Accessibility links

ڕۆچوونی زەوی و بەرزبوونەوەی ئاستی دەریاکان مەترسی لەسەر شارە کەناراوەکانی جیهان دروست دەکات


توێژینەوەیەکی نوێ دەریدەخات کە هەموو شارە کەناراوەکانی جیهان مەترسی ژێرئاوکەوتن و ڕۆچوونیان لەسەرە.

توێژەران بە مەبەستی توێژینەوە لەو بارەیەوە 99 شاری کەناراوەکانی جیهانیان خستوەتە ژێر لێکۆڵینەوە، و لە کۆتاییدا داتاکانیان دەریخستوە کە هەموو شارەکان بە خێرایی خەریکن ڕودەچن و زەوییەکانیان لە نوشستدایە.

توێژینەوەکە دەریخستووە کە گەشەسەندنی شارەکان و کەمبوونەوەی ئاوی ژێر زەوی فشارەکانی بۆ سەر زەوی زۆر کردوە و ئەمەش وادەکات زەوییەکانی ئەو ناوچانە بنیشین و ڕۆبچن.

لە زۆرێک لەو شارە کەناراویانەدا، ڕۆچوونی زەوی جیا لەوەی دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاکان، مەترسیی لافاویشی دوو هێندە زیاتر کردووە.

مەت وەی، مامۆستای یاریدەدەری زانکۆی ڕۆد ئایلەند لە ئەمەریکا و نووسەری سەرەکی توێژینەوەکە لە گۆڤاری دیسکاڤێردا دەڵێت "لە هەر شوێنێک خەمی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاکانت هەبێت، دەبێت خەمی ژێرئاوکەوتنی ناوچەکانیشت هەبێت".

لە کاتێکدا دیاردەی ڕۆچوونی زەوی زیاتر لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا ڕوودەدات، بەڵام پرۆفیسۆر وەی و هاوکارەکانی هەروەها ئەو دیاردەیان لە ئەمەریکا و ئەوروپا و ئوسترالیا بینیوە و بە کورتی دەوترێت ئەمە دیاردەیەکی جیهانییە و لێکەوتەی جیهانی هەیە.

بەڵام لە زۆرێک لەم شوێنانەدا توێژینەوەکانی وەک توێژینەوەی تیمی پرۆفیسۆر وەی دەتوانن یارمەتیدەر بن لە رێگریکردن لە دەرئەنجامە کارەساتبارەکان لە کاتی کارەساتی سروشتیدا.

توێژەران پێیان وایە هۆکاری سەرەکی ژێرئاوکەوتنی زەوی لە سەرانسەری جیهاندا کەمبوونەوەی ئاوی ژێر زەوییە، بەڵام کەم بوونەوەی ئاو بە تەنها هۆکاری ئەو دیاردەیە نییە.

زۆرجار پڕۆژە گەورەکانی بیناسازی وادەکات خاکی ژێرەوەی پڕۆژەکان چڕ ببێتەوە، و هەروەها لە کاتی بیناسازیدا بڕێکی زۆر ئاو لە ژێر زەویدا هەڵدەکێشن. هەروەها دەرهێنانی نەوت و گازیش دەتوانێت هۆکارێکی دیکە بێت بۆ خێراکردنی ڕۆچوونی زەوی و هەموو ئەمانەش دەتوانن پێکهاتە ژێرزەمینییەکان لاواز بکەن و ڕۆچوونەکان خێراتر بکەن.

وەی هیوادارە لێکۆڵینەوەکانی پاڵنەرێک بێت بۆ شارەوانییەکان بۆ گرنگیدان بە ڕۆچوون و نوشستی زەوی، بە گوتەی ئەو کاتێک شارێک بزانێت لە کوێدا ئەگەری ڕوودانی ڕۆچوونی زەوی هەیە، دەتوانێت هەڵسەنگاندن بۆ ناوچەکە بکات و هەنگاو بۆ پاراستنی بنێت.

لەگەڵ گەشەکردن و فراوانبوونی خێرای شارەکان لە سەرانسەری جیهاندا، تێگەیشتنمان لە دەرئەنجامە نەخوازراوەکانیش لە زیادبووندایە.

توێژینەوەکانی تیمی وەی دەریدەخەن کە چۆن ئەم دەرەنجامانە کاتێک لەگەڵ کاریگەرییە جیهانییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا تێکەڵ دەبن، دەتوانن کێشەی گەورە و ناوازە دروست بکەن.

هەروەها ئەم توێژینەوانە ئاماژە بەوە دەکەن کە کەمکردنەوەی کارەساتەکان لەسەر ئاستی جیهانی و ناوخۆیی، دەتوانرێت بە باشترین شێوە لە ڕێگەی چاودێریکردن و هەڵسەنگاندن و پێشبینیکردنی وردەوە بەدی بهێنرێت.

XS
SM
MD
LG