ناكوكی و مشتومڕی لایەنە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە كورسی پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان بەردەوامی هەیە، ئەندامێكی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستانی عێراق لە پێكهاتەكان ڕایدەگەیەنێت زۆر لایەنی سیاسی هەن كە لەگەڵ پێكهاتەكاندا نین و دژایەتی پێكهاتەكان دەكەن.
وەحیدا یاقو هورمز ئەندامی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستانی عێراق لە سەر لیستی گردبوونەوەی كلدانی سریانی ئاشوری بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند" یاسایەكمان هەیە هەر لە پەرلەمانی كوردستان دەرچووە، وهەمواریش كراوەتەوە كە باس لە پاراستنی مافی پێكهاتەكان دەكات، و هەروەها لە ڕەشنووسی دەستوری هەرێمی كوردستانیشدا پشتیوانی لە مافی پێكهاتەكان كراوە، داوا لە لایەنە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان دەكەین كە هاوكاری و پشتیوانی لە پێكهاتەكان بكەن نەك دژایەتی و كەمكردنەوەی ژمارەی كرسی پێكهاتەكان".
سەبارەت بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان لە یەك بازنەییەوە بۆ چوار بازنەیی و دابەشبوونی كورسی پێكهاتەكان بەسەر هەر چوار بازنەی هەڵبژاردن كە وەك هەندێك لایەنی سیاسی و پەرلەمانتاران داوای دەكەن، وەحیدا یاقو هورمز ئاشكرا دەكات لە بەرژەوەندی پێكهاتەكاندا نییە كە بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردندا دابەش بكرێن چونكە پێكهاتەكان لە هەموو پارێزگاكانی هەرێمی كوردستاندا نین. و ڕاشیگەیاند" ئێمە قەبوڵی ناكەین و رەتی دەكەینەوە و پێویستە بە یەك بازنەیی بێت، بەپێی یاسای ژمارە 5ی ساڵی 2015 مافی پێكهاتەكان هەموو لەو شوێنانە دەدرێت كە پێكهاتەی لێ نیشتەجێن، واتا دهۆك و هەولێر زیاتر پێكهاتەی هەیە".
لەكۆتایی لێدوانەكەیدا بۆ دەنگی ئەمەریكا وەحیدا یاقو هورمز ئەندامی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستانی عێراق لەسەر لیستی گردبوونەوەی كلدانی سریانی ئاشوری ئاشكرای دەكات كە لایەنی سیاسی پێكهاتەكانیش جیایە سێ- چوار لایەنی سیاسی هەر لەنێو پێكهاتەكاندا هەن. گووتیشی" هەر لایەنێكی سیاسی كە مافی ئێمە دەپارێزێت بەدڵنیاییەوە هەماهەنگیمان لەگەڵ ئەوان هەیە، ئەگەر لایەنێكی سیاسی مافی ئێمە نەپارێزێت و دژایەتیمان بكات بەدڵنیاییەوە ناتوانین مامەڵەيان لەگەڵدا بكەین، و ئەو لایەنە سیاسیەی كە قبوڵی پێكهاتەكان دەكات لەگەڵ ئەوان دەبین، پێكهاتەكانیش هاوڵاتی ڕەسەنی ئەم وڵاتەن".
جێی باسە لەكۆی 111 كورسی پەرلەمانی كوردستانی عێراق 11 كورسی بۆ پێكهاتەكان دانراون ، بەڵام بەشێك لە چاودێران و لایەنە سیاسیەكان تێبینی و ڕەخنەیان لەسەر ژمارە و شێوازی دابەشبوونیان بەسەر پارێزگاكان و هەڵویستی نوێنەرانی ئەو پێكهاتانەدا هەیە و تا ئێستا ئەو پرسەیە چارەسەرنەكراوە.