Accessibility links

هەلەو واشنتن: دەسەڵاتە کوردییەکەی سوریا لە بەردەم بەرداشی بەرژەوەندی زل هێزاندا


سوریا

تا دێت ئەگەری کردەیەکی سەربازی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا لە لایەن تورکیاوە بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دیموکرات نزیک دەبێتەوە.

ئەگەر هەیە جارێکی تر هاوشێوەی ڕابردوو، ئەو ناوچە سنوریانەی نێوان سوریا و تورکیا تووشی شەڕ و نائارامی ببێتەوە. لەو دەمەی تورکیا ڕاگەیاندووە کە بە نیازە پشتێنەیەکی ئەمنی لەو ناوچەیە دروست بکات و بێتە نێو قوڵایی خاکی سوریاوە.

سەرکردەی هێزەکانی سوریای دیموکراتیش مەزڵوم کۆبانی سەبارەت بە مەترسیەکانی ئەو لەشکرکێشیە لە تویتێکدا ڕایگەیاندووە کە کێشەی مرۆیی و ئاوارەبوون و نا ئارامی دروست دەکات، هەروەها کاریش دەکاتە سەر ئۆپەراسیۆنەکانیان دژی داعش و پاشماوەکانیان لە ناوچەکە.

لەم بەرنامەیەی هەلەو واشنتن لەگەڵ هەریەک لە ڕۆژنامەوانان سەرتیب جەوهەر و ئاسۆ عەبدولەتیف تاووتوێی ئەو مژارە سیاسیە دەکەین.

بڕیاری ئەم هێرشە نوێیەی تورکیا لە کاتێکدایە، دۆخی تورکیا لە نێوخۆدا تا دێت بەرەو خراپی دەڕوات لە ڕووی دابەزینی بەهای لیرەی تورکی، هەروەها بێ کاری و خراپ بوونی ڕەوشی ئابوری، ئەوە جگە لە پشێویە سیاسیەکان و کاریگەریەکانی جەنگی ئۆکرانیا و ڕووسیا لەسەر کۆی بڕیارە سیاسیەکانی تورکیا وەک هێزیکی سەرەکی لە ناتۆ. سەرەڕای ئەوە، دەنگۆی ئەو شەڕە نوێیە تا دیت نزیک تر دەبێتەوە و خۆکۆکردنەوەی سوپای تورکیا لەو سنورانە و ڕاگەیاندنەکانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، ئەوەمان پێ دەڵێن کە تورکیا بڕیاری ئەو هێرشانەی داوە.

سەرتیپ جەوهەر
سەرتیپ جەوهەر

لەگەڵ کۆکردنەوەی هێزی تورکیا لەو سنورانە و هاوشانی شاری قامیشلۆ، هێزەکانی سوریای دیموکراتیش کەوتوونەتە دروستکردنی فشاری سیاسی و لە ڕووی سەربازیشەوە خۆ توند کردنەوە و بە پێی لێدوانی بەرپرسەکانیشیان بڕیاری پارێزگاریکردن لە ناوچەکەیان ڕاگەیاندووە. سەرکردەکانیشیان بەو ئاڕاستەیە لێدوان دەدەن کە بەرپرسیارێتی ڕاگرتنی ئەو کردە سەربازیە زیاتر لە ئەستۆی ئەمەریکادایە و هێرشەکەش کاریگەری بۆ سەر شەڕی داعش لە ناوچەکەدا دەبێت.

جێی ئاماژە پێدانە، شەڕی چەند ساڵەی سوریا و دەرئەنجامەکانی، ناوچەکەی خستۆتە بەردەم ململانێی هێزە جیهانی و هەرێمیەکان. لەو نێوەندەشدا، گەلانی سوریا بە گشتی قوربانی سەرەکین و گەلی کوردیش لە ڕۆژئاوا بە تایبەتی. وەک سەرتیپ جەوهەریش لە بەرنامەکەی هەلەو واشنتندا ئاماژەی پێ دەکات، "کورد لە سوریا و گەلانی سوریاش قوربانی دەستی ململانێی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتین، ململانێیەکی توند لە 2012 ەوە دەستی پێ کردووە لە نێوان ڕووسیا و ئەمەریکا. هەرجارە و دانوستان دێتە پێشو سەودا بە خاکی کوردەوە دەکرێت و پارچەیەک لە خاکی سوریا دەدەن بە تورکیا. ببینە لە 2018 دا تورکیا بە رێکەوتن لەگەڵ ڕووسیا عەفرینی داگیرکرد، لە 2019 بە رێکەوتن لەگەڵ ئەمەریکا جاريکی تر خاکی کوردیان داگیر کرد و بەقوڵایی 35 کیلۆمەترهاتنە ناوەوە."

لەسەردەمی بەڕێوەبەرایەتی ترامپ بوو کە گڵۆپی سەوز بۆ تورکیا داگیرسا و لە ناوچەکانی گرێ سپی و سەرێ کانی و دروست بوونی شەڕ و پێکدادان لەو ناوچەیەی ژێر دەسەڵاتە کوردیەکە، کە تاوەکو ئێستاش ئەمەریکا بە تاکە هاوپەیمانی خۆی ناو دەبات لە ناوچەکە و بەردەوام ئەمەریکا، ئەرکی پڕچەک کردن و مەشقی هێزەکانی سوریای دیموکراتی لە ئەستۆ گرتووە لە دژی چەکدارەکانی داعش لە ناوچەکە.

با بزانین لەسەردەمی بایدندا هەمان سیناریۆی سەردەمی ترامپ دووبارە دەبێتەوە.؟ لەو بارەیەوە ئاسۆ دەڵێت "گوتاری سەردەمی ترامپ بۆ ڕۆژئاوای کوردستان جیاواز تر بوو لە چاو وتاری بایدن بۆ هەمان مەبەست. جۆو بایدن دەیەوێت بە شێوەیەکی دامەزراو تر و بە بەرنامە ڕێژی مامەڵە لەگەڵ کەیسی سوریادا بکات. تورکیا لە لایەک وەک دۆستی ڕووسیا دەردەکەوێت، هەر بۆیە، تاوەکو ئێستا لە شەری ئۆکرانیا خۆی بە دوور گرتووە، تەنانەت وەک ئەندامی ناتۆ پێچەوانی هاوتا ئەوروپیەکانی بڕیاری داوە. لەو بارەیەشەوە هیچ هەڵوێستێکی ڕوون و ئاشکرای نەبووە. بەردەوامی شەڕی ئۆکرانیا ڕووسیا، تووشی ئیحراجی زیاتری دەکات و بۆ ئەمەریکاش ڕوونتر دەستەکانی ئاوەڵا دەبن."

ئاسۆ عەبدول لەتیف
ئاسۆ عەبدول لەتیف

بە پێی هەندێک لە زانیاریەکان، لە ئێستاداهێزی ڕووسیا، سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات لە قامیشلۆ پێکەوە چاودێری ڕەوشی سنورەکە دەکەن. لەو بارەیەوە سەرتیپ دەڵێت "کورد لە ناوچەکە گەورەترین گرفتی هەیە، لە لایەک تورکیا دژایەتی دەکات، لە لایەکیش ڕووسیا لە میدیاکانەوە پشتگیری کورد دەکا و لە ڕووی کردەییشەوە زۆر جار دژی کورد هەڵوێستی دەربڕیوە.

ئەمەریکاش ئەجێندای بۆ ئەو ناوچانە ڕوون نییە. ئایا مامەڵەی ئەمەریکا لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات تەنها لە ڕووی سەربازی و هەواڵگیریەوەیە، یاخود مامەڵەی سیاسیشی لەگەڵدا دەکات. هەرکەس سوریای لەو دۆخیەی ئێستادا نەبینی بێت زەحمەتە بتوانێت، ئەوە بخاتە بەرچاوی خۆی، سەرەڕای ناکۆکیەکان لە نێوان ئەو هەموو هێزە جیاوازانە، زۆر جار ڕووسیا، ئەمەریکا و کورد لە گروپێکدا ئەرکی سەربازیان جێبەجێ کردووە، ئەوەی لە قامیشلۆش بینراوە تا ڕادەیەکی زۆر شتێکی ئاساییە و پەیەدەش هەوڵی خۆی دەدات.
جگە لەوەش ئەو جۆرە ڕێکەوتنانە و کاری هاوبەش هەر هەبووە و ئێستا گەرموگوڕتر کراوەتەوە. ڕووسیا و ئەمریکا لە سوریا ئاسمان و سەر زەویشیان لە نێوانی خۆیاندا دابەش کردووە، هەر ڕێکەوتنێکی سەربازیش لەو ناوچانە بە بێ ڕەزامەندی ئەوان جێبەجێ نابێت."

زۆرێک لە شیکەرەوان ئاماژە بەوە دەکەن لەگەڵ خراپ بوونی ڕەوشی نێوخۆی تورکیا و دروست بوونی فشار بۆ سەر دەسەڵاتی سیاسی، شەڕی سنورەکان وەک دەریچەیەکی سیاسی بۆ ئەردۆغان دەبینرێت، بە تایبەتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا نزیک دەبێتەوە و ئەردۆگانیش بە نیازی گەڕێکی تری سەرۆکایەتیە.

هەرچەندە لە نێو خۆی حیزبەکەیدا چەندین دابڕانی سیاسی تێدا ڕوویداوە و ڕەنگە دروست بوونی ئەو بەرەیەی ئۆپۆزسیۆن کە لە 6 پارتی سەرەکی پێکهاتووە، ڕەنگە جێگە بە پێگەی سیاسی پارتەکەی ئەردۆغان لەق بکات، وەک ئاسۆ ئاماژەی بۆ دەکات، سەرەڕای ئەوان، فرسەت لەبار دەبێت، ڕەنگە هەدەپە بتوانێت ئەنجامێکی باش بەدەست بهێنێت.

لەو بارەیەوە ئاسۆ دەڵێت "ناشاردرێتەوە تورکیا کۆمەڵێک قەیرانی کۆمەڵایەتی و ئابوری و سیاسی و ئایدۆلۆژیای هەن، تەنانەت لە ناو پارتی داد و گەشە پێدانیش، چەندین جیابوونەوە ڕوویدا لە لایەن سەرکردە دیارەکانیەوە هاوشێوەی داود ئۆگلۆ. بەڵام هەموو هێرشەکانی بۆ سەر کوردستان لە ناوچە جیاکان بە ئەنجام دەگەیەنرێت، لە تورکیا پێی دەوترێت پرۆژەی عوسمانیزمی نوێ لە تورکیادا. ئەم سوڵتانیزمە دینیە لە تورکیا دەیەوێت هەناردەی قەیرانەکان لەم ڕێگەیەوە بکات و بیبەستێتەوە بە میساقی میللی ساڵی1918 لە تورکیادا.

پارتی داد و گەشەپێدان بە سەرکردایەتی ئەردۆغان دەیەوێت ڕەنگ ڕێژی ئەو سیاسەتە بکات و بەردەوام خەریکی لەشکرکێشی و کردەی سەربازیە بۆ هێنانە دی ئەو خەونە لە مێژینەیەیان. هەموو پلانەکان بە بەرنامەی ئەو 6 حیزبەی ئۆپۆزسیۆنیش، پلانی توانەوەی کوردیان هەیە لە ناوچەکە و تورکیا لە خەیاڵی سەدەیەک لەوەو بەرەو ئەگەر ئەو میساقی میللیەشیان بۆ سەربگرێت، هەموو خاکی هەرێمیش دەگرێتەوە."

please wait

No media source currently available

0:00 0:30:01 0:00

XS
SM
MD
LG