Accessibility links

زیادکردنی نرخی سوود لە بانکی ناوەندی ئەمەریکا و کاریگەری لەسەر نرخی زێڕ لە هەرێمی کوردستان


دوای بڕیارەکەی بانکی ناوەندی ئەمەریکا، نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، بە شێوەیەک لە سێ مانگی ڕابردوودا کەمترین نرخی تۆمارکرد، نرخی زێڕ لە گرێبەستە خێراکان بە ڕێژەی 0.1% بۆ 1808 دۆلار و لە گرێبەستەکانی داهاتووی بە ڕێژەی 0.2% بۆ 1804 دۆلار دابەزی.

ڕۆژی 4ی مانگی 5ی 2022 بانکی ناوەندی ئەمەریکا دوای چەند کۆبوونەوەیەک لەسەر کاریگەری لێکەوتەکانی کۆرۆنا و شەڕی ئۆکرانیا و ڕووسیا، بۆ ڕێگرییکردن لە دروستبوونی هەڵاوسان، بڕیاریدا بە بەرزکردنەوەی ڕێژەی سوودی بانکی.

بەگوێرەی بڕیارەکە، بەهای سوود لەسەر کاڵاکان بووەتە 0.50% لە کاتێکدا پێشتر ڕێژەکە 0.25% بوو، بڕیارەکەش ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر بەهای زێڕ و دراوە ئەلیکتۆرنییەکان کرد، بەشێوەیەک پێنوێنەکە لە کەمترین ئاستی ساڵی ڕابردوویدایه‌، کە بۆ 12 خاڵ دابەزیوە لە کاتێکدا لە مانگی ڕابردوو 50 خاڵی تۆمار کردبوو.

دکتۆر یونس عەلی، مامۆستا لە زانکۆی سلێمانی و پسپۆڕی ئابووری لەم وتووێژەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا باس لە کاریگەرییەکانی بەرزکردنەوەی ڕێژەی سوود دەکات لەسەر بەهای زێڕ و دراوە ئەلیکترۆنییەکان و کاریگەری لەسەر بازاڕی جیهان.

لە بارەی هۆکاری دەرکردنی بڕیاری بەرزکردنەوەی نرخی سوود لە بانكی ناوەندی ئەمەریکا، دکتۆر یونس پێیوایە، کە بڕیارەکە بۆ ڕێگرییکردنە لە دروستبوونی هەڵاوسان و دەڵێت:

یەكێک لە ئامرازه‌ گرنگەکان بە دەست بانکی ناوەندی ئەمەریکاوە بۆ ڕێكخستن و ڕیگەگرتن لە پرسی هەڵئاوسان وگرانبونی بازاڕ نرخی سوودە، ئەمە لە کاتێکدایە ئەم زیادکردنە هەموو جۆرەکانی وەبەرهێنان ناگرێتەوە.

بڕیارەکە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر نرخی زێڕ دروستکردووە لە بازاڕەکانی جیهان و بە ڕێژەی 0.1%ی بەهاکەی لەدەستداوە. دەربارەی کاریگەری نرخی ئەم بەرزکردنەوەیە لەسەر نرخی زێر لە جیهاندا.

دکتۆر یونس پێی وایە لەگەڵ ئەوەی لە ڕابردوودا پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆ لە نێوان نرخی ئاڵتون و نەوت و نرخی دۆلار هەبوو، بەڵام لە ئێستادا کاریگەریەکان فۆڕمی جیاوازی وەرگرتووە، بە جۆرێک لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار، نرخی ئاڵتون دابەزین بەخۆیەوە دەبینێت، وە لەگەڵ بەرزبونەوەی نرخی نەوت نرخی دۆلار دابەزین بەخۆیەوە دەبینێت، ناجێگیری ئابوری ئەمەریکاش بە هۆکاری جەنگ یان ئامادەکاری بۆ جەنگ، بۆیە دەتوانین بڵێین نرخی دۆلار ناتوانێت ڕۆڵی کاریگەر ببینێت بۆیە نرخی سوود دەکرێتە تەواوکەری ئەرکی دراو و بەرزکردنەوەی نرخی سوود کاریگەری لەسەر نرخی زێریش دروست دەکات، بەڵام کاریگەریەکە ناڕاستەوخۆیە، کاریگەریەکەش لەسەر نرخی زێڕ لە جیهاندا بە ڕێژەیەکی بەرچاو نیە.

بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بە بڕوای ئەو پسپۆڕە ئابوورییە، کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر بازاڕی هەرێمی کوردستانیش هەیە. سەبارەت بە بڕیارەکەی بانکی ناوەندی لەسەر نرخی زێڕ لە کوردستاندا.

ئەو پسپۆڕەی ئابوری دەڵێت "نرخی دراو کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە، بە جۆرێک نرخی سوود کاریگەریەکەی کەمترە، بچوکی بازاڕی کوردستانیش هۆکارە سەرەکیەکەیە و نا جیگێری بازاڕیش بە هۆکاری پرسی موچەو پێشبینیەکان و عادات و تەقالیدی کۆمەڵگا هۆکارێکی ترن."
لەگەڵ ئەوەی زیاد کردنی نرخی سووود کاریگەری لەسەر هەموو بابەتەکانی تر هەیە، بەڵام قه‌باره‌ی کاریگەرییەکە دەبێت بەشێوەی داتا بکرێت، بەو پێیەی دراوی ئەلکترۆنی دراوێکی سەرەکیە لە ئەمەریکا بە دڵنیایەوە کاریگەری گەورەی دەبێت.

گەشەی ئابووری وڵات یەکێکە لەو سێکتەرانەی بەرزکردنەوەی نرخی سوود کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر دروست دەکات، کاریگەرییەکانیش لایەنی ئەرێنی و نەرێنی هەیە. لە بارەی کاریگەری نرخی سوود لەسەر گەشەی ئابوری وڵات دکتۆر یونس دەڵێت:

دەکرێت کاریگەریەکانی نێگەتیڤ بن و لە هەندێ حاڵەتیشدا کاریگەرییه‌کان پۆسەتیڤ بن، لەگەڵ زیاد بوونی نرخی سوود دەبێتە هۆی زیادبوونی پاشەکەوت و بە زیاد بوونی پاشەکەوتیش واتە زیاد بوونی پرسی سه‌رمایه‌گوزاری و بەرهەمی خۆماڵی، ئەمانەش دەکاتە زیاد بوونی گەشەی ئابوری، ئەمە لە کاتێکدایە دەکرێت کاریگەرییە نێگەتیڤەکانی ببێتە هۆی کەم بوونەوەی چەند جۆرێکی سه‌رمایه‌گوزاری، ئەمەش ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی کەمبونەوەی به‌رهه‌می ناوخۆیی.

ئەوە لە کاتێکدایە، سەرۆکی بانکی ناوەندی ئەمەریکا نایشارێتەوە، کە بانکی ناوەندی وڵاتەکەی بە خێرایی بەرەو زیادکردنی ڕێژەی سوود هەنگاو دەنێت و ڕەنگە رێژەی سوود هێشتا زیاتریش بەرزبکرێتەوە، ئێستا چاوەکان لەسەر ئەوەیە ئایا ئابووری جیهان لە دوای ئەم گۆڕانکارییانەوە بەرەو کوێ هەنگاو دەنێت؟

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:57 0:00

XS
SM
MD
LG