Accessibility links

هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین لە سلێمانی


نرخی بەنزین جارێکی دیکە لە سنووری پارێزگای سلێمانی بەرزبووەوە، بە شێوەیەک هەر لیترێکی بەنزین لە سنووری پارێزگاکە نزیکەی ٧٥ دینار چووەتە سەر نرخەکەی و هۆکارەکەشی دەگەڕێندرێتەوە بۆ ڕاگرتنی ئەو بەشە بەنزینەی کە پێشتر عێراق بۆ سلێمانی و پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستانی دەنارد.

زیاتر لە ساڵێکە نرخی هەرسێ جۆرەکەی بەنزین بەشێوەیەکی بەرچاو لە هەرێمی کوردستان بەرزبووەتەوە، بە ڕادەیەک پێشتر هەر لیترێک بەنزینی نۆرماڵ بە 450 دینار دەفرۆشرا، بەڵام ئێستا نرخی هەر لیترێک بەنزینی نۆرماڵ بووەتە 1000 دینار.

بەهمەن شێخ قادر، وتەبێژی بەنزینخانەکانی پارێزگای سلێمانی هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین دەگێڕێتەوە بۆ ڕاگرتنی ناردنی ئەو بەنزینەی، کە لە چەند مانگی ڕابردوودا حکومەتی عێراق بۆ هەرێمی کوردستانی دەنارد و هەر لیترێکی بە ٦٥٠ دینار دەفرۆشت.

بەهمەن شێخ قادر لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند: پێشتر حکومەتی عێراق لەگەڵ حکومەتی هەرێم ڕۆژانە ملیۆنێک و ٨٠ هەزار لیتر بەنزینیان دەنارد بۆ پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، نزیکەی ٣٣ ملیۆن لیتر ڕۆژانە هاتووە بۆ هەرێمی کوردستان بە نرخی ٦٩٠ دینار، ئەمەش پاڵپشتێکی باش بوو بۆ ڕێگرییکردن لە گرانبوونی نرخی بەنزین، بەڵام نزیکەی ٣٠ ڕۆژە ئەو بەنزینە ڕاوەستاوە، ئەوەشی لە تورکیا و ئێرانەوە دێت بە گران دەگاتە دەستی بازرگانەکان و پاشان ئەوانیش بە گران دەیدەنە بەنزینخانەکان.

ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، هۆکاری ڕاگرتنی بەشە بەنزینەکەی حکومەتی عێراق بۆ سنووری سلێمانی، دەگێڕێتەوە بۆ ڕاگرتنی کارەکانی پاڵاوگەی کۆمپانیای کار، کە لەو پاڵاوگەیەوە بەنزینەکە دابین دەکرێت و لە ماوەی ڕابردوودا ڕووبەڕووی هێرشی مووشەکی میلیشیاکانی عێراق بووەتەوە.

کاروان یاروەیس، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، کە ئەوان بەردەوامن لە بەدواداچوونکردن لەسەر ڕاگرتنی بەشە بەنزینی پارێزگای سلێمانی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە و دەیانەوێت کێشەکە چارەسەربکەن.

ئاماژەی بەوەشکرد: ئەو بەنزینە لە پاڵاوگەی کۆمپانیای کار پاڵێوراوە و نێردراوە بۆ هەرێمی کوردستان، ئێستا بەهۆی ئەوەی ئەو پاڵاوگەیە بەهۆی هێرشی مووشەکییەوە زیاتر لە مانگێکە کارەکانی ڕاگرتووە، ئەو بڕە نەوتە خاوەی کە پێشتر عێراق دەیدا بەو پاڵاوگەیە بۆ ئەوەی بیپاڵێوێت و بیکات بە بەنزین و بیداتە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و موسڵ و تکریت، ڕاگیراوە، ئێمە لە بەدواداچوونداین کە بزانین کەی ئەمە چارەسەر دەبێت، چونکە لە ڕاستیدا هەرچەندە بڕەکەی کەمە، بەڵام کارئاسانییەکی باشە، چونکە لە کوردستان نرخی بەنزین زۆر گرانە، هەم کوالێتییەکەی خراپە و هەم نرخەکەشی گرانە.

هەرێمی کوردستان ڕۆژانە پێویستی بە شەش ملیۆن لیتر بەنزین هەیە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی ناوخۆ، ئەگەرچی چەند پاڵاوگەیەکی بەنزینیش لە هەرێمی کوردستان هەن، بەڵام بەرهەمەکانیان دەنێردرێت بۆ پارێزگاکانی عێراق و نادرێتە هەرێمی کوردستان، بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی ناوخۆش، بەنزین لە تورکیا و ئێرانەوە هاوردە دەکرێت، کە ئەوەش بەگوێرەی ئامارەکان، دوو لەسەر سێی پێداویستی ناوخۆ پڕدەکاتەوە.

دکتۆر شێرکۆ جەودەت، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، جێبەجێکردنی بڕیاری حکومەتی هەرێم بۆ دامەزراندنی پاڵاوگە لە پارێزگاکان بۆ بەرهەمهێنانی بەنزین بە چارەسەر بۆ گرفتی کەمی و گرانی بەنزین دەزانێت.

ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت: بەنزینی هاوردەکراو بەهۆی ئەوەی بۆرسەی هەیە نرخەکەی بەرزە و تێچووی زۆرە، ئەمانیش فرسەت دەهێنن کە بەنزینی خۆماڵیش بە نرخی بەنزینە هاوردەکراوەکە دەفرۆشنەوە، لە هەموو لیترێک 300 تا 400 دینار قازانجی لێ دەکەن، بێجگە لەوەی لە بنەڕەتدا ئەو پاڵاوگە خۆماڵییانە حکومی بوون، ئێستا فرۆشتوویانەتەوە بە کەرتی تایبەت، ئەمە وایکردووە کێشەکە چارەسەر نەبێت، لە کاتێکدا ساڵی ٢٠١٦ ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا لە هەموو پارێزگایەک پاڵاوگەیەکی بەنزین دابمەزرێنێت، بەڵام تائێستا ئەو بڕیارە جێبەجێ نەکراوە، بۆ ئەوەی کە نرخی بەنزینی خۆماڵی بە نرخی هاوردەکراو بفرۆشن.

لە دوو مانگی ڕابردوو نرخی بەنزین لە پارێزگای سلێمانی بە سێ قۆناغ لەلایەن ئیدارەی خۆجێی سلێمانییەوە هەزانکرا و نرخی هەر لیترێک بەنزینی نۆرماڵ ١٠٠ دیناری لێ کەمکرایەوە، بەڵام ئێستا نرخەکە گەیشتووەتە هەمان نرخی پێشوو و ئەوەش نیگەرانی خەڵک و شۆفێرانی بە دوای خۆیدا هێناوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:48 0:00
XS
SM
MD
LG