Accessibility links

سەرۆکی ئەندازیارانی کۆمپانیای نەوتی باکور: بیرە نەوتیەکانی کەرکوک لەسەردەمی هەرێم دا ئەزیەت دراون


سەرۆکی ئەندازیارانی پێشکەوتوو لەکۆمپانیای نەوتی باکور ڕایدەگەیەنێت، ئەوکاتەی کەرکوک لە ژێر کۆنترۆڵی هەرێمی کوردستان دا بووە، ئەزیەتی بیرە نەوتیەکان دراوە و زیاد لەپێویست نەوتیان لێدەرهێنراوە، بەڵام ئێستا جیاوازتر کاری دەرهێنان لەبیرە نەوتیەکانی کەرکوک ئەنجام دەدرێت.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، فەرهاد حەمزە سەرۆکی ئەندازیارانی پێشکەوتوو لە کۆمپانیای نەوتی باکور دەڵێت"پێشتر داهاتی نەوتی بای حەسەن و هاڤانا دەڕۆیشتە لای هەرێم، بەڵام ئێستا ڕۆژانە نزیکەی 360 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکەین و داهاتەکەی دەچێتە خەزێنەی حکومەتی عێراقەوە."

سەرۆکی ئەندازیارانی پێشکەوتوو لەکۆمپانیای نەوتی باکور ڕوونیشیکردەوە، بەراورد بەسەردەمی حکومەتی هەرێم، ئێستا نەوت لەکەرکوک کەمتر بەرهەم دەهێنرێت، چونکە کۆمپانیای نەوتی باکوور بەشێوەیەکی ئەندازیاری تەواو کاردەکات، تا بیرەکان ئەزیەتیان نەبێت و زیانیان پێنەگات بۆ داهاتوو، وتی"ئەوەی هەرێم دەیکرد، مەبەستی بوو بەرهەمی زیاتر بێت، ئەو بیرانە ئەزیەتیان دەبوو، بەڵام ئێمە زۆر ئەندازیارانە ئیشیان تێدا دەکەین."

سەبارەت بەچۆنیەتی ئەزیەت دانی بیرە نەوتیەکانی کەرکوک، ئەوکاتەی لە ژێر کۆنترۆڵی هەرێم دا بوون، فەرهاد حەمزە وتی"جاران لە بای حەسەن 160 بۆ 170 هەزار بەرمیل نەوت دەردەهێنرا، بەڵام ئێستا ئێمە 120 هەزار بەرمیلی لێ دەردەهێنین، ئەوان لەسنوری خۆی زیاتر نەوتیان دەردەهێنا، بۆیە لەمحاڵەتەدا یان غاز سەردەکەوێ یان ئاو، ئێمە زیاد لەپێویست دەرناهێنین، تا بیرەکان ئەزیەتیان نەبێت."

بەشێک لە بیرە نەوتیەکانی کەرکوک دەکەونە نێو ماڵانەوە، سەبارەت بە زیانی ئەو بیرانە بۆ سەر ژینگەی شارەکە و تەندروستی هاوڵاتیان، سەرۆکی ئەندازیارانی کۆمپانیای نەوتی باکوور وتی"دوای ساڵی 2003 زیادەڕۆیی کراوەتە سەر کێڵگە نەوتیەکان، تا وایلێهات بیری نەوت بکەوێتە نێو ماڵان، هەرچەندە بیرە نەوتی نێو ماڵەکان، نەوتیان لێ بەرهەم ناهێنرێت و لەڕووی ژینگەییەوە کاریگەریان نیە، بەڵام یاسایی نیە، بیرە نەوت بکەوێتە ناو ماڵانەوە."

لەکۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، سەرۆکی ئەندازیارانی پێشکەوتوو لە کۆمپانیای نەوتی باکور، لەبارەی ناکۆکی ئەم دواییەی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر نەوتی کەرکوک و یەکتری تۆمەتبارکردنیان بەدەستگرتنە سەر بیری نەوت، وتی"ئەو بیرە نەوتە کەوتبووە سنوری پێشمەرگە، لای ئێمە تەرک کراوە و بەرهەمی نەماوە، بەڵام ویستمان تێستی بکەین، تێست کراو لەوە زیاتر هیچ نەبوو."

XS
SM
MD
LG