Accessibility links

7 سەربازی تورک لە ماوەی 5 ڕۆژدا لە عێراق کوژراون


وەزارەتی بەرگری تورکیا ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند لەکاتی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیدا لەباکوری عێراق سەربازێکی تورک کوژرا و یەکێکی تر برینداربووە، لەم دەمەی ئەنقەرە هەڵمەتێکی سەربازی لەدژی شەڕڤانانی کورد دەستپێکردووە.

بەم جۆرەش ژمارەی سەربازەکانی تورکیا کە لەوەتای ڕۆژی سێشەممەوە لە ناوچەکەدا کوژراون بەرەو 7 بەرزدەبێتەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی بەرگری تورکیا، ئەو دوو سەربازە لە کاتی تێپەڕبوونیان بەسەر ئامێرێکی تەقەمەنیدا یەکێکیان کوژرا و ئەوی تریان برینداربوو.

تورکیا بەردەوام هێرش لە باکوری عێراق ئەنجام دەدات، کە پەکەکە بنکە و کامپی ڕاهێنانی هەیە لە هەرێمی شەنگال و لە ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق کە هاوسنوورە لەگەڵ تورکیادا.

پەکەکە کە لەلایەن ئەنقەرە و هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانیەوە بە ڕێکخراوێکی "تیرۆریستی" لە قەڵەمدراوە، لە ساڵی 1984ەوە لە دژی دەوڵەتی تورک خەبات دەکەن، و لە ناوچە شاخاوییە دوور دەستەکانی عێراق نیشتەجێین.

لە ناوەڕاستی مانگی چوارەوە تورکیا کە ماوەی 25 ساڵە بنکەی سەربازی لە باکوری عێراق دامەزراندووە، ئۆپەراسیۆنێکی نوێی دژی شەڕڤانانی کورد ڕاگەیاند.

ئۆپراسیۆنەکە دوای ئۆپەراسیۆنەکانی "چنگی پڵنگ" و " چنگی هەڵۆ " دێت کە لە ساڵی 2020 لە لایەن سوپای تورکیاوە لە باکوری عێراق ئەنجامدرابوون .

ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا ڕۆژی دووشەممە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی نوێی لە باکوری سوریا ڕاگەیاند بە مەبەستی دامەزراندنی ناوچەی ئارام بۆ ئەنقەرە بە پانی 30 کیلۆمەتر لە سنوورەکانییەوە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG