Accessibility links

خۆپیشاندەرانی ئێران دروشمی مەرگ بۆ خامنەیی دەڵێنەوە


ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە، خۆپیشاندەران نیشاندەدات کە لە چەند شارێکی ئێران لە شەوێکدا دروشمی دژی حکومەت دەڵێنەوە، لەوانە "مەرگ بۆ خامنەیی" بەهۆی داڕمانی باڵەخانەیەک لە باشووری ڕۆژئاوای ئەو وڵاتە.

کاربەدەستان ڕایانگەیاند کە ڕۆژی سێشەممە ژمارەی ئەوانەی گیانیان لەدەستدابوو بەهۆی داڕمانی باڵەخانەکەوە کە شوێنی نیشتەجێبوون بووە بەرزبۆتەوە بۆ 34 کەس و 37 کەسیش بریندار بوون، ئەو باڵەخانەیە 10 نهۆم بووە و لە شاری عەبادان لە ناوچەی بەرهەمهێنەری نەوتی خوزستان، لە 23ی مانگی 5 دا داڕماوە. ئاماژەشیان بەوە ردووە کە کارمەندانی فریاگوزاری بەردەوامبوون لە گەڕان بە دوای قوربانییەکاندا لە ژێر داروپەردووی بینا ڕووخاوەکەدا.

دەسەڵاتداران ڕووخانی بینای میترۆپۆل بە هۆکاری گەندەڵی تاکەکەسی و لاوازی سیستمی سەلامەتی دەزانن و دەڵێن تا ئێستا 13 کەس بەهۆی پێشێلکارییەکانی بیناسازییەوە دەستگیرکراون.

بەڵام خۆپیشاندەرانی ئێران بە هۆکاری کەمتەرخەمی حکومەت و گەندەڵی دەزانن.
هاواری "مەرگ بۆ خامنەیی" یەکێک بوو لە دروشمەکان کە ئاماژەیە بۆ عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران، لە گرتەیەکی ڤیدیۆیی پشتڕاستنەکراوەدا دەبیسترێت کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاوکراوەتەوە، شوێنەکە وەک قەزای نازی ئابادی باشووری تارانە.

دروشمی دژە خامنەیی بۆ کۆماری ئیسلامی بە هێڵی سوور دادەنرێت.
ڤیدیۆیەکی دیکەی پشتڕاستنەکراوە دەردەکەوێت کە پۆلیسی دژی ئاژاوەگێڕی بە ماتۆڕسکیل لە هەمان ناوچەدا دەسوڕێنەوە، دیارە بۆ هەڵوەشاندنەوەی خۆپیشاندانەکە یان ترساندنی خۆپیشاندەرانە.

لە شاری بەندەری باشووری بوشێهر، دەنگی خۆپیشاندەران دەبیسترێت کە هاوار دەکەن "مەرگ بۆ دیکتاتۆر"، کە ئاماژەیە بۆ خامنەیی.
خەڵکەکە هاواردەکەن و دەڵێن "درۆ دەکەن کە ئەمەریکایە؛ دوژمنەکەمان ڕێک لێرەیە." ئەوە دروشمێکی باوە لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی دژ بە حکومەت لە ئێراندا.
هەروەها لە سۆشیال میدیادا گرتە ڤیدیۆی ناڕەزایەتییەکان لە شارەکانی دیکەی ئێران بڵاودەکرێتەوە.

پۆلیسی ئێران بۆ بڵاوە پێکردنی خەڵکەکە گازی فرمێسکڕێژی بەکارهێناوە و تەقەی بە ئاسماندا کردووە کە ماوەی هەفتەیەکە خۆپیشاندانەکان بەردەوامە و تێکهەڵپژان لە نێوان پۆلیس و خۆپیشاندەران بەردەوام بووە.

لەڕروماڵکردنی ئەو کارەساتەدا، میدیای فەرمی ئێران بە شێوەیەکی سەرەکی وەک ماتەمینی مەزهەبی و کاروانی پرسەگێڕانیان نیشانداوە. پارێزگاری عەبادان لە لێدوانێکیدا بۆ تەلەفزیۆنی دەوڵەتی، هۆشداری داوەتە خەڵک کە تەنیا سەیری میدیا فەرمییەکان بکەن بۆ هەواڵەکان و خۆیان لە "دەنگۆکانی" سۆشیال میدیا بە دوور بگرن.

ئێرانییەکان لە ئێستاوە لە گرانبوونی نرخی خۆراک و کێشە ئابورییەکان بێزارن؛ لە کاتێکدا هەوڵەکان بۆ بەدیهێنانی زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ساڵی 2015 لەگەڵ زلهێزەکانی جیهاندا لە ئارادایە و چاوەڕوانی خاوکردنەوەی سزاکان دەکەن.


سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG