ڕۆژی سێشەممە هێزەکانی ئۆکرانیا لە شاری سیڤیرۆدۆنێتسک خۆڕاگرانە بەرەنگاری هێرشی سەرتاسەری هێزەکانی ڕووسیا بوونەوە کە مەبەست لەم هێرشە داگیرکردنی ئەو شارە وێرانبووەی ڕۆژهەڵات بوو کە مۆسکۆ لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کردوویەتی بە ئامانجی سەرەکی لەشکرکێشییەکەی.
هەردوولا ڕایانگەیاند ئێستا هێزەكانی ڕووسیا لە نێوان یەك لەسەر سێ بۆ نیوەی شارەكەیان كۆنترۆڵ کردووە. ئەو هێزە جوداخوازانەی کە ڕووسیا پشتیوانیان دەکات دانیان بەوەدانا کە گرتنی ئەو شارە کاتێکی زیاتری دەوێت لەوەی کە پێشبینی كرابوو، سەرەڕای ئەوەی ئەو هێرشە یەکێکە لە گەورەترین هێرشە زەمینییەکانی شەڕی ئۆکرانیا.
شرۆڤەکارانی سەربازی وڵاتانی ڕۆژئاوا دەڵێن مۆسکۆ هێزی مرۆیی و هێزی لەشکری لە دەوروبەری گۆڕەپانی شەڕەکە تەنیوە بۆ ئەوەی سەرنج بخاتە سەر شاری سیڤیرۆدۆنێتسک، بەو هیوایەی هێرشێکی بەرفراوان بۆ سەر ئەو شارە پیشەسازییە بچووکە بەرپا بکات کە یەکێکە لە ئامانجە ڕاگەیەندراوەکانی مۆسكۆ لە پێناو پاراستنی هەرێمی دەوروبەری لوهانسک بۆ جوداخوازەکانی سەر بە ڕووسیا.
ئاژانسی هەواڵی دەوڵەتی ڕووسیا (تاس) لە زاری لیۆنید پاسەچنیک سەرۆکی کۆماری گەلی لوهانسکی لایەنگری مۆسکۆ بڵاویکردەوە کە "دەتوانین لە ئێستاوە بڵێین یەک لەسەر سێی سیڤیرۆدۆنێتسک لە ژێر کۆنترۆڵی ئێمەدایە."
هەروەها گوتیشی شەڕ لە شارەکەدا بە توندی بەردەوامە، بەڵام هێزەکانی ڕووسیا بەو خێراییە پێشڕەوییان نەدەکرد کە پێشبینی دەکرا، بانگەشەی ئەوە دەکات کە هێزەکانی لایەنگری مۆسکۆ دەیانەوێت "ژێرخانی شارەکە بپارێزن" و بەو هۆیەوە بە وریاییەوە لە دەوری کارگە کیمیاییەکان بە هێواشی دەجووڵێن.
ئۆلیکساندر ستریک بەرپرسی ئیداری شارەکەی ئۆکرانیا ڕایگەیاند ئێستا ڕووسەکان نیوەی شارەکەیان کۆنترۆڵ کردووە.
هەروەها گوتیشی "بەداخەوە، شارەکە بۆ نیواونیو دابەشبووە. بەڵام لە هەمان کاتدا شارەکە هێشتا بەرگری لە خۆی دەکات. هێشتا ئۆکرانییە"، ئامۆژگاری ئەو کەسانە دەکات کە هێشتا لە ناوەوە گیریان خواردووە لە ژێرزەمینەکاندا بمێننەوە.
ئۆکرانیا دەڵێت ڕووسیا لە ڕێی بۆردومانێکی هێجگار زۆرەوە سەرجەم ژێرخانی گرینگی شارەکەی وێران کردووە، دواتر شەپۆل لە دوای شەپۆل هێرشی زەمینی بە کۆمەڵی بەرپاکردووە کە ژمارەیەکی زۆر قوربانی لێکەوتۆتەوە.
هەزاران دانیشتووی ئەو شارە گیریان خواردووە. سێرهی گایدای، پارێزگاری ناوچەکە ڕایگەیاند؛ هێزەکانی رووسیا بەرەو ناوەندی شارەکە پێشڕەوی دەکەن، بەڵام بە هێواشی.
سەرچاوە: ڕۆیتەرز