Accessibility links

میسر بە ناچاری بەرهەمی گەنمی خۆماڵی لە جوتیاران دەکڕێتەوە


دوا بە دوای پەککەوتنی هاوردەکردنی گەنم لە دەریای ڕەشەوە بەهۆی هێرشە داگیرکارییەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، میسر کە گەورەترین هاوردەکاری جیهانە، پشت دەبەستێت بە بەشێکی زۆری گەنم کە لە دەریای ڕەشەوە هاوردەی دەکات، لە ئێستادا لە هەوڵی ئەوە دایە هەموو توانایەک بخاتە گەڕ بۆ کڕینەوەی بەرهەمی گەنمی ناوخۆی وڵاتەکەی لە پێناو پڕکردنەوەی پێداویستی هاوڵاتیان.

نان بەشێکی سەرەکی خۆراکی زیاتر لە 70 ملیۆن کەسە لە کۆی 103 ملیۆن کەس کە وڵاتی میسر دەبێت دابینی بکات، حکومەتەکە ئامانجێکی گەورەی داڕشتووە بۆ کڕینی شەش ملیۆن تۆن گەنمی ناوخۆیی ئەمساڵ، کە ئەو بڕە بە ڕێژەی دوو لەسەر سێ زیاترە بە بەراورد بە دوو ساڵی ڕابردوو.

بەرنامەی یارمەتی خۆراکی میسر ساڵانە پێویستی بە نزیکەی نۆ ملیۆن تۆن گەنم هەیە. ساڵی ڕابردوو حكومه‌ت 4.7 ملیۆن تۆن گەنمی هاورده‌ی كردووه‌ كه‌ به‌شێكی زۆری له‌ ڕووسیا و ئۆكرانیاوە بووە، تا ئێستاش نزیكه‌ی ملیۆنێك و 900 هه‌زار تۆن گه‌نمی بیانی بۆ بۆ‌ ساڵی 2022 كڕیووه‌. نزیکەی 300 هەزار تۆن گەنم لە ئۆکرانیا گیریان خواردووە و نرخ و پێداویستییەکانی داهاتووش نادیارە.

لە کاتێکدا کە هەوڵدەدات یەدەگی گەنم بەهێز بکات، حکومەت دەڵێت جووتیاران دەبێت لانیکەم 60%ی بەرهەمەکانیان بۆ دەوڵەت دابین بکەن، کە بەراورد بەو 40%ی ساڵی ڕابردوو کڕیویەتی، خەریکە غەرامە و تەنانەت زیندانیش بەسەر ئەو کەسانەدا دەسەپێنێت کە پابەند نابن بەو ڕێسایانەوە.

ئەو یاسایانە بۆ ئەوەیە کە جووتیاران نەتوانن زیاتر لە بەرهەمەکانیان بۆ خۆراکی ئاژەڵان ئەمبار بکەن، هەروەها ڕێگری بکەن لە بازرگانان لە بازاڕی ئاساییدا گەنمەکە بفرۆشن.
هەروەها حکومەت نرخەکانی بە ڕێژەی 22% لە ساڵی ڕابردووەوە بەرزکردووەتەوە، بۆ 311.23 بۆ318.40 دۆلار بۆ هەر تۆنێک، هەرچەندە ئەوە هێشتا زۆر لە خوار نرخی نێودەوڵەتییەوەیە و هەندێک لە جووتیاران دەڵێن ئەوە بەس نییە بە لەبەرچاوگرتنی بەرزبوونەوەی تێچووی شتومەک و کار.

لە ناوچەی بەنها لە باکوری قاهیرە، ئەحمەد سەمیر جووتیارێکی تەمەن 59 ساڵە دەڵێت ئەمساڵ کەمتر گەنمی چاندووە لە کێڵگەکەی کە سێ (دۆنم)ە و قەبارەکەی ئاساییە بەڵام بەهۆی گرانی نرخی کار و پێداویستییەکانی دیکەوە بووە.

ئەو جوتیارە پلانی وایە نزیکەی دوو لەسەر سێی گەنمەکەی بە حکومەت بفرۆشێت و ئەوەی دیکەش بۆ خواردنی ماڵومناڵەکەی بهێڵێتەوە.
ئەو دەڵێت "لە ژێر ڕۆشنایی تێچووی زۆردا، نرخی کڕین ئەوەندە ئاسان نیە، تەنها باشترکردنە".

سەرەڕای ناڕازیبوون بەو بارودۆخە، بەڵام جووتیاران دەڵێن فرۆشتن بە حکومەت گونجاوە، هەروەها گرەنتی پارەدان بۆ ئەو کەسانە دەکات کە قەرزیان لەسەرە یان پێویستیان بە دەستکەوتنی پارە هەیە بەخێرایی. تا ئێستا حکومەت ٣ ملیۆن تۆن گەنمی کڕیوە لە دروێنەی ناوخۆ کە تا مانگی 7 بەردەوام دەبێت.

ئاڵنگاری گەورەتر بۆ حکومەت بازرگانکردنە لەگەڵ لایەنی سێیەمدا، کە هەوڵدەدات سنوورداری بکات بەوەی داوا لە جووتیاران بکات کە داوای مۆڵەت بکەن بۆ فرۆشتنی گەنم لە بازاڕدا دوای دڵنیابوونەوە لە پێدانی پشکەکانیان.

نرخی گەنم لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بەرزبۆتەوە کە کەمتر بووە لە نرخی گەنمی میسری، لە دوایین تەندەری میسر لە مانگی 4 دا بۆ نزیکەی 450 دۆلار بۆ هەر تۆنێک بەرزبووەتەوە بە بەراورد بەو 318 دۆلارەی کە لە مانگی 2 دا بوو بۆ هەر تۆنێک، ئەمەش بازرگانەکانی هانداوە گەنمی خۆماڵی بکڕین.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG