دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا ڕۆژی سێشەممە سەرکۆنەی تورکیای کرد لەسەر دەستگیرکردنی سەرۆکی لقی تورکیای ڕکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی (ئامنستی ئینتەرناشناڵ) لە ساڵی 2017دا و بڕیاری دەستبەسەرکردنەکەی بە نایاسایی ناودێردەکات.
دادگاکە دەڵێت هیچ ئاماژەیەک نییە ئەو چالاکوانە، تانەر کلیچ، تاوانی ئەنجامدابێت. دوای زیاتر لە ساڵێک بەندکردن، کلیچ مانگی هەشتی ساڵی 2018 ئازاد کرا.
کلیچ لە مانگی 6 ی 2017 ەوە بە تۆمەتی پەیوەندی بە فەتحوڵڵا گولەن، ئەو بانگخوازە ئیسلامییەی کە دانیشتووی ئەمەریکایە، دەستبەسەر کرا. تورکیا گولەن تۆمەتبار دەکات بەوەی کە لە ساڵی 2016 دا هەستاوە بە ئەنجامدانی کودەتایەکی شکستخواردوو دژی حکومەتی رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا.
کیلیچ لە مانگی 8 ی 2018 دا ئازاد کرا. بەڵام لە مانگی 7 ی 2020 دا بە تۆمەتی پەیوەندی بە گروپێکی تیرۆریستی سزا درا و سزای 6 ساڵ و سێ مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندرا. کیلیچ، کە ئێستا ئازادە، تانەی لە بڕیارەکە داوە.
لە دوایین بڕیاردا دژی تورکیا، دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا ECHR ڕایگەیاند. دەستبەسەرکردنی پێش دادگاییکردنەکەی "نایاسایی و زۆرەملێیانە" بووە و "هیچ گومانێکی لۆژیکی لە ئارادا نەبووە کە بەڕێز کیلیچ تاوانێکی ئەنجامداوە."
بڕیاری دادگاکە بە کۆی دەنگ لە لایەن حەوت دادوەرەوە رێککەوتنیان لەسەر کرا کە سەعادەت یوکسێلی تورکیاشی تیادابووە.
دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا ئاماژەی بەوەشکردووە کە دەستبەسەرکردنی کیلیچ بە چوار تۆمەت پێشێلکردنی رێککەوتننامەی ئەوروپا بووە بۆ مافەکانی مرۆڤ. دەبێت هەر 46 وڵاتەکەی ئەندامی ئەنجومەنی ئەوروپا پابەندبن بە جێبەجێکردنی پەیماننامەی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا ECHR و رێککەوتننامەکە جێبەجێ بکەن.
نیلس مویزنیکس، بەڕێوەبەری ئەوروپای ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، دەڵێت "ئەم بڕیارەی دادگای ئەوروپا کە لە مێژە چاوەڕوانکراو بووە پشتڕاستی دەکاتەوە کە ئێمە هەر لەسەرەتاوە زانیومانە کە تانەر کیلیچ بە زۆر ئازادی لێزەوتکرا کاتێک لە زیندانێکی ئاسایشی تۆکمە و پارێزراودا بە تۆمەتی هەڵبەستراو زیندانی کراوە."
ئاماژەی بەوەشکردووە، دەبێت سزاکە "هەڵوەشێنرێتەوە". تێبینی کرد کە کیلیچ مەترسی دوو ساڵ و نیوی دیکەی زیندانی لەسەرە ئەگەر لەلایەن دادگای تورکیاوە پەسەند بکرێت.
ئەم بڕیارە دوایین بڕیاری دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا بوو لە دژی تورکیا. لە دوای هەوڵی کودەتاکەی ساڵی 2016 کە بێوینە نەیارانی ئەردۆغان سەرکوت کران، هێشتا نیگەرانییەکان سەبارەت بە ئازادی ڕادەربڕین لەو وڵاتەدا وەک خۆیان ماونەتەوە.
ئەنجومەنی ئەوروپا دەستیکردووە بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی دژی تورکیا، ئەمە دووەمجارە پرۆسەیەکی لەو شێوەیە لە مێژوویدا گیراوەتەبەر، بەرامبەر سەرپێچیکردن لە بڕیارەکەی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا بەهۆی ڕەتکردنەوەی ئازادکردنی عوسمان کاڤالای خێرخوازەوە.
سەرچاوە: فرانس پرێس