Accessibility links

یەکێتی ئەوروپا دەیەوێت خۆدزینەوە لە سزاکانی سەر رووسیا بکاتە تاوان


کۆمیسیۆنی ئەوروپا ڕۆژی چوارشەممە پێشنیازی کرد شکاندنی سزاکانی یەکێتی ئەوروپا بۆ سەر ڕووسیا بکرێتە تاوان، ئەمەش ڕێگە بە حکومەتەکانی یەکێتی ئەوروپا دەدات دەست بەسەر سەروەت و سامانی ئەو کۆمپانیا و کەسانەدا بگرن کە خۆیان لە ئابلوقەکانی یەکێتی ئەوروپا لە دژی مۆسکۆ دەدزنەوە.

شکاندنی سزاکانی یەکێتی ئەوروپا بۆ سەر ڕووسیا ئێستا تەنیا لە 12 وڵاتی یەکێتی ئەوروپادا تاوانە. دیدیە ڕیندێرز، کۆمیساری دادوەری دەڵێت، لە 13 وڵاتی دیکە، یان سەرپێچییەکی کارگێڕییە یان تاوانکاریی و لە دوو وڵاتیش تەنها وەک تاوانێکی کارگێڕی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. بەهەمان شێوە، سزای جیاواز لە ناو یەکێتی ئەروپادا بۆ ملکەچنەبوونی ئابلوقەکان هەیە.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی پێشنیاری کۆمسیۆنەکە ئامانجی یەکخستنی ئەو یاسایانەیە بۆ ئەوەی خۆدزینەوە لە سزاکان ببێتە تاوانێکی گەورە لە نێو تەواوی 27 وڵاتە ئەندامەکەدا.

کۆمسیۆنەکە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، "پێشنیارەکانی ئەمڕۆ ئامانجیان ئەوەیە کە لە داهاتوودا بتوانرێت سەروەت و سامانی ئەو کەس و لایەنانەی کە پێشێلی رێوشوێنەکان دەکەن، بە شێوەیەکی کاریگەر دەستیان بەسەردا بگیرێت".

یەکێتی ئەوروپا تا ئێستا دەستیگرتووە بەسەر 10 ملیار یۆرۆ لە موڵک و زیاتر لە 20 ملیار یۆرۆ لە هەژماری بانکی ئەو ئۆلیگارکانەی ڕووسیا، کە پاڵپشتی شەڕی رووسیایان لە ئۆکرانیا کردووە.

یاسا نوێیەکەی یەکێتی ئەوروپا دەبێت بە کۆی دەنگ لەلایەن هەموو حکومەتەکانی یەکێتی ئەوروپاوە پەسەند بکرێت و زۆرینە لە پەرلەمانی ئەوروپا بەدەستبهێنێت بۆ ئەوەی جێبەجێبکرێت. یاساکە سزای ئەو کەسانە دەدات کە یارمەتی شکاندنی سزاکان دەدەن، وەک پارێزەران یان بانکدارەکان، کە لەگەڵ ئەو کەسانەدا کاردەکەن کە ئابلوقەکان فەرامۆش دەکەن.

کۆمیسیۆن داهاتی ساڵانەی باندە تاوانبارەکان لە یەکێتی ئەوروپا بە 139 ملیار یۆرۆ دەخەمڵێنێت، کە تەنها 2%ی ئەو بڕە لەلایەن حکومەتەکانی ئەوروپاوە فریز دەکرێت.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG