Accessibility links

ڕووسیا هەوڵدەدات کەسانی سەروو 40 ساڵ بکاتە سەرباز


وەک نیشانەیەک بۆ پێویستی بە پەلەی ڕووسیا بۆ بەهێزکردنی هەوڵەکانی لە جەنگی ئۆکرانیا، ڕۆژی هەینی پەرلەمانی ڕووسیا ڕایگەیاند کار لەسەر پڕۆژە یاسایەک دەکات کە ڕێگە بە هاوڵاتیانی ڕووسیا دەدات کە تەمەنیان لە سەرووی 40 ساڵەوەیە و بیانییەکان کە تەمەنیان لە سەرووی 30 ساڵانەوەیە بۆ ناو تۆمارکردن بۆ خزمەتی سەربازی.

ماڵپەڕی پەرلەمانی رووسیا ناسراو بە (دووما)، دەڵێت ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی ئەوەی سەربازەکان بتوانن کەڵک لە لێهاتووییەکانی کەسانی پیشەیی کە تەمەنیان زیاترە وەربگرن.

هەووەها دەڵێت "بۆ بەکارهێنانی چەکی وردبینی بەرز، کارپێکردنی چەک و کەرەستەی سەربازی، پسپۆڕانێک پێویستن کە خاوەنی کارامەیی پیشەیی بەرز بن. ئەزموونەکان دەریدەخەن کە لە تەمەنی 40 بۆ 45 ساڵیدا دەگەنە ئەو ئاستە."

لە ئێستادا تەنها هاوڵاتیانی تەمەن 18 بۆ 40 ساڵ و بیانییەکانی تەمەن 18 بۆ 30 ساڵ دەتوانن یەکەمین گرێبەستی سەربازی بکەن.

ڕووسیا لەو جەنگە 86 ڕۆژەدا تووشی پاشەکشێی گەورە و زیانێکی زۆری بەرکەوتووە هەم زیانی گیانی هەم زیانی ئامێر و کەلوپەلی لەشکریش. لە کاتێکدا ئۆکرانیا بە شێوەیەکی کردەیی تەواوی کوڕانی پێگەیشتووی دانیشتوانی خۆی کۆکردۆتەوە دژی ئەو شەڕە. سەرەڕای ئەوەی مۆسکۆ کۆنترۆڵی تەواوەتی خاکە وێرانبووەکەی شاری ماریوپۆڵی کردووە، بەڵام هێشتا دوورە لە ئامانجەکەی کە دەستبەسەرداگرتنی هەموو ناوچەی دۆنباسە لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا.

ژەنەڕاڵی خانەنشینکراوی ئەمەریکی، بێن هاجس، کە پێشتر یەکێک بووە لە فەرماندەی هێزەکانی سوپای ئەمەریکا لە ئەوروپا دەڵێت "بە ڕوونی ڕووسەکان لە کێشەدان. ئەمە دوایەمین هەوڵە بۆ چارەسەرکردنی کەمی هێزی مرۆیی بەبێ ئەوەی دانیشتووانەکەی خۆیان نیگەران بکەن. بەڵام تا دێت قورستر دەبێت بۆ کرملین کە شکستەکانیان لە ئۆکرانیا بشارنەوە."

جاک واتلینگ پسپۆڕی شەڕی وشکانی لە نێوەندی لێکۆڵینەوەی بەریتانی بۆ بواری ئاسایش و بەرگری دەڵێت سوپای ڕووسیا دووچاری کەمی هێزی پیادە بووەتەوە.

دەشڵێت " ڕووسیا پێویستی بە جێگیرکردنی سەقامگیری هەیە لەناو یەکە سەربازییەکانی لە ئۆکرانیا و پێویستە یەکە نوێیەکان دروست بکات ئەگەر بیەوێت پێگەی خۆی لەسەر زەوی باشتر بکات."

ئاماژەی بەوەشکردووە "ئەمە پرۆسەیەکی خاو و ئاڵۆز دەبێت، بەڵام دەتوانرێت بە کۆکردنەوەی ئەو کەسانەی کە کارامەیی و ئەزموونی سەربازییان هەیە، خێراتر بکرێت."

دووما ئاماژەی بەوەشکردووە یاسا پێشنیارکراوەکە هاوکات ئاسانکاری دەکات بۆ دامەزراندنی پزیشکانی مەدەنی و ئەندازیاران و پسپۆڕانی بواری ئۆپەراسیۆن و پەیوەندییەکان.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG