Accessibility links

شەڕی ڕووسیا وایکردووە ئەڵمانیا بۆ وزە پەنا بۆ قەتەر ببات


ئه‌ڵمانیا و قه‌ته‌ر ڕۆژی هه‌ینی گرێبەستێکیان واژۆ كرد بۆ قووڵكردنه‌وه‌ی هاوبه‌شییه‌كانیان له بواری‌ وزه‌دا، لە ڕێی گرنگیدان به‌ بازرگانیكردن به‌ هایدرۆجین و گازی سروشتی (LNG). ئەڵمانیا، کە خاوەنی گەورەترین ئابوری ئەوروپایە، به‌ دوای پێداویستییه‌ جێگرەوەكاندا ده‌گه‌ڕێت لە کاتێکدا کە ڕووسیا، گەوەرەترین دابینکەری گازی ئەوروپا، سزای خراوەتە سەر بەهۆی هێرشەکەیەوە بۆ سەر ئۆکرانیا.

ئەم ڕێککەوتنە هاوبەشە ئاماژە دەدات بە سازدانی کۆبوونەوەی بەردەوامی نێوان دەسەڵاتدارانی هەردوو وڵات و دامەزراندنی گروپێکی کارکردن کە گرنگی بە پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکان لە بواری گازی سروشتی و هایدرۆجین بدات، هەروەها سازکردنی گروپێکی دیکەی تایبەت بەو وزانەی نوێدەبنەوە.

شێخ تەمیم بن حەمەد ئەلسانی، میری قەتەر، لە ئەڵمانیا بوو بۆ واژۆکردنی رێککەوتنەکە لەگەڵ وەزیری ئابوری ئەڵمانیا رۆبەرت هابێک کە لە مانگی سێ دا گەشتی کردبوو بۆ قەتەر و لەگەڵ بەرپرسانی کۆمپانیاکانی خزمەتگوزاریی ئەڵمانی RWE (RWEG.DE) و Uniper (UN01.DE ) کۆبوونەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر گرێبەستە درێژخایەنەکانی دابینکردنی گازی سروشتی.

سێ کەسی ئاگادار لە دانوستانەکانی گرێبەستی دابینکردن لە سەرەتای ئەم مانگەدا بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە کە ڕێککەوتنەکە بەو مانایە نییە کە گرێبەستە درێژخایەنەکان بۆ گازی سروشتی ئەنجام بدرێت.

ئەوان دەڵێن ئەو دانوستانانە ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە، بەرلین ئامادە نییە پابەند بێت بە مەرجەکانی قەتەر بۆ واژۆکردنی گرێبەستەکانی لانیکەم 20 ساڵ بۆ دەستەبەرکردنی ئەو بڕە بەرفراوانەی کە ئەڵمانیا پێویستی پێیەتی بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە گازی ڕووسیا.

لە ئێستادا ڕووسیا گەورەترین دابینکەری گازە بۆ ئەڵمانیا و هابێک هەر لە دوای هێرشە داگیرکارییەکانی ڕووسیاوە بۆ سەر ئۆکرانیا چەند دەستپێشخەرییەکی بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستنی بەرلین بە وزەی مۆسکۆ دەستپێکردووە.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG