Accessibility links

ئەمەریکا سزا دەخاتە سەر بەرپرسێک و تۆڕێکی دارایی حەماس


وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند واشنتن سزای بەسەر بەرپرسێکی دارایی حەماس و تۆڕێک کەس و کۆمپانیادا سەپاندووە کە کۆمەکی داراییان بۆ گروپە چەکدارە فەلەستینییەکە پەیداکردووە.

لە بەیاننامەیەکدا، وەزارەتەکە دەڵێت سزاکان فەرمانگەی وەبەرهێنانی حەماس دەکەنە ئامانج کە خاوەنی زیاتر لە 500 ملیۆن دۆلار داهاتە. لە نێویاندا، کۆمپانیای سودانی، تورکی، سعودی، جەزائیری و میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەبی هەن.

ئەلیزابێس ڕۆزنبێرگ، یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا بۆ دابینکردنی دارایی و تاوانە داراییەکان، گوتی"حەماس لە ڕێگەی پۆرتفۆلیۆی وەبەرهێنانی نهێنی خۆیەوە بڕێکی زۆر داهاتی بەدەستهێناوە لە هەمان کاتدا غەزە ناسەقامگیر دەکات کە ڕووبەڕووی بارودۆخی سەختی ژیان و ئابووری بووەتەوە."

تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، حەماس هیچ لێدوانێکی لەو بارەیەوە بڵاونەکردۆتەوە. حەماس حوکمڕانی کەرتی غەزە دەکات و لە ڕۆژئاوا و لەلایەن ئیسرائیلەوە بە گروپێکی تیرۆریستی دادەنرێت.

وەزارەتی گەنجینە رایگەیاند، ئەو بەرپرسەی حەماس کە سزای بەسەردا سەپێنراوە، عەبدوڵڵا یوسف فەیسەڵ سەبرییە، کە خەڵکی ئوردنە و لە کوێت وەکو ژمێریار کاردەکات. چەند ساڵێکە لە وەزارەتی دارایی حەماس کاری کردووە.

واشنتن دەڵێت ئەو کۆمپانیایانە کە سزایان بەسەردا سەپێنراوە بریتین لە کۆمپانیای ئەگرۆگەیت هۆڵدینگ کە بنکەکەی لە سودانە، کۆمپانیای سیدار کە بنکەکەی لە جەزائیرە، کۆمپانیای ئیتقان ریاڵ ئیستێت جەی ئێس سی کە بنکەکەی لە ئیماراتە، کۆمپانیای ترێند جی یۆ کە بنکەکەی لە تورکیایە و کۆمپانیای ئەندا کە بنکەکەی لە عەرەبستانی سعودیەیە.

XS
SM
MD
LG