Accessibility links

ماکرۆن: نابێت ڕووسیا بە ڕادەیەکی زۆر شەرمەزار بکرێت سەرەڕای هەڵە مێژووییەکەی پوتن


سەرۆکی فەرەنسا ئیمانوێل ماکرۆن دەڵێت زۆر گرنگە ڕووسیا بە ڕادەیەکی زۆر شەرمەزار نەکرێت بۆئەوەی بتوانرێت شەڕ لە ئۆکرانیا ڕابگیرێت و چارەسەرێکی دیپلۆماسی بدۆزرێتەوە، ئەو پێیوایە پاریس ڕۆڵی نێوەندگیری دەگێڕێت بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکان.

ماکرۆن لە دوای لەشکرکێشی مۆسکۆ بۆ سەر ئۆکرانیا لە مانگی 2 ی ئەمساڵەوە هەوڵی داوە گفتوگۆکانی بەردەوام بێت لەگەڵ ڤلادیمێر پوتنی سەرۆکی رووسیا. هەڵوێستی ناوبراو چەندین جار لەلایەن هەندێک لە هاوبەشەکانی ڕۆژهەڵات و باڵتیک لە ئەوروپا ڕەخنەی لێگیراوە، چونکە بە تێکدانی هەوڵەکان بۆ فشارخستنە سەر پوتن بۆ سەر مێزی دانوستانەکانی دەزانن.

ماکرۆن لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامە خۆجێیەکاندا کە ڕۆژی شەممە بڵاوکراوەتەوە دەڵێت "نابێت ڕووسیا بە ڕادەیەکی زۆر شەرمەزار بکەین بۆئەوەی ڕۆژێک لە ڕۆژان شەڕەکە ڕابگیرێت و بتوانین بە ڕێڕەوێکی دیپلۆماسی لێی دەرچین." دەشڵێت "من باوەڕم بەوە هەیە کە فەرەنسا دەتوانێت ببێتە هێزێکی نێوەندگیری."

ماکرۆن لە دوای لەشکرکێشییەکەوە بەردەوام لەگەڵ پوتن قسەی کردووە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ گەیشتن بە ئاگربەست و دەستپێکردنی دانوستانێکی باوەڕپێکراو لە نێوان کیێڤ و مۆسکۆدا.

ماکرۆن گوتیشی "من پێموایە و پێمگوت کە هەڵەیەکی مێژوویی و بنەڕەتی بۆ گەلەکەی و بۆ خۆی و بۆ مێژوو دەکات."

فەرەنسا لە ڕووی سەربازی و داراییەوە پشتیوانی لە ئۆکرانیا کردووە، بەڵام تا ئێستا ماکرۆن وەک سەرکردەکانی دیکەی یەکێتی ئەوروپا نەچووەتە کیێڤ بۆ ئەوەی پشتیوانی سیاسی ڕەمزی پێشکەش بکات، ئەمەش شتێکە ئۆکرانیا ویستویەتی بیکات. ماکرۆن ئاماژەی بەوەشکردووە، ڕەتی نەکردووەتەوە سەردان بکات.

پاریس چەکی هێرشبەرانە بۆ ئۆکرانیا دەنێرێت لە نێویاندا تۆپخانەی هاوتزەری کەیزەر کە لە کۆگاکانی سوپای فەرەنسا وەرگیراوە. ماکرۆن ئاماژەی بەوە کردووە، داوای لە بەرهەمهێنەرانی چەک کردووە کە بەرهەمهێنانی چەک خێراتر بکەن.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG