Accessibility links

هێرشی تورکیا لە سنوری هەرێم بەردەوامە و ئامادەکاریش بەرەو سوریا دەکات


لەکاتێکدا شەڕی نێوان تورکیا و هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لەناوچە سنوریەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە، تورکیا ئامادەکاری دەکات بۆ هێرشکردنە سەر ناوچە سنوریەکانی کوردستانی سوریاش کە لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکراتدان.

ئامادەکاری تورکیا بۆ هێرشکردنە سەر ناوچە سنوریەکانی کوردستانی سوریا بەبیانووی دروستکردنی ناوچەی "ئارام" لەکاتێکدایە، شەڕێکی قورس لەناوچە سنوریەکانی هەرێمی کوردستان لەنێوان گەریلاکانی پەکەکە و هێزەکانی تورکیا لەناوچە سنوریەکانی هەرێمی کوردستانیش لە ئارادایە.

تورکیا دەیەوێت بەبیانووی ناوچەی"ئارام" نزیکەی 500 هەزار کەس لەناوچە سنوریەکانی سوریا نیشتەجێ بکات، کە زۆرینەیان عەرەبە سوریەکانی لایەنگری وڵاتەکەین، بەڵام مەترسی چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار کەدەنگی ئەمەریکا قسەی لەگەڵ کردن لەوەدابوو، ئەو ناوچە سنوریانە شوێنی ژیان و کەسابەت نین، بۆیە گومانیان لەچەکدارکردنیان و بەکارهێنانیان بوو بۆ شەڕ و ئاڵۆزکردنی دۆخی ئەو ناوچانە.

دکتۆر سەردار عەزیزی لێکۆڵەری نێودەوڵەتی پێیوایە، تورکیا ئامانجی زۆرە لەدروستکردنی ناوچەی "ئارام" یاخود"ئەمنی"، دەیەوێت لەو ڕێگەیەوە ڕۆژاڤاو باشور لەیەکتری دابڕێت و خەڵکی تر بهێنێتە ناوچەکە و پشتێنەیەک دروست بکات، هەروەها دەیەوێت بچێتە نێو سوریا تا ڕێگری بکات لەگەشەکردنی ڕۆژاڤا و ڕۆڵی هەبێت لەبڕیاردان لەچارەنوسی ڕۆژاڤادا، وتی"تورکیا لە ئێستادا دۆسیەی ڕۆژاڤا وەکو کارتێکیش بەرامبەر سوید و فینلنەداش بەکاردەهێنێت، بەردەوامیش ئەم کارەی کردووە، تورکیا دەیەوێت کارتی کورد بەکاربهێنێت و ناسەقامگیری دروست بکات، تا ئەمەریکا لەسەر مێزی دانوستان ئابڵوقەی چەکی لەسەر لاببات."

دکتۆر سەردار عەزیز ڕوونیشیکردەوە، تورکیا لەسەردەمی ئەردۆغاندا وا خۆی دەبینێت، وڵاتێکی هەرێمی یە و دەتوانێت فشار بخاتە سەر ڕوسیاو ئەمەریکا و ئەوروپا و بەرژەوەندیەکانی بەدیبهێنێت، وتی"پرسی کوردیش بۆ تورکیا هەمیشە پرسێکی فرە ڕەهەند بووە، چۆن لەناوخۆ بەکاری دەهێنێت، چۆن تورکە فاشیستەکانی پێ ڕازی بکرێت، بەتایبەت لە ئێستادا ڕێژەی هەڵاوسان لە تورکیا گەیشتووەتە ئاستێکی بەرز، بەشێوەیەک زۆرینەی تورک کێشەی بەدەستهێنانی خۆراکی سەرەکی یان هەیە، ئەمانە پاشخانی جوڵەکانی تورکیان."

ئامادەکاری تورکیا بۆ جوڵەپێکردنی هێز بە ئاراستەی سنورەکانی سوریا لەکاتێکدایە، بەپێی بەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، شەڕێکی قورس لەناوچە سنوریەکانی هەرێمی کوردستان لەنێوان تورکیا و پەکەکە لە ئارادایە.

بەپێی وتەی ئەو سەرچاوانەی دەنگی ئەمەریکا قسەی لەگەڵ کردوون، هەموو ڕۆژێک شەڕی قورس بەردەوامە، تورکیا لەهەندێک ناوچە پێشڕەویکردووە و پارسەنگی هێز نابەرامبەرە، بەڵام لەهەندێک ناوچەی تر پێشڕەوی ئەوتۆ نەکراوە.

سەبارەت بە ئامانجی تورکیا لە هێرشکردنە سەر ناوچە سنوریەکانی هەرێمی کوردستان، دکتۆر سەردار عەزیزی لێکۆڵەری نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەکرد، تورکیا شەڕی پەکەکە بۆ فراوانخوازی زیاتر بەکاردەهێنێت، تا دەستی بگاتە ناوچە سونی و تورکمانیەکانی عێراق و هێزی سەربەخۆی هەبێت، لەو ڕێگەیەشەوە کاریگەری هەبێت لەسەر دروستکردنی ئاراستەی سیاسەتی عێراق، وتی"سەفارەتی تورکیا لەعێراق لەجاران چالاکترە، تورکیا وایدەبینێت، دەتوانێت بۆشایی ئەمەریکا پڕبکاتەوە، ئینجا پرسی کورد بۆ تورکیا پرسێکە لەدەرەوەی حیزب، هەموو حیزبە تورکیەکان هاوڕان لەسەر ئەوەی نابێت کورد بوونی سیاسی هەبێت."

سەرباری ناڕەزایەتیەکانی عێراق و سوریا و تەنانەت بەشێکی زۆر لە وڵاتانی نێودەوڵەتی و هەرێمیش، بەڵام تورکیا بەردەوامە لە هێرش و ئامادەکاریەکانی بۆ هێرش بە ئاراستەی عێراق و سوریا و چاوەڕوان ناکرێت دەست لە پلانە سەربازیەکانی هەڵبگرێت.

please wait

No media source currently available

0:00 0:09:06 0:00

XS
SM
MD
LG