Accessibility links

هەندرێن محەمەد : پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەران یەكێكە لە كارە سەرەكیەكانی ئیشی كۆمسیۆن


هەندرێن محەمەد سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان
هەندرێن محەمەد سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان

سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان داوا لە پەرلەمانی كوردستان و هەموو حزبە سیاسیەكان دەكات كە ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن بژاردەیەكی ئاسان نییە و ئاشكرایكرد كە پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەران یەكێكە لە كارە سەرەكیەكانی ئیشی كۆمسیۆن.

هەندرێن محەمەد سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند " ئێمە پێمان باشە ئەو دامەزراوە فەرمیە ئەكتیڤ بكرێتەوە یان هەڵبژێردرێتەوە، ئینجا دوایی بابەتی ئەوەی كە یاسا دەگوردرێت یان هەڵبژاردن دەكرێت یاخود نا، چونكە یەكێكە لە دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان پێویستە وەك تەواوی دامەزراوەكانی تر كار بكات چونكە كاری كۆمسیۆن جگە لەوەی بۆ هەڵبژاردنەكان ئیش دەكات ماوەیەكیشی پێویستە بۆ ئامادەكاری و بنیاتنانانی كارمەندان و كاروباری ئیداری و دارایی".

سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵا دەڵێت" ئێمە چاوەڕێی پەرلەمانین پێشتریش هەر لە زوو پەرلەمانمان لە تەواوبوونی وادەی كۆمسیۆن ئاگاداركردووەتەوە لە كاتی گەیشتنی مەرسومی سەرۆكی هەرێم بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، ئەو كاتیش نوسراومان بۆ كردن وتمان ئەوە نوسراوێك گەیشتووە پێویستە ئەو كۆمسیۆنە كارا بكرێتەوە بۆ هەڵبژاردن، ئێستاش چاوەڕێی پەرلەمانین هەموو حزبەكان دەلێن ئێمە لەگەڵ ئەوەین هەڵبژاردنەكان لەكاتی خۆیدا بكرێت، بەڵام هەموویشیان دەزانن بەبێ كاراكردنەوەی كۆمسیۆن ئەو هەڵبژاردنە ناكرێت بۆیە لەسەریانە بە زووترین كات كێشەی ئەو كۆمسیۆنە یەكلایی بكرێتەوە".

سەبارەت بە پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەران، هەندرێن محەمەد گوتی" پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەران یەكێكە لە كارە سەرەكیەكانی ئیشی كۆمسیۆن ئێمە تۆمارێكمان هەیە ساڵی 2018 هەڵبژاردنمان پێی كرد بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئێستا متمانەیەك هەیە بە تۆماری بایومەتری فیدراڵی دەكرێت، ئێمە ئەو تۆمارە بەكاربهێنین و بە تایبەتیش لە هەڵبژاردنێكی نزیك ( ساڵی ڕابردوو) بەكارهاتووە هەرهەمان ئەو لیستانە بخرێنەوە بنكەكانی دەنگدان .ئێمە دەڵێن چی لە بەرژەوەندی میلەت و كوردستانیانە ئەوە بكرێت وەك كۆمسیۆن".

سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان داوا لە پەرلەمانی كوردستان و هەموو حزبە سیاسیەكان دەكات كە ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن بژاردەیەكی ئاسان نییە و دەڵێت" با ئەو كۆمسیۆنە كارا بكرێتەوە یان كۆمسیۆنێكی نوێ هەلبژێرن بەهەرشێوەیەك كە دەیانەوێ بۆ نموونە باسی ئەوە دەكرێت كە دادوەر بێت یان بەهەرشێوەیەكی تر بۆ ئەوەی ئەو كۆمسیۆنە بەلایەنی كەم ئامادەكاری بكات، و دوای ئەوە ئەگەر هەر گۆڕانكاریەك لە یاسا هەبێت بدرێتە ئەو كۆمسیۆنە و هەڵبژاردنەكانی پێ بكرێت. دانیشتن لەگەڵ یەكتر باشترین چارەیە دەبێت ئاخاوتن و لێكتیگەیشتن هەبێت لەو بڕوایەدام چەند دانیشتن و دانوستاندن هەبێت ئەوا زووتر دەگەنە ئەنجام".

ماوەكانی ڕابردوو لە لایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە ڕۆژی 1ی مانگی 10 ی ئەمساڵ بۆ ڕۆژی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان دیاریكراوە، بەڵام تا ئیستا حزب و لایەنە سیاسیەكان ناكوكن لەسەر شێواز و چۆنیەتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:57 0:00

XS
SM
MD
LG