Accessibility links

ئێران بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ناوکی سازش ناکات


وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران هه‌واڵی میدیاکان ئەوەی باس لەوە ده‌كه‌ن تاران ئاماده‌ی سازش کردنە بۆ زیندووكردنه‌وه‌ی ڕێککەوتنە ناوکییەی ساڵی 2015، ڕەتکردەوە.

سه‌عید خه‌تیب زاده‌ گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران دره‌نگانی ڕۆژی شه‌ممه‌ گوتی ئایه‌توڵڵا خامنه‌یی ڕێبه‌ری باڵای ئێران له‌گه‌ڵ ئه‌میری قه‌ته‌ر له‌ تاران باسی هیچ "سازانێک"ی نه‌كردووه.

بە گوتەی خەتیب زادە مانای قسەکانی ئایەتوڵڵا خامنەیی ئەوە بووە کە "تۆپ لە گۆڕەپانی ئەمەریکادایە" و "دەبێت بۆ جێبەجێکردنی پابەندییەکانی بڕیارێکی سیاسی ژیرانە بدات."

پێشتریش ڕۆژی شه‌ممه‌، شێخ محه‌مه‌د بن عه‌بدولڕه‌حمان ئال سانی، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی قه‌ته‌ر له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌ له‌ کەناڵی ئەلجه‌زیره‌وه‌ بڵاوکرایەوە، گوتبووی کە ڕێبەڕی ئێران له بارەی‌ دانوستانه‌كان بۆ زیندووكردنه‌وه‌ی ڕێککەوتنی ناوکی ئاماده‌یی خۆی بۆ سازشكردن له‌سه‌ر ئەو پرسە ڕاگەیاندووە.

خەتیب زادە گوتی وەرگێڕانی ئەو هەواڵە لە ئەلجەزیرە بۆ زمانی فارسی "بەتەواوی کێشەی هەبووە و بە مەبەستی سیاسی بە هەڵە وەرگێڕانیان بۆ کراوە". ئەو لە بەیاننامەیەکدا کە لە تەسنیم بڵاوی کردووەتەوە، گوتی"هەمیشە وتوومانە کە دانوستانەکان پێویستە بەرهەمدار بێت نەک تەنیا کات بەفیڕۆدان بێت" و گوتی" بەو مەبەستەش ئەمریکییەکان دەزانن چی بکەن."

دانوستانەکان بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ناوکی نێوان ئێران و زلهێزەکان بەهۆی پێداگریی ئێرانەوە بۆ لابردنی سوپای پاسداران لە لیستی رێکخراوە تیرۆریستییەکانی ئەمریکا ڕاگیراوە، و واشنتون ڕایگەیاندووە کە هیچ پلانێکیان بۆ ئەو مەبەستە نییە.

جۆزێف بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا، ڕۆژی شەممە لە تویتێکدا ڕایگەیاند کە لەگەڵ حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران تاوتوێی پێویستی بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانە ناوکییەکانی کردووە.

XS
SM
MD
LG