیەک بوون و هەندێک کات ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لە نێوانیاندا ڕوویداوە.
تا ئێستا هیچ ئاماژەیەک نییە تورکیا سەربازی زۆری لە ناوچە سنوورییەکان کۆکردبێتەوە، بەڵام لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا بەگوێرە راپۆرتە میدیاییەکان موشەک و تۆپباران کردن ڕوویانداوە.
تورکیا دەیەوێت هێرش بکات سەر شەرڤانانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)، کە بەشێکی سەرەکی هێزەکانی سوریای دیموکرات(هەسەدە)، کە لەلایەن ئەمەریکاوە پاڵپشتی دەکرێت و بەشێکی زۆری باکووری سوریایان کۆنترۆڵکردووە و لەلایەن واشنتۆنەوە وەک هاوپەیمانێکی گرنگ دژی بەناو دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) سەیر دەکرێن. ئەنقەرە وەک گروپێکی تیرۆریستی و بەشێک لە چەكدارەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەیانبینێت.
وتەبێژی سوپای نیشتیمانی سوریا کە لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێت، گوتی ڕووسیا پێگەکانی لە نزیک تەل رفعات، مەنبەج، باشووری کۆبانی و عەین عیسا بەهێزتر کردووە- هەموو ئەو شارۆچکانە کەمتر لە 40 کم لە سنووری تورکیاوە دوورن.
عەقید یوسف حەمود بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند: "لە دوای رڕگەیاندنی ئۆپەراسیۆنەکە، ڕژێمی سوریا و میلیشیا ئێرانییەکانی کۆبوونەتەوە و هێزی پاڵپشتی بۆ یەپەگە دەنێرن".
ئاماژەی بەوەشکردووە، هەواڵگری ئەوان کۆپتەرەکانی ڕووسیایان بینیبوو کە لە بنکەیەکی ئاسمانی نزیک لە تەل ڕیفعات دەنیشنەوە.
ئاژانسی ئەنادۆڵی سەر بە دەوڵەتی تورکیا ڕۆژی شەممە بە پشت بەستن بە سەرچاوە ناوخۆییەکان ڕایگەیاند، ڕووسیا خۆی لە باکووری سوریا جێگیر دەکات بۆ "چەسپاندنی کۆنترۆڵی خۆی"، گەشتی سیخوڕی ئاسمانی بەسەر تەل ریفعاتدا ئەنجامدەدات و سیستمی بەرگری ئاسمانی پانتسیر- ئێس 1 لە قامیشلی دادەنێت.
مەزلوم عەبدی، فەرماندەی هەسەدە، ڕۆژی یەکشەممە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند، پێویستە دیمەشق سیستمی بەرگری ئاسمانی خۆی دژی فڕۆکەکانی تورکیا بەکاربهێنێت و ئامادەن کار لەگەڵ حکومەتی سوریا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تورکیا بکەن بەڵام گوتی پێویست بە ناردنی هێزی چەکداری زیاتری سوری بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە ناکات.