Accessibility links

قەدەغەکردنی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل، ئەو یاسایەی خێرا دەرکراو داهاتووی دیارنیە


"بەڵێ بەڵێ بۆ عێراق، نا نا بۆ ئیسرائیل" ئەمە دروشمی پەرلەمانتارانی عێراق بوو، دوای پەسەندکردنی یاسای قەدەغەکردنی پەیوەندی عێراق لەگەڵ ئیسرائیل، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت ئەم یاسایە گرفتی گەورەی بۆ عێراقیەکان لە چۆنیەتی بەکارهێنانی بە دواوە بێت.

دەرچوواندنی یاساکە لە کاتێکدایە، ململانێیەکی توند لە نێو لایەنە سیاسییەکانی عێراق هەیە، ناو بە ناو هەندێک لایەن و کەسایەتی عێراق بە هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل تۆمەتبار دەکرێن، ئەمەش کێشمەکێشی گەورەی لەسەر ئاستی عێراق بە دوای خۆیدا هێناوە.

سالار مەحمود ڕاوێژکاری پێشووی سەرۆک کۆماری عێراق پێیوایە، حکومەت سیاسەتی دەرەوە لەگەڵ وڵاتان دیاری دەکات نەک پەرلەمان، گوتی"دەبوو ئەم مەسەلە بۆ حکومەت جێبهێڵرێ، پەرلەمان کارێکی کرد، ئیشی ئەو نەبوو."

مەترسی دروستبوونی کێشمەکێشی سیاسی دوای بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق دژی ئیسرائیل لە ئارادایە، بە تایبەت بە پێی گوتەی چەند سەرچاوەیەک کە دەنگی ئەمەریکا قسەی لەگەڵ کردوون، بیرۆکەی قەدەغەکردنی سەردانی ژمارەیەکی زۆر سیاسی بۆ عێراق لە ئارادایە بە بیانووی هەبوونی پەیوەندیان لەگەڵ ئیسرائیل، کە هەڵگری پاسەپۆرتی چەندین وڵاتی جۆراوجۆرن.

بەڵام سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار لەبەغداوە بەدەنگی ئەمەریکای گوت"قەدەغەکردنی سەردانی دپلۆماتکاران ئاسان نیە، زیانی گەورە بە عێراق دەگەیەنێت."

دەرچوونی یاسای قەدەغەکردنی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل لە کاتێکدایە، چەند مانگێک لەمەوبەر بە بیانووی هەبوونی بنکەی ئیسرائیلی، هەولێر لەلایەن ئێرانەوە موشەک بارانکرا، بۆیە بە دوور نازانرێت یاساکە لە ململانێی ناوخۆیی عێراقیش دا بەکاربهێنرێت.

شوان محەمەد تەها بەرپرسی لقی بەغدای پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت"ئەو یاسایەی دەرکراوە، لەو ڕۆژەوە کاری پێدەکرێت کە بڕیاری لەسەر دراوە، بەڵام من زۆر موتابەعەی یاساکەم نەکردووە."

زۆرێک لە لایەنە عێراقی و تەنانەت هێزە کوردیەکانیش بەوە تۆمەتبار دەکرێن، بەشێک بن لە ئەجێندا نێودەوڵەتی و ئیقلیمیەکان، بەڵام هەندێک لە بەرپرسانی کورد پێیانوایە بێ لایەنی بۆ کورد، لە هەموو جۆرە لایەنداریەک گرنگترە.

سالار مەحمود ڕوونیکردەوە، بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی پەیوەندی بازرگانی و ئابووریان لەگەڵ ئیسرائیل هەیە، پەیوەندی بازرگانی جودایە لە پەیوەندی سیاسی، ئەگونجێت لەگەڵ وڵاتێک لە ململانێی سیاسی دا بیت، بەڵام لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پەیوەندیت هەبێت، گوتی"بابەتی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل زۆر هەستیارە، کورد باشترە، نە لەگەڵی بێت نە دژیش بێت، عێراق وەکو دەوڵەت چۆن بڕیاری دا، هەرێم بەشێک بێت لەو بڕیارە، نابێت کورد هیچ پەیوەندیەکی بە مەسەلەی ئیسرائیلەوە هەبێت، چونکە خۆمان ناو کێشەی ئیقلیمیداین."

گوتیشی"هەرێم بەشێکە لە عێراق، سیاسەتی دەرەوە عێراق دایدەڕێژێت، هەرێم پەیوەندی بەم مەسەلانەوە نەبێت باشە."

ئاڵۆزی پەیوەندی نێوان لایەنە عێراقیەکان و تێکەڵبوونی ئەجێندا دەرەکیەکان، هێندەی تر دۆخی عێراقی ڕوو لە چەقبەستوویی زیاتر کردووە، بە شێوەیەک تا ئێستا هیچ دەرچەیەکی سیاسی و یاسایی بۆ دەربازکردنی عێراق لەو قەیرانەی تێیکەوتووە نەدۆزراوەتەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:50 0:00

XS
SM
MD
LG