Accessibility links

چالاکەوانێکی پارتێکی کوردی ئێران لە هەوڵێكی تیرۆریستی لە هەولێر ڕزگاری بوو


سكرتێری گشتی سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران ئاشكرا دەكات لە هەولێر بە بۆمبی چێندراو هەوڵی تیرۆركردنی ئەندامێكی ئەو حزبەیان دراوە و بە گوێرەی زانیاریەكانیش ئەو كەسە بریندار بووە.

بابە شێخ حوسێنی سكرتێری گشتی سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند" بە داخەوە هەوڵێكی تیرۆریستی بۆ تیرۆری یەكێك لە ئەندامانی سازمانی خەبات لە شاری هەولێر هەبووە، لە رێگەی بۆمبی چێندراوە كە بە ئۆتۆمبێلەكەیەوە لكێنراوە تەقێندراوەتەوە و تا ئێستاش مەعلوم نییە ئەو بۆمبە لە ڕێگەی دوورەوە كۆنتڕۆڵكراوە یاخود ڕاست بەشێوەی سەعاتی ئەمەیان دوایی دەردەكەوێت بەڵام ئەوەندە دیارە بۆمب بووە و بە ئۆتۆمبێلەكەیەوە لكێنراوە و تەقێنراوەتەوە و ئێستاش ئەو ئەندام و لایەنگرەی سازمانی خەبات لە ژێر چاودێری پزیشكیدایە و بەپێی زانیاریەكان ئێستا گیانی ئەو ئەندامە لە مەترسیدا نییە و دەزگا ئەمنیەكانی هەرێمی كوردستان لەهەوڵی چڕ و جدیدان كە سەرچاوە و سەرەداوێكیان دەست كەوێت".

لە لایەكی ترەوە بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیجی دژەتیرۆری کوردستان، پێش نیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە، لە ئاکامی تەقینەوەی بۆمبێکی لکێندراو بە ئۆتۆمبێلێکی جۆری هیوندای تۆکسۆن لە گەڕەکی سێتاقانی شاری هەولێر لە نزیک بارەگای حیزبی سازمانی خەباتی ئێران، کەسێک بریندار بوو.

سەبارەت بەوەی كەوا بۆچی ئەو ئەندامەی سازمانی خەبات لە هەولێر كراوەتە ئامانج ؟ لەوبارەیەوە بابەشێخ حوسێنی دەڵێت" لایەنگرێكی چالاك بوو و كەسوكاریشی بەدەست ڕژێم شەهید بوونە و كەسێك بووە موخالیفی ڕژێم بووە و هەمیشە هەڕەشەی لەسەر بووە، ناوی ئەكبەر سەنجابیە خەڵكی ناوچەی كرماشانە و زیاتر لە 12 ساڵە لەگەڵ سازمانی خەباتە و ماڵەكەیشی لە هەولێرە."

زانیارییەکانی پەیجی دژە تیرۆری كوردستان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە بریندارەکە شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە بووە و ناوی ئەکبەر سەفەر ئەڵماسە و خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە و، لەدایکبووی 1973یە و ئەندامی حزبی سازمانی خەباتی ئێرانە. هاوکات لێکۆڵینەوەکانی دەزگا ئەمنییەکان لەو بارەوە بەردەوامە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:28 0:00

XS
SM
MD
LG