Accessibility links

ڕووسیا داخستنی ئاسمانی سێ وڵاتی ئەوروپی بە ڕووی وەزیرێکیدا بە "دوژمنکارانە" ناودەبات


دوای ئەوەی سێ وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا ڕەتیانکردەوە ڕێگە بدەن فڕۆکەی وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ، بە ئاسمانی وڵاتەکانیاندا بۆ سڕبیا گەشت بکات، ڕۆژی دووشەممە ڕووسیا ئەو هەنگاوەی بە "کردارێکی دوژمنکارانە" لە قەڵەمدا.

وڵاتانی دراوسێی سربیا، بولگاریا، مەکدۆنیای باکوور و مۆنتینیگرۆ ئاسمانی خۆیان بە ڕووی فڕۆکەیەکی فەرمیدا داخست کە دەبوو ڕۆژی دووشەممە باڵاترین دیپلۆماتکاری مۆسکۆی بۆ بەڵگرادی پایتەختی سربیا بگوازێتەوە.

دیمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی کرێملن (سەرۆکایەتی ڕووسیا) بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، ئەم جۆرە کارانە دەکرێت کێشە لە دانانی خشتەی کۆبوونەوە دیپلۆماسییەکانی ئاستی باڵادا دروست بکات، بەڵام ڕێگر نابن لە بەردەم مۆسکۆدا لە بەردەوامیدان بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دۆستیدا.

داخستنی ئاسمانی ئەو سێ وڵاتە بە ڕووی فڕۆکەیەکی حکومەتی ڕووسیادا دوای ئەوە دێت کە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریکا سزای ئابووری توندیان خستۆتە سەر زۆربەی کەرتەکانی ئابوری و سەربازی ڕووسیا بەهۆی هێرشی سەربازی ڕووسیاوە بۆ سەڕ ئۆکرانیا. ئەو سزا ئابوورییانە دەیان کۆمپانیای مەزنی ڕۆژئاوایی ناچارکردووە نوسینگەکانیان لە ڕووسیا دابخەن.

ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا بەردەوامن لە دابینکردنی چەک بۆ ئۆکرانیا تا بتوانیت دژی هێزەکانی ڕووسیا بەرگری لە خۆیان بکەن. کۆنگرێسی ئەمەریکا بڕی زیاتر لە چل ملیار دۆلار کۆمەکی مرۆیی و سەربازی بۆ ئۆکرانیا پەسەند کردووە.

XS
SM
MD
LG