Accessibility links

فەرماندەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئێران بە گەورەترین سەرچاوەی ناسەقامگیری ناوچەکە دادەنێت


لە دیدارێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی ناشناڵی ئیماراتی، مایکل کۆریێلا، فەرماندەی ناوەندی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا ناسراوە بە (سێنتکام)، کە بەرپرسە لە هێزەکانی ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئێران بە "ناسەقامگیرگەرترین" هێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە قەڵەم دەدات.

مایکڵ کۆریێلا، کە نزیکەی 50 ڕۆژە بۆ ئەو پۆستە دەستنیشانکراوە، وەک فەرماندەی سێنتکام گەشتی بۆ چەند وڵاتێک کردووە، لەوانە ئیسرائیل، میسر، ئیمارات و عەرەبستانی سعودیە.

کۆریێلا ڕایگەیاندوە کە لە سەردانەکەیدا بۆ میسر و ئیمارات و سعودییە بەبەردەوامی گەڕاوەتەوە سەر پرسی هەڕەشەی پرۆگرامی ناوکی ئێران و پەرەسەندنی مووشەکی باڵستیکی ئەو وڵاتە و بەکارهێنانی میلیشیاکانی سەر بەو وڵاتە لە هەرێمەکەدا.

بە گوێرەی ڕۆژنامەی ناشناڵ ناوبراو ڕایگەیاندووە پەیامەکەی لە هەر سێ وڵاتی میسر و ئیمارات و سعودیە ئەوە بووە کە ئەمەریکا هاوبەشێکی جێی متمانەی ئەو وڵاتانەیە و گوتوویەتی "پێموایە نیگەرانی هاوبەشمان هەیە و خەمی سەرەكیشمان ئێرانە و پێموایە ناسەقامگیرترین هێزی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە."

ژەنەراڵەکە ئەوەشی ڕایگەیاندوە کە "هه‌ڵوێستی ئه‌مەریکا ئەوەیە کە ڕێگا نەدات ئێران دەستیبگاتە چەکی ناوکی. بەڵام نیگەرانییەکانمان سەبارەت بە ئێران زۆر زیاترە لە پرسی ناوکی ئەو وڵاتە."

بە پێی ڕاپۆرتەکە، ناوبراو داوای هەوڵدانی هاوبەشی کردووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران و چەکدارانی حوسی سەر بە ئێران لە یەمەن.

هاوکات ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆستی ئیسرائیل ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند بڕیارە فڕۆکە جەنگییەکانی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل لەگەڵ فڕۆکە دابینکەرەکانی سوتەمەنی ئەمەریکا کۆتایی ئەم مانگە راهێنانێک ئەنجام بدەن بۆ تاقیکردنەوەی سیناریۆی ئەگەری هێرشکردنە سەر دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران.

لەلایەکی دیکەوە ڕۆژنامەی تایمزی ئیسرائیل بڵاوی کردوەتەوە کە بەنی گانتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل، ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاندووە کە بەرنامەی ناوکی ئێران و شەڕی ئۆکرانیا لەم هەفتەیەدا پرسی دانوستانەکانی لەگەڵ واشنتندا دەبێت. بە گوێرەی ڕاپۆرتی تایمزی ئیسڕائیل ڕۆژی چوارشەممە گانتز دەگاتە ئەمەریکا.

XS
SM
MD
LG