Accessibility links

د. ڕێبوار بابکەیی : حکومەتی هەرێم لەگەڵ دیپۆرتکردنی پەنابەرانی کورد نیـیە


دەربارەی دەسبەسەرکردنی چەند پەنابەرێکی کورد لە سەنتەری دیپۆرتکردنەوەی بەریتانیا، بە مەبەستی ناردنەوەیان بۆ هەرێمی کوردستان بە زۆرە ملێ، د. ڕێبوار بابکەیی، سەرۆکی لیژنەى پەیوەندییەکان و ڕەوەندى کوردستانی لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت: بۆتە مەبدەئی حکومەتی هەرێم بە هیچ جۆرێک نە لەڕابردوو نە لە ئێستادا لەگەڵ دیپۆرتکردنەوەی هیچ پەنابەرێکی کورد نییە بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵکو لەگەڵ ئەوەدایە کە حکومەتی ئەو وڵاتانە ڕێز لە پەنابەرانی کورد بگرێت، حکومەتی هەرێم خۆی لەگەڵ ئەوەدایە ئەو پەنابەرانەی لەو وڵاتەن مافی پەنابەرێتیان پێبدرێت. "

"حکومەتی هەرێم هەموو پاڵپشتیەکی بۆ کۆچبەران و بۆ پەنابەرانی کورد و کوردستان لەم وڵاتانە دەربڕیووە"

لە سەرەتای قسەکانیدا، د. ڕێبوار بابکەیی وتی" ئێمەش بیستوومانە لە میدیاکانەوە، لای خۆشمانەوە هەندێک پرسیارمانکردووە لە بارەی ئەو بابەتەوە بۆ ئەوەی بزانین بنچینەی بابەتەکە چۆنە؟ ئایا ئەو پرسە تەنها پەیوەندی بە دیپۆرتکردنەوەی پەنابەرانی کوردەوە هەیه؟‌ یاخود بە خەڵکی دیکەشەوە لە وڵاتانی ترەوە بڕیارە دیپۆرتیان بکەنەوە؟ ئەوەی لای ئێمە ڕوونە تەنانەت بۆتە مەبدەئیش لای حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیه،‌ کە حکومەتی هەرێم بە هیچ جۆرێک نە لە ڕابردوو نە لە ئێستادا لەگەڵ دیپۆرتکردنەوەی هیچ پەنابەرێکی کورد نییە بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵکو لەگەڵ ئەوەدایە کە حکومەتی ئەو وڵاتانە ڕێز لە پەنابەرانی کورد بگرێت لەماوەی ڕابردووش حکومەتی هەرێم هەموو پاڵپشتیەکی بۆ کۆچبەران و بۆ پەنابەرانی کورد و کوردستان لەم وڵاتانە دەربڕیووە. "


" حکومەتی بەریتانیا تەنها پەنابەری کورد دیپۆرت ناکاتەوه "


سەرۆکی لیژنەى پەیوەندییەکان و ڕەوەندى کوردستانی لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەڵێت: ئەوەی‌ ئێمە زانیاریمان پێگەیشتووە لە میانەی ئەو پرسیارانەی کە ئاڕاستەی لایەنە پەیوەندیدارەکانمان کردووە جۆرێک لە بەدواداچوون لەسەر ئەو بابەتە کراوە کە لە لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ڕەوەندی کوردستانی ئەو بابەتە بە شێوەیەک لە شێوەکان خرایە ڕوو زانیارییەکان بەو شێوەیەن، یەکەم: حکومەتی بەریتانیا تەنها پەنابەری کورد دیپۆرت ناکاتەوه،‌ بەڵکو پەنابەری زۆرێک لە وڵاتانی ئەفەریقاش وەکو تونس و جەزائیر ئەوانیشی تێدایه،‌ تەنانەت پەنابەری کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیشی تێدایە، دیارە دوای ئەوەی بەریتانیا چۆتە دەرەوە لە یەکێتی ئەوروپا، سیاسەتی کۆچکردنی بەریتانیا لەئێستادا ئەوەیە کە هیچ پەنابەرێک وەرنەگرێت ئەوانەی لەماوەی ڕابردوو هاتونەتە وڵاتی بەریتانیا کەیسی خۆیان بەو شێوەیە پێشکەشی دادگاکان کردووە کە گوایە بۆ نموونە هەڕەشە هەبووە لەسەر ژیان و لەسەر ئاسایشیان بۆیە هاتونەتە بەریتانیا و کەیسیان پێشکەش کردووە بۆئەوەی مافی پەنابەرێتیان پێبدرێت، حکومەتی بەریتانیا ئۆفەرێکی پێداون دوای ئەوەی کە ڕێککەوتنێکی کردووە لەگەڵ وڵاتی ڕواندا بە حساب لەبری ئەوەی مافی نیشتەجێبوون و مافی پەنابەرێتی لە وڵاتی بەریتانیا پێبدات ئەوەتا دەیانێرێتە وڵاتی ڕواندا لەوێ وەکو پەنابەر بمێننەوە بۆئەوەی ژیانیان پارێزراو بێت لەو هەڕەشەیەی ئەوان باسی دەکەن کە لەسەریانە.


"کێن ئەوانەی دەسبەسەرکراون لە بەریتانیا؟"

د. ڕێبوار بابکەیی زیاتر ڕونیکردەوە: ئەوانەی کە دەسبەسەر کراون و بڕیارە دیپۆرت بکرێنەوە ئەو کۆمەڵەن داوای ئەپدەیتی بەڵگەنامەکانیان لێکراوه،‌ بۆ نموونە زۆرێک لە کوردانی ئێمە لەساڵی نەوەدەکانەوە هەتائێستا کە دەچنە ئەوروپا داوای مافی پەنابەرێتی دەکەن بەشێکی زۆریان ناویان گۆڕیووە و بەرواری لە دایکبونییان گۆڕیووە و کەیسی جۆراوجۆریان دروستکردووە بۆئەوەی بتوانن مافی پەنابەرێتی بەدەست بهێنن کاتێک کە داوای ئەپدەیتی-تازەکردنەوەی بەڵگەنامەکانیان لێدەکرێت و بۆیان بهێنن، بێگومان حکومەتی عێراق و سەفارەتی عێراق یان نوێنەرایەتیەکانی حکومەتی هەرێم ئەو بەڵگەنامانەیان پێدەدات کە ناوی ڕاستەقینەیان و بەرواری لەدایکبوونیان کە لەبەڵگەنامەکاندا تۆمارکراو،ن ئەمەش ناگونجێت لەگەڵ ئەو بەڵگەنامانەی کە پێشکەشیان کردووە لە بەریتانیا بۆ مافی پەنابەرێتی، بۆیە ناتوانن ئەو بەڵگەنامانە بهێنن و دەچنە ژێر پرسیارەوە و دەچنە خانەی ئەوان کە بەحساب دەبێت دیپۆرت بکرێنەوه.

"حکومەتی هەرێم و حکومەتی هەر وڵاتێکی تر کە پەنابەری هەبێت لەو وڵاتانە ناتوانێت دەستێوەردان بکات"

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی لە کاتێکدا دەڵێیت، حکومەتی هەرێم لەگەڵ سیاسەتی ناردنەوەی به ‌زۆرە ملێ نییە ئایا وەریاندەگرێتەوە؟

د. ڕێبوار بابکەیی دەڵێت: بەر لەهەمووشتێک مەسەلەی دیپۆرتکردنەوە یاخود پێدانی مافی پەنابەرێتی پەیوەستە بەسیاسەتی ئەو وڵاتەوە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی ئابوری و ئەمنی هەر وڵاتێک یاسای خۆی دەردەکات، بەتایبەت لە ئەوروپا، بۆ مەسەلەی ئەوەی پێشوازی لە پەنابەر بکرێت و وەریبگرێت یان وەرینەگرێت بە هیچ شێوەیەک حکومەتی هەرێم و حکومەتی هەر وڵاتێکی تر کە پەنابەری هەبێت لەو وڵاتانە ناتوانێت دەستێوەردان بکات یان ناتوانێت جۆرێک لە داواکاری بسەپێنێت بەسەر حکومەتی ئەم وڵاتانە بۆئەوەی ئایا وەربیگیرێت یان دیپۆرت بکرێتەوە؟ حکومەتی هەرێمی کوردستان ئێستاشی لەگەڵدا بێت سوورە لەسەر سیاسەتی خۆی کە بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەوە نییە کە پەنابەران دیپۆرت بکرێنەوه.


"حکومەتی هەرێم خۆی لەگەڵ ئەوەدایە ئەو پەنابەرانەی لەو وڵاتەن مافی پەنابەرێتیان پێبدرێت"

دەربارەی ئەوەی دوای سەردانەکەی کاک مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم بۆ بەریتانیا، فیدراسیۆنی سەرانسەری پەنابەران باسی لەوە کرد کە ئەمە ڕێککەوتنێک بووە لەگەڵ وەزیری ناوخۆ بەوپێیەی کە سەرۆکی حکومەت لەگەڵ وەزیری ناوخۆدا کۆبۆتەوە ئایا ئێوە هیچ زانیاریەکتان هەیە حکومەتی هەرێم هیچ جۆرە ڕێککەوتنێکی لەو جۆرە کردووە؟

لە وەڵامدا سەرۆکی لیژنەى پەیوەندییەکان و رەوەندى کوردستانی لە پەرلەمانی هەرەمی کوردستان وتی: ئەو قسانە هیچ بنچینە و بنەڕەتی نییە ئەوانە قسەی سیاسین قسەیەک نییە کە گوزارشت بێت لە وێنە ڕاستەقینەکەی کە ئێستا پەنابەران لەو دۆخەی تیێدان لە بەریتانیا بەهیچ جۆرێک جەنابی سەرۆکی حکومەت لەسەردانەکەی بۆ بەریتانیا باسی لەو پرسە نەکردووە لەگەڵ وەزیری ناوخۆی بەریتانیا، وە بە هیچ ڕێوشوێنێک حکومەتی هەرێم گڵۆپی سەوزی هەڵنەکردووە لەسەر ئەو بابەتە بەڵکو ئەو بابەتە پەیوەستە بەسیاسەتی ناوخۆی ئەو وڵاتەوە بەریتانیا پێداچوونەوەی کردووە بە سیستەمی کۆچبەرانی خۆیان.


"هەندێک ڕێکخراو هەیە کە بەداخەوە دەستی پەکەکەی تێدایە دەستی هەندێک حزبی تێدایە "

د. ڕێبوار بابکەیی زیاتر وتی فیدراسیۆنی بەناو فیدراسیۆنی سەرتاسەری پەنابەرانی کورد هەندێک ڕێکخراو هەیە کە بەداخەوە دەستی پەکەکەی تێدایه،‌ دەستی هەندێک حزبی تێدایە، کە بۆ مەرامی سیاسی دەیانجوڵێنن وەکو پەرلەمانتاری عێراقی کە لە هێزێکی ئۆپۆزیسیۆندایە بۆیە هەر بابەتێک دروست ببێت ئەمان هەوڵدەدەن بە هۆکاری سیاسی بۆ لێدان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ لێدان لە سومعەی سیاسی هەرێمی کوردستان هەوڵدەن بابەتەکە بەسیاسی بکەن کە ئەمە بەڕاستی هەڵەیەکی گەورەیه،‌ ئەگەر هەموو بابەتەکان بەسیاسی بکرێن چونکە حکومەتی هەرێم خۆی لەگەڵ ئەوەدایە ئەو پەنابەرانەی لەو وڵاتەن مافی پەنابەرێتیان پێبدرێت، ئەو کاتەی کۆچبەرانی بیلاڕوسیا کە لە قەیرانێکی مرۆیی گەورە ژیانیان بەسەر برد حکومەتی هەرێم هەر زوو بەهانایەنەوە هات دەستبەجێ و پۆل بە پۆل ئەوانەی داوایانکرد هێنایانەوە و ئێستا لە هەرێمی کوردستان ژیان بەسەردەبەن بۆیە حکومەتی هەرێم هیچ کێشەیەکی نییە لەگەڵ پەنابەر، بەڵکو ئەوە هەندێک هێزی ئۆپۆزیسیۆن و هەندێک هێز هەیە له ‌کوردستاندا هەمیشە لەدوای دەرفەتێک دەگەڕێن بۆ لێدان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و بڵێن ئەوە حکومەتی هەرێمە لەپشتی ئەو سیاسەتەی بەریتانیاوەیە کە پەنابەرانی کوردی دیپۆرت بکاتەوە.


" هەرێمی کوردستان هەمیشە شوێنێکی ئارام بووە بۆ هاوڵاتیانی خۆیی و پەنابەران و ئاوارەکان "

د. ڕێبوار بابکەیی وتیشی" هەرێمی کوردستان هەمووکات شوێنێکی ئارام بووە بۆ پەنابەر، بۆ ئەوانەی هاوڵاتی خۆین، هەروەها بۆ هاوڵاتیانی وڵاتی دیکە، لەماوەی ڕابردوو یەک ملیۆن و 700 هەزار کەس ڕووی لە هەرێمی کوردستان کردووە له ‌ناوەڕاستی عێراق و لە سوریا تەنانەت ئەو کۆچبەرانەی لە بیلاڕوسیاش گەڕانەوە ئەوانە بەئاشکرا دژاییتی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان کرد تەنانەت زمانی زبر و تەشهیرشیان بەکارهێنا بەرامبەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بەکارهێنا، بەڵام ئێستا زۆر بەسەربەرزانە ژیانی خۆیان بەسەردەبەن و لەهیچ هەڕەشەیەک ناترسن. "


" بەریتانیا ئامادە نیە بە هیچ جۆرێک پەنابەر وەربگرێت "

سەبارەت بەوەی تاچەند دروستە کە دەوترێت بەشێک لەو پەنابەرە کوردانە پەیوەندیان هەیە بەو کەسانەی کە هێلکەبارانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمیان کردووە لە بەریتانیا؟

بابکەیی وتی" من هیچ زانیاریەکم نییە لەسەر ئەو بابەتە و نامەوێت کۆمێنتیشم هەبێت،‌ بەڵام بابەتی دیپۆرتکردنەوەی پەنابەرانی کورد و وڵاتانی دیکەش بەشێکە لە سیاسەتی ئێستای کۆچبەرانی وڵاتی بەریتانیا لە بەرامبەر پەنابەران بەریتانیا بە هیچ جۆرێک ئامادە نییە پەنابەر وەربگرێت، بەریتانیا هەوڵدەدات گوایە ئەگەر خەڵکێک هەڕەشەی لەسەر بێت ئەوا با لە وڵاتی ڕواندا بەسەربەرن دوور لەو هەڕەشانەی کە خۆیان پەنابەران باسیانکردووە، ئەوە سیاسەتی ئێستای بەریتانیایە لە بەرامبەر پەنابەرانی کورد و پەنابەرانی دیکە کە حاڵی حازر لە بەریتانیادان . "

please wait

No media source currently available

0:00 0:11:47 0:00
XS
SM
MD
LG