Accessibility links

شارەوانی سلێمانی: لە هەوڵی جدیداین بۆ چارەسەرکردنی کۆبوونەوەی خۆڵ و خاشاک لە ناو بازاڕی سلێمانیدا


بازاڕی سلێمانی و شەقامە گشتییەکان بەتایبەت شەقامە سەرەکیەکەی مزگەوتی گەورە، بەهۆی کۆبوونەوەی خۆڵ و خاشاکێکی زۆر سیمایەکی ناشرینی بە شارەکە بەخشیوە، ئەمەش هاوڵاتیانی نیگەران کردووە و لە لایەکەوە شارەوانی بە بەرپرسیار دەبیینن لەوەی کەمتەرخەمە لە پاک ڕاگرتنی شەقام و بازاڕ و شوێنە گشتییەکان لە لایەکی تریشەوە بەشێکی کەمتەرخەمیەکە دەگێڕنەوە بۆ دەستگێڕ و عەرەبانە چیەکانی ناو بازاڕ کە لەسەر شەقامەکان کاری دەستگێڕی دەکەن. شارەوانی سلێمانیش دەڵێت "لە هەوڵی جدیدان بۆ چارەسەر کردنی کێشەکە."

نزار کەمال لێپرسراوی بەشی خزمەتگوزارییەکان لە شارەوانی سلێمانی لەم وتووێژەدا باس لە هۆکارەکانی پیسبوونی شەقامەکانی سلێمانی دەکات و دەڵێت "شارەوانی ڕۆژانە هەڵدەستێت بە پاککردنەوەی شەقام و شوێنە گشتییەکان بەڵام بە داخەوە دوای هاتنی عەرەبانەو دەستگێڕەکان بۆ ناوبازاڕ کە بەشێکی زۆریان خەڵکی دەرەوەی شارەکانن، وا دەکەن بەشێکی زۆری خۆڵ و خاشاک لە شوێنە گشتییەکان کۆ ببێتەوە."

"بەهۆی دەستگێڕەکان، ئەو کەسانەی لە دەرەوەی شار لە موسڵ و ئەو ناوچانەوە دێن دەستگێڕی دەکەن، ناوبازاڕی سلێمانی پیسبووە."


لە پرسیاری هۆکاری پیس بوونی شەقامە گشتییەکانی ناو بازاڕ بەتایبەتیش شەقامە گشتیەکەی بەردەم مزگەوتی گەورە؟ نزار کەمال ڕایگەیاند" شارەوانی سلێمانی لە ڕێگەی پێنج کۆمپانیاوە هەڵدەستێت بە پاککردنەوەی شاری سلێمانی، یەکێک لەو کۆمپانیایانە بۆ سەنتەری شارە واتە ناو بازاڕو دەوروبەری بازاڕ ڕۆژانە بە سێ شەفت ناو بازاڕ پاک دەکاتەوە، ئەگەر تێبینی بکەن بەیانیان کە بازاڕ پاک دەکرێتەوە تا نزیک کاتژمێر 03:30 هیچ گرفتێک لە پاک و خاوێنی ناوبازاڕدا نیە، هەر کەسێک بەناو بازاڕدا دەڕوات تێبینی ئەو پاک و خاوێنییە و ئەو هادئیەی ناو بازاڕ دەکات، بەڵام بە داخەوە لە دوای کاتژمێر 03:00 بۆ 03:30 ڕێپێدراوە کە کۆمەڵێک عەرەبانە و دەستگێڕ و خەڵکێکی دەرەوەی شاری سلێمانی لە موسڵ و شارەکانی ترەوە کە دێن لەناو بازاڕدا کاروکاسبی خۆیان دەکەن، کە ئەمە وایکردووە خۆڵ و خاشاکێکی زۆر بڵاو بێتەوە وە لەو کاتانەشدا کە کۆمپانیاکان کە کاری پاککردنەوە دەکەن، کاری پاککردنەوە دەوەستێت، لەبەر ئەوەی ڕێگە نییە کارمەندەکانیان و ئۆتۆمبێلەکانیان ناتوانن وەکو پێویست هەستن بە کاری پاککردنەوە."

لە پرسیاری ئەوەی کە بەشێکی هاوڵاتیان ئێوە بە بەرپرسیار ئەبینن بەرانبەر ئەم حاڵەتە، کەواتە ئێوە چ میکانیزمێکتان گرتۆتە بەر بۆ نەهێشتن و بنە بڕ کردنی؟ نزار کەمال دەڵێت: "ئەگەر تێبینی بکەیت 50%ی ئەوانەی کاروکاسبی دەکەن خەڵکی دەرەوەی شاری سلێمانین، ئەمە خاڵێک، خاڵی دووەم بەشێوەیەکی هەڕەمەکی ڕێگەیان پێدراوە، ڕاستە شارەوانی بەرپرسە لەو حاڵەتە، بەڵام ئێمە چەند جارێک وەکو شارەوانی سلێمانی لە ساڵانی ڕابردوودا، ویستومانە ناو بازاڕ ڕێكخەینەوە، بەڵام چونکە ناو بازاڕ ناکرێ بەو شێوەیە ڕێپێدراو بێت هەموو کەس بێت لەناو سەرجادە و شۆستە و شەقامەکاندا کاروکاسبی بکات، بەڵام بەداخەوە دەڵێم ئێمە لەسەرووی خۆمانەوە لە پارێزگاوە، ڕێگری لەوە دەکەن کە نەهێڵین دەستگێڕەکان بەو شێوەیە کاروکاسبی بکەن و ناوبازاڕ پیس بکەن، کە ئەمە وای کردووە پاک و خاوێنیەکەی لە کۆنتڕۆڵی ئێمە دەربچێت."

دەڵێت: "ئێمە بە سێ شەفت پاککردنەوە بۆ ناو بازاڕ دەکەین، بەیانیان تا نیوەڕۆ، نیواڕۆ تا عەسر و شەوانیش، بۆیە وەک شارەوانی وەک ئەرکی کۆمپانیا تەقسیری نیە لە پاکو خاوێنی، بەڵام کە بازاڕ بەوشێوەیە خەڵک بڕژێتە ناوی بۆ کار و کاسبی، ئەڵبەتە پیس و پۆخڵی پێوە دەرەکەوێت، وە مەجالی پاککردنەوەی لەو کاتانەیا نابێت یان زۆر سنووردار دەبێت، وە لە هەمانکاتدا کۆمەڵێک گوزەری تریش خۆڵەکانیان دەهێننە سەرجادە، ئەمە وایکردوە کە ئەو خۆڵ و خاشاکە بەشێوەیەکی بەرچاو لە ئێواراندا بەتایبەتی دەرکەوێت."
کەواتە بەپێی قسەکانی بەڕێزت بێت ڕێگری هەیە لەبەردەم ئیش و کارەکانتان بە مەبەستی ڕێگە گرتن لە دروست بوونی ئەم حاڵەتە؟

ئەو دەڵێت "کەس ڕێگر نیە لەوە بەڵام ئەمە بووە بە کەلتورێک لە ساڵانی نەوەدەکانەوە کە بژێوی ژیان قورس بوو، لەناو بازاڕ دەستگێڕ کاسبیان تێدا کرد ئیتر ئەمە بەو شێوەیە بەردەوامە، ئەگەر نا پێم وانیە هیچ دەزگایەک حەز بکات بازاڕ بەو شێوەیە ببینێت هیچ بەرپرسێکی ئەم شارە، بەڵام تازە بووە بە کەلتورێک زۆر جار ئەگەر مەنعیان ئەکەی کۆبوونەوە و خۆپیشاندان لەسەر ئەو بابەتە دەکرێت، بۆیە بەردەوام ڕێگە پێدان بەو خەڵکانە من بە خراپی نازانم بەڵام پێویستی بە ڕێکخستنەوە و چاکسازیی باشتر هەیە، شارەوانیش لەو بوارەدا ئێستا خەریکین، کۆڕ و کۆبونەوەی خۆمان کردووە، بۆ ئەوەی بتوانین ڕێکبخەین، دوێنێ شەو من خۆم هەموو ئەو دەستگێڕانەم ئاگادارکردووەتەوە، کە پێویستە پاک و خاوێنی ڕابگرن، بۆ ئەو خۆڵ و خاشاکەی فڕێی دەدەنە سەرجادە بیکەنە کیسەیەکەوە و دایبنێن تا تیمەکانی شارەوانی دەگەنە ئەوێ و هەڵی دەگرن، وە تا حەدێکیش ئەو ڕێنماییانەی ئێمە دەوری خۆی بینیوە، وە چێشتخانەکانیش بە هەمان شێوە، بە نسبەت حاویە و ئەمانەش بۆمان داناون بەڵام بەهۆی قەڕەباڵغی بازاڕەوە حاویە دەورێکی ئەوتۆ نابینێت."

"کەمتەرخەمییەک هەبووە لە شارەوانییەوە بەو شێوەیە ڕێگە پێدان دراوە بەو خەڵکە و لێپرسینەوە نەبووە، بەڵام لە ئێستادا ئێمە وەک شارەوانی چووینەتە ناو ئەو بابەتەوە و دەمانەوێت بازاڕ ڕێک بخەینەوە."

دەکرێت بڵێن کەمتەرخەمیەکە لە شارەوانیەوەیە؟ یان دولایەنەیە هاوڵاتیش کەمتەرخەمە؟
"لە ڕاستیدا لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، کەمتەرخەمیەک هەبووە لەلایەن شارەوانیەوە، بەوشێوەیە ڕێگە پێدان دراوە بەو خەڵکە و لێپرسینەوە نەبوە، بەڵام لە ئێستادا ئێمە وەک شارەوانی چوینەتە ناو ئەو بابەتەوە و دەمانەوێت بازاڕ ڕێک بخەینەوە، بێگومان ئەمە بە تەنیا بە شارەوانیش ناکرێت، پێویستە هەموو دەزگا پەیوەندیدارەکان لە پۆلیس و پۆلیس هاتووچۆ و هەروەها لیژنەکانی قایمقامیات و ئەو شوێنانەی کە بەرپرسن لە ڕێکخستنەوەی ئەم شارە، لەسەر خەت بن لەگەڵماندا بۆ ئەوەی بتوانین بە هەمولایەک، هەم پاکوخاوێنی شارەکەو هەم ڕێکخستنەوەیەک بۆ ئەو دەستگێڕانە بکەین، کە بەوشێوە هەڕەمەکییە هاتونەتە سەرجادە و کارو کاسبی ئەکەن و سیمایەکی خراپیان داوە بە شارەکە، کە زۆرکات گلەیی ئەکەن، بەڵام ئەمە هیچ کێشەیەکی وای نیە کە چارەسەری نەبێت، ئێمە هەنگاومان بۆ ناوە، بەڵام ئەمە هاوکاری هاوڵاتیانیش دەوێت، بێگومان پێویست ئەکا هاوڵاتیانیش لای خۆیانەوە پابەندی خۆیان دەرببڕن بۆ ئەوەی بتوانن هاوکاربن لە ڕێخستنەوەی ناوبازاڕدا، چونکە ئەم شارە تەنیا شارەوانی لێی بەرپرس نیە هەمو دەزگاکانی تریش پێویستەکار لەسەر خەت بن بۆ ئەوەی هاوکار بن لە ڕێکخستنەوەی ناوبازاڕدا".

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:54 0:00

XS
SM
MD
LG