Accessibility links

ژیان لە فەرهەنگدا: عوسمان چێوار


هەر کاتێک باس لە ڕۆژانی زێڕینی شانۆی کوردی بکەین، ژمارەیەک ناو هەن ناتوانرێت و بگرە هەڵەیەکی گەورەشە گەر باسیان نەکرێت. یەکێک لەو هونەرمەندە باڵایانەی نیشتمانەکەمان، عوسمان چێوار، هونەرمەندی شانۆیە.

عوسمان چێوار
عوسمان چێوار

ڕەوانشاد عوسمان چێوار ساڵی 1946 لە شاری سلێمانی و لە گەڕەکی سەرکارێز لەدایک بووە، خوێندن تەواو دەکات و دەبێتە مامۆستایەکی ئازیز و خۆشەویست لە ناوچەکانی چۆمان و شارباژێر و قەراغ و هەڵەبجە و چەند ناوچەیەکی تر، تا دەبێتە پێشمەرگە و دواتریش دەبێتە لێپرسراوی چالاکی قوتابخانەکان.


ژیانی مامۆستایەتی وەک ئاماژەم پێکرد، چێواری مرۆڤ و هونەرمەندی بردۆتە زۆرێک لە ناوچەکانی کوردستان، بەڵام ژیانی ئەم ڕەوانشادەمان هەر تەنها ئەوەندە نەبووە وەک مامۆستایەک بڕواتە ئەو ناوچانە و ئەرکی خۆی وەک وانەبێژێک بەجێبگەیەنێت؛ نا، ئەم پیاوە کاتێک چۆتە هەر ناوچەیەک دیمەنەکان و ژیانی ئەو شوێنانەی لە ڕۆح و لە هزری خۆیدا هەڵدەگرت و زۆر بە وردی لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی دەکۆڵییەوە، دەیویست بزانێت ئەفسونی پەیوەندی نێوان وەرزێرێک و کێڵگەکەی یان خاکەکەی لە کوێوە سەرچاوەیان گرتووە، هەوڵی دەدا لە زاری بە تەمەنەکانی ئەو ناوچانەوە، دێڕە پەنهانەکانی ناو ئەفسانەکان بزانێت و لە جوڵە و ئاخاوتنی حیکایەتخوانەکان ورد دەبووەوە و بە شوێن نوێترین زانیاریشدا دەگەڕا لەسەر سروتە دێرینە ئاینییەکاندا.


میوانەکانی بەرنامە:

پشکۆ ناکام
پشکۆ ناکام

پشکۆ ناکام، نوسەر و هونەرمەند

کاروان عوسمان چێوار، هونەرمەند و میدیاکار


دەشێت ئەمانە بۆ کەسێکی ئاسایی کارێکی ناوازە بن، بەڵام بۆ عوسمان چێوار وەهانەبوو، چونکە بەلایەوە گرنگ بوو هەموو شتانە بزانێت؛ دەیزانی ڕۆژێک دێت و دەتوانێت لە هونەرەکەیدا بەکاریان بێنێت و باڵای هونەری شانۆی پێ بەرز بکاتەوە، ئاخر یەکێک لە خەمە گەورەکانی چێواری هەمیشە زیندوو شانۆ بوو و هەروەهاش دنیای خۆی لەو هونەرەدا دەبینییەوە.

کاروان عوسمان چێوار
کاروان عوسمان چێوار

ئەوانەی شانۆگەرییەکانی "بڕیار و ئەنجام" و "لانەوازان" و "پاڵتۆ" و "ئابڵوقە" و "خەج و سیامەند" و "گوڵە مێخەک" و دەیان کاری هونەریی تری ئەم هونەرمەندە گەورەیەیان بینیبێت، ئەوا دەزانن ئەم پیاوە چەندێک خەونی گەورەی هەبووە و هەروەهاش چۆن لە کلتور و فەرهەنگی نەتەوەکەیدا قاڵ بۆتەوە و خزمەتی گەورەی هونەری شانۆی کوردی کردووە.
نامەوێت باس لە عوسمان چێوار و بزوتنەوەی شانۆی کوردی بکەم یان باس لە چێوار و تیپی پێشڕەوی شانۆی کوردی بکەم، ئەمەیان جێدەهێڵم بۆ هەردوو هونەرمەند پشکۆ ناکام و کاروان عوسمان چێوار.

please wait

No media source currently available

0:00 0:30:35 0:00

XS
SM
MD
LG