Accessibility links

سەرکردەیەکی یەکێتی: دەبێت ڕۆح بکەینەوە بەری دامەزراوە یاساییەکانمان، تا وەڵامی دەستوەردانە دەرەکییەکان بدەینەوە


شێرکۆ میروەیس
شێرکۆ میروەیس

ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، هەرێمی کوردستان بۆ وەڵامدانەوەی بۆردومانی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان و دەستوەردانە دەرەکییەکان، پێویستی بە یەکخستنەوەی ڕوئیای حیزبەکان، و ڕۆح کردنە بەر دامودەزگا یاسایی و دەستوریەکانە.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، شێرکۆ میروەیس ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دەڵێت"دەبێت یەکێتی و پارتی و هێزەکانی تریش بۆ کۆی پرسەکان، تەجاوزی روئیای حیزبی بکەن، و نابێت لەچاویلکەی حیزبەوە لەو کێشانە بڕوانن کە بەرۆکی هەرێم دەگرن. دەبێت حکومەت و پەرلەمان بەئەرکی خۆیان هەستن، چونکە ئەو وڵاتانەی دەستوەردان دەکەن وەکو وڵات دەیکەن، ئێمەش پێویستمان بەوەیە ڕۆح بەبەری ئەم دامەزراوانەدا بکەینەوە، تا بتوانین لەڕووی دەستوری و یاساییەوە چارەسەر بدۆزینەوە."

جەختیشیکردەوە"ئێمە لەژێر حوکمی جوگرافیاین، یەکێتی لە ژێر حوکمی جوگرافیایە لەگەڵ ئێران و پارتیش لەگەڵ تورکیا، بۆیە پێویستمان بەیەکخستنی تێڕوانینەکانمان هەیە، تا بتوانین ئیدارەی بەرژەوەندییەکانمان بدەین، پێکەوە قسەی فەرمی هەرێم بگەیەنینە وڵاتانی دەوروبەر."

شێرکۆ میروەیس پێیوایە، عێراق بەهۆی گرفتە نێوخۆییەکانی خۆیەوە، پرسی سەروەری وڵاتەکەی فەرامۆشکردووە، وتی"لەبەغدا شتێک نیە ناوی بەرژەوەندی عێراق و عێراقییەکان بێت، زۆرجار نەک لە سنورەکان، بگرە لەبەغدا کە دڵی وڵاتەکەیە، سەروەری عێراق لەهەفتەیەکدا چەندین جار پێشێل دەکرێت، بۆیە تا عێراقییەکان بەجدی بیر لە کێشەکانی ناوەوە نەکەنەوە، ناتوانن دەست بۆ چارەسەری کێشەکانی دەوروبەر بەرن."

بەبڕوای سەرکردەکەی یەکێتی، عێراق بوونی لەسەر ئاستی هەرێمی لاوازە، چەند گرنگی بە پاراستنی سنوری خۆی دەدات، دەبێت ڕەچاوی پاراستنی سنوری وڵاتانیش بکات، بەڵام عێراق بووەتە بازاڕی ساغ کردنەوەی بەرژەوەندی وڵاتان، وتی"بۆیە هەندێک جار بیانووی لابەلا دەدرێتە دەست ئێران و تورکیا بۆ پێشێلکردنی سنورەکان، ئەمە زیاتر پەیوەندی بە عێراقەوە هەیە وەک لە هەرێم، عێراق نەیتوانیووە سنورێک بۆ ئەو هێزانەش دابنێت بیانوو دەدەنە دەست وڵاتانی دەوروبەر بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتەکەی."

دوێنێ شەممە، فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرشی کردە سەر ناوچەی ئاغجەلەری سەربە قەزای چەمچەماڵ و کەمپی ڕۆستەم جودی لە نزیک مەخمور، بەو هۆیەوە چەند کەسێک گیانیان لەدەستدا، ئەمەش نیگەرانی یەکێتی نیشتیمانی لێکەوتەوە و بەیاننامەی دەرکرد.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:54 0:00

XS
SM
MD
LG