Accessibility links

ئەردۆغان دەڵێت تورکیا نیگەرانییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ناتۆ، سوید و فینلەند تاوتوێ دەکات


ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا کە ناڕەزایەتی دەربڕیووە بەرامبەر بە ئەندامبوونی سوید و فینلەند لە ناتۆ، ڕۆژی شەممە پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ ڕێبەرانی ئەو دوو وڵاتە ئەنجامدا و نیگەرانییەکانی خۆی سەبارەت بە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان خستە بەر باس.

ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵی سەر بە حکومەتی تورکیا بڵاویکردەوە، ئەردۆغان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ مەگدالینا ئەندەرسۆن، سەرۆک وەزیرانی سوید ڕایگەیاند ئەنقەرە چاوەڕوانی هەنگاوی کۆنکرێتی دەکات سەبارەت بە نیگەرانییەکانی لەمەڕ ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان.

به‌ گوێره‌ی ئانادۆڵ ئه‌ردۆغان له‌ په‌یوه‌ندییە ته‌له‌فۆنیەکەیدا ڕاشیگەیاندووە، گه‌مارۆی هه‌نارده‌كردنی چه‌ك كه‌ دوای له‌شكركێشییه‌كه‌ی بۆ‌ سوریا له‌ ساڵی 2019 به‌سه‌ر توركیادا سه‌پێندرابوو هه‌ڵبگیرێت.

ئەندەرسۆن لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نوسیویەتی، ئەو پەیوەندییە بەرز دەنرخێنێت و ئێمە چاوەڕێی بەهێزكردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكانمان دەكەین، لەوانەش لە بارەی ئاشتی و ئاسایش و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا.

فینلەند و سوید ڕۆژی چوارشەممە بە فەرمی داواکارییان پێشکەش کرد بۆ پەیوەندیکردن بە ناتۆوە، ئەمەش دوای لەشکرکێشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لە 24ی مانگی 2دا.

تورکیا هەفتەی ڕابردوو هاوپەیمانەکانی ناتۆی تووشی سەرسوڕمان کرد بە ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە ئەندامبوونی ئەو دوو وڵاتە، بەڵام سەرکردەکانی ڕۆژئاوا دڵنیاییان دەربڕی بەوەی کە ناڕەزایەتییەکانی ئەنقەرە نابێتە بەربەست بۆ پرۆسەی چوونە ناو ناتۆ.

ئەنقەرە دەڵێت سوید و فینلاند پشتیوانی لە کەسانێک دەکەن کە پەیوەندییان بە پارتی کرێکارانی کوردستان ( پەکەکە) و شوێنکەوتوانی فەتحوڵا گوڵەنەوە هەیە، کە ئەنقەرە تۆمەتباری دەکات بە ڕێکخستنی هەوڵی کودەتا لە ساڵی ٢٠١٦.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG