Accessibility links

رووخانی باڵەخانەیەک توڕەیی خۆپیشاندەرانی ئێران زیاتر دەکات


چاودێران دەڵێن ڕووخانی باڵەخانەیەک، کە مردنی دەیان کەسی لە باشووری ڕۆژئاوای ئێران لێکەوتەوە، بووەتە هۆی زیادبوونی توڕەیی خەڵک دژی بەرزبوونەوەی نرخ و خراپبوونی ئابووری وڵات. ماوەی سێ هەفتەیە خۆپیشاندانەکانی ئێران بەردەوامن و هیچ ئاماژەیەک نییە کە بەم زووانە کۆتاییان پێبێت.

ڤیدیۆییەکانی نیشانیدەدەن خەڵک دروشمی توند دژ بە حکومەت و تەنانەت ئایەتوڵڵا خامنەئی، ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، دەڵێنەوە.


لە سەرەتای مانگی پێنجەوە لە چەند شارێکی ئێران خۆپیشاندان بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی خۆراکە سەرەتاییەکانی وەک نان بەڕێوەچووە. بەڵام ڕووخانی باڵەخانەکەی ئابادان وادەردەکەوێت خەڵکی زیاتر توڕەکردبێت.

کاسرا عارەبی، شرۆڤەکارێکی دیاری کاروباری ئێران لە پەیمانگای تۆنی بلێر، دەڵێت، "ناڕەزایەتییەکان تەحەدایەکی بەرچاو دەخەنە بەردەم کۆماری ئیسلامی، چونکە خەڵکی سەر شەقامەکانی ئێران چیتر تەنیا حکوومەت بە هۆکاری گرفتەکانیان نازانن، بەڵکو ڕاستەوخۆ ئایەتوڵڵا خامنەیی و تەواوی ڕژێمی ئاینی بە هۆکار دەزانن."

ئاماژەی بەوەشکردووە، خۆپیشاندانەکان هەم لە شار و هەم لە ناوچە گوندنشینەکان "بەردەوام لە گەورەبووندان" و لەلایەن چینی کرێکارەوە سەرکردایەتی دەکرێن، کە هەمیشە بەردی بناغەی پاڵپشتی سیستەمی حوکمڕانی بووە.

ناڕەزایەتییە بەردەوامەکان کە لە رۆژئاوا و باکووری رۆژئاوای ئێران چڕبوونەتەوە، کە کەمینە عەرەب و کوردەکانی ئەو وڵاتەی لێ دەژین، زیاتر دوو هەفتە پێش رووخانی باڵەخانە 10 نهۆمییەکەی ئابادان لە پارێزگای خوزستان لە ٢٣ی مانگی پێنجدا دەستی پێکردبوو.

بەپێی داتا فەرمییەکان، ئەو کارەساتە، کە هۆکارەکەی بۆ خراپی بیناسازی و گەندەڵی دەگەرێندرێتەوە، مردنی لانیکەم ٣٦ کەسی لێکەوتەوە. بەڵام ڕاپۆرتە پشتڕاستنەکراوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە ژمارەی ڕاستەقینە لەوانەیە لەوەش زیاتر بێت و دروستکەری باڵەخانەکە رێگەی پێدراوە هەڵبێت.

XS
SM
MD
LG