Accessibility links

ئێران دەڵێت وەڵامی 'کرداری نابنیاتنەرانەی" ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم دەداتەوە


سه‌عید خه‌تیب زاده‌، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران
سه‌عید خه‌تیب زاده‌، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران

ئێران ڕۆژی چوارشەممە هۆشداریدا لەوەی وەڵامی هەر "کردارییەکی نابنیاتنەرانە" دەداتەوە کە لەلایەن ڕێکخراوی چاودێری ئەتۆمی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ئەنجام بدرێت، دوای ئەوەی ئاژانسەکە شوێنەواری ماددە ئەتۆمییەکانی لە شوێنە ڕانەگەیەندراوەکانی کۆماری ئیسلامیدا بڵاوکردەوە.

ئێران و دەزگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی ئازاردا لەسەر شێوازێک رێککەوتن بۆ چارەسەرکردنی پرسی ئەو ماددە ئەتۆمییانەی لە مەریوان، ڤارامین و تورکوزائاباد دۆزراوەتەوە -- ئەو شوێنانەی کە لەلایەن ئێرانەوە وەک شوێنی پیتاندی یۆرانیۆم ڕانەگەیەندرابوو.

بەڵام لە ڕاپۆرتێکدا ڕۆژی دووشەممە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم ڕایگەیاند هێشتا پرسیاریان هەیە کە "ڕوون نەکراونەتەوە" سەرەڕای هەوڵە درێژخایەنەکان بۆ ئەوەی ئێران ڕوونکردنەوەی بوونی ئەو ماددە ناوکییە بدات.

بەپێی سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی ئەوروپی، بڕیارە رۆژی دووشەممە دەستەی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی کۆبونەوەیەک ئەنجامبدەن کە تیایدا بریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا و ئەمریکا رەشنووسی بڕیارنامەیەکیان ئامادەکردووە "داوا لە ئێران دەکەن لە پرسی شوێنە ڕانەگەیەندراوەکاندا هاوکاری بکات".

سه‌عید خه‌تیب زاده‌، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران، له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند: "به‌ توندی و به‌ شێوه‌یه‌كی گونجاو وه‌ڵامی هه‌ر كارێكی نابنیادنه‌ر له‌ ده‌سته‌ی پارێزگاران ده‌ده‌ینه‌وه‌."

ناوبراو گوتیشی "بەرپرسیارێتی لێکەوتەکانی دەکەوێتە سەر شانی ئەو کەسانەی کە دەستەی پارێزگار و ڕاپۆرتی بەڕێوەبەری گشتی وەکو کاریگەری و ئامرازێک لە گەمە سیاسییەکان دژی ئێران دەبینن".

ئەم پرسە یەکێکە لەو بەربەستانەی کە ماونەتەوە لەبەردەم زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015 کە هەندێک لە سزا ئابوورییەکانی لەسەر ئێران لادا لە بەرامبەر ئەو گەرەنتیانەی کە کۆماری ئیسلامی نابێت چەکی ئەتۆمی دروستبکات. ئێران هەمیشە ڕەتیکردووەتەوە کە نیەتی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی هەبێت.

ساڵی 2018 ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا، بە شێوەیەکی تاکلایەنە لە ڕێکەوتنەکە کشایەوە و سزای بەسەر ئێراندا سەپاند.

تاران ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی چاودێری ئەتۆمی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی سەرکۆنەکرد بەوەی کە "دادپەروەر و هاوسەنگ نییە" و وتی: "ڕەنگدانەوەی واقیعی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوکی نییە".

فەرەنسا داوای لە ئێران کردبوو "بەپەلە" وەڵامی داواکارییەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بداتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە گوتی، "لە کۆبوونەوەی داهاتووی دەستەی پارێزگاران لە نزیکەوە راوێژ لەگەڵ هاوبەشەکانمان دەکەین سەبارەت بە چۆنیەتی وەڵامدانەوەی ئەم دۆخە".

خەتیب زادە داوای لە "وڵاتانی وەک فەرەنسا کرد کە خۆیان بەدوور بگرن لە وەرگرتنی هەڵوێست و دەستێوەردان کە ببێتە هۆی لادانی هاوکارییەکان لە ڕێڕەوی دروستی خۆی".




XS
SM
MD
LG