Accessibility links

ڕۆژنامەنووسێکی ئێران دوای پشووی پزیشکی خرایەوە زیندان


میدیاکانی ئێران ڕۆژی پێنجشەممە هەواڵی دووبارە زیندانیکردنی ڕۆژنامەنووس كەیوان سەمیمی بڵاوکردەوە. سەمیمی ساڵی 2020 بە تۆمەتی "پیلانگێڕی دژی ئاسایشی نیشتیمانی" زیندانی كرابوو بەڵام بەهۆی بارودۆخی تەندروستییەوە ڕێگەی پێدرابوو بچێتەوە ماڵەوە.

میدیای فەرمی دەوڵەتی ئێران دەڵێت ڕۆژنامەنووسەکە گەڕێنراوەتەوە بۆ زیندان دوای ئەوەی لە کاتی پشووی پزیشكیدا دەستی بە کارەکانی کردبووەوە.

ئاژانسی هەواڵی مێهری ئێران بڵاویکردەوە "سەمیمی لە کۆتایی پشووەکەیدا بە هۆی دەستپێکردنەوەی چالاکییەکانی دژی ئاسایشی نەتەوەیی و پەیوەندییەکانی لەگەڵ گرووپە دژە شۆڕشگێڕەکانی دەرەوەی وڵات، ڕەوانەی زیندان کراوەتەوە".

ئەو پیاوە تەمەن 73 ساڵە لە کۆتایی مانگی دوودا بە پاساوی پزیشکی مۆڵەتی جێهێشتنی بەندینخانەی پێدرابوو. ناوبراو ماوەی سێ ساڵی سزاکەی لە شاری سمنان، کە نزیکەی ٢٠٠ کیلۆمەتر لە تارانی پایتەخت دوورە، بەسەر دەبرد.

مێهر گوتیشی: پشكێنەری پزیشكی دوای پشكنینی نوێ فەرمانی گەڕانەوەی بۆ زیندان دەركردووە."

سەمیمی، کە نزیکە لە هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن، ڕەخنەگرێکی کۆنە و پێش شۆڕشی ئیسلامی 1979 و دوای شۆڕش زیندانی کراوە.

سەرەتای ئەم هەفتەیە، مێهر هەواڵی دەستبەسەرکردنی رۆشنبیر سەعید مەدەنی قەهفارۆغی لە تاران بە گومانی "پاراستنی پەیوەندییەکان لە دەرەوەی وڵات و ئەنجامدانی چالاکییەکان کە هەڕەشە لە ئاسایشی نەتەوەیی دەکەن"ی بڵاوکردەوە.

قەهفارۆغی مامۆستای کۆمەڵناسییە لە زانکۆی عەللامە تەباتەبایی لە تاران.

سەرچاوە: فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG