Accessibility links

رووسیا تاوتوێی دەست بەسەرداگرتنی کۆمپانیا رۆژئاواییەکان دەکات کە وڵاتەکەی جێدەهێڵن


ڕووسیا کار لەسەر یاسایەکی نوێ دەکات کە ڕێگەیدەدات کۆنترۆڵی لقی رووسیای ئەو کۆمپانیا ڕۆژئاواییانە بکات کە دەیانەوێت لە دوای داگیرکردنی ئۆکرانیا لەلایەن رووسیاوە وڵاتەکە جێبهێڵن، ئەمەش مەترسییەکان بۆ کۆمپانیا بیانییەکان کە هەوڵی دەرچوون دەدەن زیاتر دەکات.

یاساکەی کە دەکرێت لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا جێبەجێ بکرێت، دەسەڵاتی فراوان دەدات بە ڕووسیا بۆ دەستێوەردان لەو شوێنانەی کە مەترسی لەسەر هەلی کار یان پیشەسازی ناوخۆیی هەیە. ئەمەش قورستری دەکات بۆ کۆمپانیا ڕۆژئاواییەکان کە بە خێرایی ئەو وڵاتە جێبهێڵن مەگەر ئامادە بن زیانێکی دارایی گەورەیان پێبگات.

یاسای دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی وەبەرهێنەرانی بیانی دوای کۆچی کۆمپانیا ڕۆژئاواییەکان دێت، وەک ستاربەکس و مکدۆناڵدز و فشارەکان لەسەر ئەوانە زیاتر دەکات کە هێشتا لەو وڵاتەن.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئابووری ڕووسیا لە ژێر سزاکانی ڕۆژئاوادا ڕووبەڕووی قەیرانێکی گەورە بۆتەوە و رێژەی هەڵاوسان بۆ زیاتر لە 17% بەرزبۆتەوە.

بانکی ئیتاڵی یونی کرێدت ، بانکی نەمسایی Raiffeisen ، گەورەترین براندی مۆبیلیاتی جیهان، IKEA، زنجیرە رێستۆرانتی خواردنی خێرا بێرگەر کینگ و سەدان کۆمپانیای بچووکتر هێشتا کاریان لە ڕووسیا ماوە.

IKEA، کە هەموو ئۆپەراسیۆنەکانی لە ڕووسیا ڕاگرتووە، ڕایگەیاندووە کە لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ پەرەسەندنەکە دەکات. بانکە نەمساوییەکە دەڵێت هەڵسەنگاندن بۆ هەموو بژاردەکان دەکات، لەنێویاندا دەرچوونێک کە بە وردی بەڕێوەببردرێت. کۆمپانیای یونی کرێدیتی ئیتال رەتیکردەوە هیچ لێدوانێک بدات لە کاتێکدا بێرگەر کینگ دەستبەجێ وەڵامی داواکارییەکی بۆ لێدوان نەدایەوە.

ئەم پڕۆژە یاسایە ڕێگە خۆش دەکات تا ڕووسیا بەرێوبەر بۆ ئەو کۆمپانیا بیانییانە دەستنیشان بکات کە خاوەنەکانیان لە وڵاتانی "نادۆست"دا دەژین و دەیانەوێت پشتبکەنە ڕووسیا.

بە شێوەیەکی گشتی، مۆسکۆ وشەی "نادۆست" بۆ ئەو وڵاتان بەکاردەهێنێت کە سزای ئابوورییان بەسەر ڕووسیادا سەپاندووە. واتە هەر کۆمپانیایەکی یەکێتی ئەوروپا یان ئەمریکا لە مەترسیدایە.

کۆمیسیۆنی ئەوروپا ڕۆژی چوارشەممە پێشنیاری توندترکردنی هەڵوێستی خۆی کرد تا شکاندنی سزاکانی یەکێتی ئەوروپا لەسەر سەر ڕووسیا وەکو تاوان هەژمار بکرێت. ئەو یاسا پێشنیازکراوە ڕێگە بە حکومەتەکانی یەکێتی ئەوروپا دەدات دەست بەسەر سەروەت و سامانی ئەو کۆمپانیا و کەسانەدا بگرن کە خۆیان لە سزاکانی سەر مۆسکۆ دەدزنەوە.

سەرچاوە: رۆیتەرز

XS
SM
MD
LG