Accessibility links

ئەردۆغان لەگەڵ پوتن دا تاوتوێی پلانی لەشکرکێشیەکانی بۆ سەر ناوچە کوردنشینەکانی سوریا دەکات


نوسینگەی سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن سەرۆكی ڕووسیا گفتوگۆیان لە بارەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی کردووە کە ئەنکەرە پلانی بۆ داڕشتووە لە باكووری سوریا ئەنجامی بدات و هاوکات باسیشیان لە شەڕی ئۆكرانیا كردووە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ئەردۆغان ڕایگەیاندووە کە تورکیا لەشکرکێشی بۆ سەر سنورەکان بەرپادەکات دژی چەكدارانی کورد لە سوریا بە مەبەستی دروستکردنی ناوچەیەکی پارێزراو بە قووڵایی 30 کیلۆمەتر. سەرۆکایەتی تورکیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە پوتنی ڕاگەیاندووە کە لە ساڵی 2019 ڕێککەوتن لەسەر ئەو ناوچەیە کراوە بەڵام جێبەجێ نەکراوە.

ئانکەرە لە مانگی 10ی ساڵی 2019دا ئۆپەراسیۆنێکی لە دژی یەکینەکانی پاراستنی گەل یەپەگە ئەنجامدا، لە کاتێکدا هێزە سەربازییەکانی ڕووسیا و ڕژێمی سوریا و ئەمەریکا لە ناوچەکەدا بوونیان هەیە.

تورکیا یەپەگە بە گروپێکی تیرۆریستی دەزانێت کە بە وتەی ئەوان پەیوەندیان بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ەوە هەیە، کە پارتێکی قەدەغەکراوە و لە ساڵی 1984 ەوە یاخیبوونێکی چەکداری لە دژی تورکیا بەرپاکردووە و لە ئەنجامدا دەیان هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە.

بەڵام یەپەگە بڕبڕەی پشتی هێزەکانە بە سەرکردایەتی ئەمەریکا لە شەڕی دژی گرووپی دەوڵەتی ئیسلامی داعش لە سوریا. ئەمەریکا سەرکۆنەی لەشکرکێشییەکانی پێشووی تورکیای بۆ سەر ئەو ناوچانە کردووە.

هەروەها لە بەیاننامەکەدا هاتووە، ئەردۆغان بە پوتنی ڕاگەیاندووە کە تورکیا ئامادەیە ڕۆڵی خۆی لە کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکرانیا دەستپێبکاتەوە، لەوانە بەشداریکردن لە ئەگەری "میکانیزمی چاودێریکردن" لە نێوان ئۆکرانیا و ڕووسیا و نەتەوە یەکگرتووەکاندا.

دانوستانەکانی ئیستەنبوڵ کە لە مانگی 3 دا بەڕێوەچوو، نەیتوانی هیچ پێشکەوتنێک بەدەستبهێنێت، بەڵام تورکیا کە پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ کیێڤ و مۆسکۆدا هەیە، چەندین جار خۆی وەک ئەگەری نێوەندگیرێک خستووەتە ڕوو.

هه‌روه‌ها سه‌رۆک کۆماری تورکیا داوای کرد بە زووترین کات ئاشتی له‌ ئۆکرانیا بەرقەرار بێت‌ و هه‌نگاو بنرێت بۆ بونیادنانی متمانه‌.

لە واشنتۆنیشەوە ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ڕایگەیاند کە جەیك سۆلیڤان ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی پەیوەندی بە ئیبراهیم كاڵین سەرۆكی ڕاوێژكاری ئەردۆغانەوە كردووە بۆ تاوتوێكردنی پشتیوانی ئەو دوو وڵاتە بۆ ئۆكرانیا، بەڵام هەروەها هۆشداری داوە سەبارەت بە كردەوەكانی لە سوریا.

ئەیدریان واتسۆن وتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ڕایگەیاند کە " سۆلیڤان دووپاتی کردۆتەوە لە گرنگی خۆ بەدوورگرتن لە تاوسەندنی بارگرژییەکان لە پێناو پاراستنی ئاگربەست لە سوریادا کە لە ئێستادا لە ئارادایە و دوورکەوتنەوە لە هەر ناسەقامگیرییەکی زیاتر."

XS
SM
MD
LG