Accessibility links

سەرۆکی باڵای هێزە لەشکرییەکانی ئەمەریکا: پەیوەستبوونی فینلاند و سوید بە ناتۆوە ڕووسیا دەخاتە پێگەیەکی سەربازی سەختەوە


مارک میلی سەرۆکی باڵای هێزە لەشکرییەکانی ئەمەریکا لە سەردانێکیدا بۆ ستۆکهۆڵم پێش مانۆڕە سەربازیەکە ڕایگەیاند "پەیوەستبوونی فینلاند و سوید بە ناتۆوە؛ ڕووسیا دەخاتە پێگەیەکی سەربازی سەختەوە لە دەریای باڵتیکدا."

هەردوو دراوسێ باکوریەکە کە هەردووکیان سنوورێکی دوور و درێژیان لەسەر دەریای باڵتیک هەیە، مانگی ڕابردوو داوای ئەندامیەتیان بەو هاوپەیمانییە سەربازییەوە کردووە، ئەمەش لە کاتێکدایە نیگەرانی ئاسایشی لە ئارادایە، دوای ئەوەی ڕووسیا لە مانگی 2 دا هێرشە داگیرکارییەکانی بۆ سەر ئۆکرانیا دەستپێکرد، هەرچەندە ئەم داوایەی سوید و فینلاند بۆئەوەی ببنە ئەندامی ناتۆ ناڕەزایەتی تورکیای لێکەوتۆتەوە.

پەیوەستبوونیان بەو مانایە دەبێت کە کەنارەکانی دەریای باڵتیک، جگە لە هێڵێکی نزیک لە دەوری شارەکانی کالینینگراد و سانت پترسبۆرگی ڕووسیاوە، هاوکات سنوریان لەلایەن ئەندامانی ناتۆوە دەورە دەدرێت.

مارک میلی سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمەریکا ڕایگەیاند "کەواتە لە ڕوانگەی ڕووسیەوە زۆر کێشەی دەبێت بۆ ئەوان، لە ڕووی سەربازییەوە زۆر بەسوود دەبێت بۆ ناتۆ."
میلی ئاماژەشی بەوە کرد کە "دەریای باڵتیک لە ڕووی ستراتیژییەوە زۆر گرنگە، یەکێکە لە ڕێڕەوی دەریاییە گەورەکانی جیهان."

ناوبراو له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانی هاوبه‌شدا له‌گه‌ڵ هاوتا سویدییه‌كه‌ی و سه‌رۆك وه‌زیرانی سوید و وه‌زیری به‌رگری سوید پێش مانۆڕێكی ساڵانه‌ی ناتۆ له‌ ده‌ریای باڵتیك كه‌ سوید و فینله‌ندا به‌شداری تێدا ده‌كه‌ن ئەو لێدوانانەیدا.

هاوکات هیوای خواست سوید و فینلاند ببن بە ئەندامی ناتۆ، شەڕی ئۆکرانیا بووە هۆی بەرفراوانبوونی هاوپەیمانێتی ناتۆ لەسەر سنوورەکانی ڕووسیا کە لەشکرکێشییەکەی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتن هەوڵێک بوو بۆ ڕێگریکردن لەو بەرفراوانبوونە.

پوتن مانگی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو کە هیچ مەترسییەک لەسەر ڕووسیا نییە ئەگەر سوید و فینلاند بچنە ناو ناتۆوە، هەرچەندە هۆشداریدا لەوەی کە مۆسکۆ وەڵام دەداتەوە ئەگەر هاوپەیمانییەکە بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا ژێرخانی سەربازی ئەندامە نوێیەکانی باکوور بەهێز بکات.

ماگدالینا ئەندەرسۆن سەرۆک وەزیرانی سوید سەردانە سەربازییەکەی ئەمەریکای بە نمایشێکی کۆنکرێتی ئەو دڵنیاییانە وەسف کرد کە سەرۆک جۆو بایدن بە ساولی نینیستۆ سەرۆکی فینلاندای داوە کاتێک لە مانگی 5 دا سەردانی واشنتنی کردووە.

هەروەها دەشڵێت "ئەمە ئاماژەیەکی بەهێزە بۆ جیهان. هەروەها ئەوە نیشان دەدات کە ئەو دڵنیاییە ئاسایشیانەی کە سەرۆک بایدن زۆر ڕاشکاوانە باسی لێوە دەکرد لە کۆشکی سپی، لە ڕاستیدا بە کردەوەش بە تەواوەتی پەیڕەو دەکرێت."

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG