Accessibility links

یۆنان داوای هاوکاری جیهان دەکات بۆ رزگارکردنی تانکەرەکانی لە ئێران


حکومەتی یۆنان و دەمەزراوەی پیشەسازی کەشتیوانی وڵاتەکە ڕۆژی پێنجشەممە داوای هاوکاریی جیهانیان کرد بۆ ئازادکردنی تیمەکانی دوو کەشتی نەوت هەڵگر کە لەلایەن ئێرانەوە چەند رۆژێکە دەستیان بەسەردا گیراوە.
یۆانیس پلاکیۆتاکیس، وەزیری بازرگانی دەریایی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، "داوا لە هەموو گەلان دەکەین کار بکەن تا کۆتایی بەم ڕووداوە قبوڵنەکراوە بێت، هەروەها دڵنیابن لەوەی دووبارە نابێتەوە".
سوپای پاسدارانی ئێران ڕۆژی هەینی لە کەنداوی فارس دەستی بەسەر دوو تانکەرەدا گرت کە ئاڵای یۆنانیان لەسەر بوو. ئەمەش چەند ڕۆژێک دوای ئەوە بوو کە ئەسینا ڕایگەیاند دەستی بەسەر کەشتییەکی نەوتی ئێراندا گرتووە و نەوتەکەی ڕادەستی واشنتۆن دەکات.
پلاکیۆتاکیس وتی ڕووداوەکەی هەفتەی ڕابردوو "مەترسی" لەسەر سەلامەتی کەشتی و بازرگانی دروستکردووە، کاریگەری خراپی لەسەر سەر پێشانگای کەشتیوانی مەزنی وڵاتەکەی ناسراو بە پۆسیدۆنیا دەبێت کە ڕۆژی دووشەممە بەبەشداری زیاتر 1900 کۆمپانیای سەر بە نزیکەی 90 وڵات دەکرێتەوە.
مێلینا تراڤلۆس، سەرۆکی یەکێتی خاوەن کەشتییەکانی یۆنان، ڕۆژی پێنجشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بۆ کردنەوەی پێشانگاکە روونیکردەوە بەشێک لەو دەریاوانانەی کە لەلایەن ئێرانەوە دەستیان بەسەردا گیراوە گەنجن لە یەکەم ئەرکی کەشتیوانییاندا بوون.
ئاماژەی بەوەشکردووە، "[ئەمە] دەبێت کۆمەڵگەی کەشتیوانی جیهانی کۆبکاتەوە، گەلان، هەمووان. ئەم دۆخە پێویستە کۆتای بێت".
پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند هەردوو کەشتییەکە گواستراونەتەوە بۆ ناوچەی بەندەری ئێران.
پاسەوانی کەناراوەکان ناسنامەی نۆ یۆنانی و قوبرسییەکیان لەناو کەشتییەکەدا دەستنیشانکردووە، بەڵام هیچ زانیارییەکیان لەبارەی ناسنامەی ئەوانی دیکە ئاشکرا نەکردووە.
ئێران رایگەیاندووە، تیمی دوو تانکەرەکە"تەندروستیان باش"ە و دەستگیرنەکراون.
سوپای پاسداران - کە باڵی ئایدیۆلۆژیی دامەزراوەی سەربازی ئێرانە - رایگەیاندبوو کە "بەهۆی پێشێلکارییەکانەوە" دەستیان بەسەر تانکەرەکاندا گرتووە، بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر لەوبارەیەوە بخاتەڕوو.
یۆنان دەڵێت دەستبەسەرکردنی ئەو دوو کەشتییە لەلایەن تارانەوە "یەکسانە بە کردەوەی دزیکردنی دەریایی" و هۆشداریشی داوەتە هاووڵاتیانی وڵاتەکەی گەشت بۆ ئێران نەکەن.
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا و فەرەنسا، لە بەیاننامەی جیاوازدا، دەستبەسەرداگرتنەکەیان بە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان ناوبردووە، داوایان لە ئێران کردووە دەستبەجێ ئەو کەشتیانە و تیمەکانیان ئازاد بکات.
هەروەها ئەمریکا بە توندی ئیدانەی دەستبەسەرداگرتنی ئەو دوو تانکەرە لەلایەن ئێرانەوە دەکات و داوای ئازادکردنی خێرایان دەکات.
ئێران لێدوانی وڵاتانی رۆژئاوای بە "تاکلایەنە" و "دەستێوەردانی نەشیاو" ناوبردووە.
تاران ئاماژەی بەوەشکردووە، فەرەنسا و ئەڵمانیا "ناڕەزایەتی دەردەبڕن بەرامبەر بەو ڕێوشوێنە یاساییانەی کە لە ئێران گیراونەتەبەر" لە هەمان کاتدا "بێدەنگن" لەسەر دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکی ئێران لەلایەن یۆنانەوە.

XS
SM
MD
LG