Accessibility links

سەرۆکی ئۆکرانیا: تەنها لە ڕێی ئاشتیەوە دەتوانین کۆتایی بەم شەڕە خوێناوییە بهێنین


سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدەمیر زێلێنسکی دەڵێت سەرکەوتن لە شەڕی بەردەوامی وڵاتەکەی لەگەڵ ڕووسیا لە کۆتاییدا تەنها لە ڕێگەی یەکلاییکردنەوەی دیپلۆماسییەوە دێتە ئاراوە.

ئاماژەی بەوەشکرد"سەرکەوتنەکە قورس و خوێناوی دەبێت و هەر لە شەڕدا دەبین، بەڵام کۆتاییەکەی هەر بە دیپلۆماسی دەکرێت.

زێلێنسکی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنی ئۆکرانیادا درەنگانێکی شەوی هەینی ئاماژەی بەوە کرد "شتگەلێک هەن بەبێ دانوستان لەسەر مێزی گفتوگۆ؛ ناتوانین کۆتایی پێ بهێنین."

هەروەها سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایگەیاند وڵاتەکەی لە هەوڵی وەرگرتنەوەی ئەو سەربازانەدایە کە دوای چەند هەفتەیەک لە شەڕ لە کارگەی پۆڵای ئازۆڤستاڵ لە شارە کەناراوییەکەی ماریوپۆڵ لە باشووری ئەو وڵاتە خۆیان ڕادەستی هێزەکانی ڕووسیا کردووە.

دەشڵێت "هەموو شتێک بەندە بەو بەرپرسیارێتییانەی کە نەتەوە یەکگرتووەکان و خاچی سوور و فیدراسیۆنی ڕووسیا لە ئەستۆیان گرتووە، کە سەربازەکان هەموویان ژیانیان پارێزراو بێت، بە هەر شێوەیەک بێت چاوەڕێی کڵێشەیەکی ئاڵوگۆڕکردنی دیلەکان دەکەین." گوتیشی دەزگای هەواڵگری ئۆکرانیا ئامادەکاری دەکات "بۆ گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕکردنی دیلەکان".

ڕووسیا نزیکەی سێ مانگ لەمەوبەر و لە 24 ی مانگی 2 دا لەشکرکێشییەکی بەرفراوانی بەرپاکرد بۆ سەر ئۆکرانیا.

بەپێی ڕاگەیەندراوێكی وەزارەتی بەرگری ڕووسیا لە ڕۆژی هەینیدا سێرگی شۆیگۆ وەزیری بەرگری ڕووسیا بە ڤلادیمیر پوتنی سەرۆكی رووسیای ڕاگەیاندووە کە کارگەی پۆڵای ئازۆڤستاڵ و ماریوپۆل "بە تەواوەتی کۆنتڕۆڵکراون."

بەڵام دەستبەجێ ئەو هەواڵە لەلایەن ئۆکرانییەکانەوە پشتڕاست نەکرایەوە.

ئەو شارە کەناراوییە بووە گۆڕەپانێکی خوێناویترین گەمارۆی جەنگەکە و نزیکەی سێ مانگە هێزەکانی ڕووسیا بۆردومانی دەکەن. بەشێکی زۆری ماریوپۆل بووە بە داروپەردووی وێرانەخاک و ترسی ئەوە هەیە زیاتر لە 20 هەزار هاوڵاتی مەدەنی لەو شارە کوژرابن.

سەربازانی ئۆکرانیا کە لە کارگەی پۆڵاکەی ئەو شارەدا خۆیان حەشاردابوو، ماوەی چەند هەفتەیەک بەرامبەر هێزەکانی ڕووسیادا شەڕی قورسیان کردووە. بەڵام سەرەتای ئەم هەفتەیە بەرپرسانی ئۆکرانیا فەرمانیان بە هێزەکان کرد شەڕەکە ڕابگرن و سەربازەکانیان ڕزگار بکەن.

بە گوتەی وەزیری بەرگری ڕووسیا چۆڵکردنی دوایین سەربازەکانی ئۆکرانیا لە کارگەی پۆڵاکەی ئازۆڤستاڵ کە ژمارەیان ڕوون نییە دوابەدوای خۆڕادەستکردنی نزیکەی دوو هەزار سەربازی ئۆکرانیا دێت لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا.

فەرماندەی هێزە سەربازییەکەی ئازۆڤی ئۆکرانیا کە کلیلی یارمەتیدانی بەرگریکردنە لە کارگەکە، گوتی هەوڵەکان بۆ دەرهێنانی کوژراوەکان لە شوێنی شەڕەکە بەردەوامە.

XS
SM
MD
LG