Accessibility links

نوسەر و وەرگێڕی ناوداری کورد عەزیز گەردی کۆچی دوایی کرد


نوسەر و وەرگێڕی دیاری کورد، عەزیز ئەحمەد عەبدوڵڵا، ناسراو بە عەزیز گەردی لە تەمەنی75 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

دکتور عەزیز گەردی ماوەیەک پێش ئێستا بەهۆی ناجێگیربوونی ڕەوشی تەندروستیەوە لە نەخۆشخانە لە ژێر چاودێریدا بووە و بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە 6-6-2022 لە نەخۆشخانەی ژینی تایبەت کۆچی دواییکردووە.

عەزیز گەردی، لە ساڵی 1947 لە هەولێر ل ەدایکبووە و گەلێک کتێب و بەرهەمی ئەدەبی گرنگی جیهانی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی و لە ڕێگەی بەرهەمەکانییەوە خزمەتێکی گەورەی بە زمانی کوردی کردووە.

مامۆستا گەردی جیا لەوەی کوردیزانێکی بێ وێنە بووە و زمانەکانی کورمانجی سەروو، کورمانجی خوار و هەورامیشی زانیوە، چوار زمانیشی زانیووە.

خوالێخۆشبوو بەشی زمانی فەرەنسی لە زانکۆی موسڵ تەواو کردبوو، هەروەها زمانەکانی ئینگلیزی، عەرەبی و فارسیشی بەباشی زانیووە.

ئەو لە ژیانیدا هاوسەرگیری نەکردوە و بە گوێرەی قسەی نزیکەکانی هەموو ژیانی تەرخان کردووە بۆ نووسین و وەرگێڕان بۆ سەر زمانی کوردی و یەکەم بەرهەمیشی بە ناوی ڕەوانبێژی لە نێوان ساڵەکانی 1968 بۆ 69 بڵاو کردۆتەوە.

مامۆستا گەردی دوو دکتۆرای لە بواری زمان و ئەدەبی کوردیدا هەبووە و نزیکەی130 بەرهەمی چاپکراو و حەفتا بەرهەمی چاپ نەکراوی هەیە.

ناوبراو لە نێو خەڵکدا بە کەسێکی گۆشەگیر ناسرابوو کە حەزی لە سەرنج پێدان نەبووە، بە شێوەیەک کە چەند جارێک داواکارییەکانی بۆ ڕێزلێنان ڕەتکردوەتەوە و لە وەڵامدا گوتوێتی من تەنیا بۆ دڵی خۆم و بەبێ بەرامبەر و چاوەڕوانی خزمەتی ئەدەب و زمانی کوردیم کردووە.

وەرگێڕانی بە ناوبانگی داغستانی من لە نوسینی ڕەسوڵ حەمزەتۆڤ یەکێک لە شاکارە وەرگێڕانەکانی عەزیز گەردیە کە لە ساڵی 1979 بڵاوکرایەوە و لەو ڕێگایەوە خوێنەرانی کوردی بەو نوسەر و شاعیرەی یەکێتی سۆڤیەت ناساند.

ئەدەب و ڕەخنە، سەروا، ڕەوانبێژی لە ئەدەبی کوردیدا، ، ئەدەبی بێگانە، پیاوێک، کێشی شیعری کلاسیکی کوردی و گەلێک بەرهەمی دیکە لە نووسینی نووسەری بە توانای کورد، دکتۆر عەزیز گەردیە.

XS
SM
MD
LG