Accessibility links

کوشتنی پەنابەرانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە


پەنابەرێکی سیاسی خەڵکی شاری وان لە شاری سلێمانی تەقەی لێ کرا و گیانی لەدەستدا، خانەوادەکەشی ڕووداوەکە بە تیرۆری سیاسی ناودەبەن و داوای ئاشکراکردنی تۆمەتبارانی پشت ڕووداوەکە دەکەن.

درەنگانێکی شەوی17ی ئایاری 2022 لە شەقامی بەختیاری شاری سلێمانی 2کەس بە ماتۆڕسکیلێکەوە تەقە لە محەمەد زەکی چەلەبی، چالاکوانی سیاسی خەڵکی شاری وان و خاوەنی ڕێستۆرانتی دەنیز دەکەن و بە سەختیی برینداری دەکەن، دوای مانەوەی بۆ ماوەی 17 کاتژمێر لە نەخۆشخانە و ئەنجامدانی شەش نەشتەرگەری بۆی، ئێوارەی 18ی ئایار بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.

موسا چفتچی ئەندامی ڕێکخراوی کرێکارانی میزۆپۆتامیا بە ناوی بنەماڵەی زەکیەوە ڕایگەیاند، کە ڕووداوەکە تیرۆری سیاسییە و ئاماژە بەوە دەکەن، کە پێشتریش چەند جارێک لەلایەن دەزگایەکی هەواڵگری وڵاتێکی ناوچەکەوە هەڕەشەی لێ کراوە.

لە ساڵی ڕابردوەوە ئەمە پێنجەمین ڕووداوی کوشتنی پەنابەری سیاسییە لە هەرێمی کوردستان، پێشتر لە 16 ی نۆی ساڵی 2021 تەقە لە پەنابەرێکی سیاسی دیکە بە ناوی فەرهاد بارش کرا و بەسەختی بریندار کرا، ڕۆژی دواتریش لە سلێمانی بەرپرسێکی پارتی کرێکارانی کوردستان بە ناوی یاسین بوڵوت کوژرا، هەر لە ساڵی ڕابردوودا 2 پەنابەری سیاسی دیکە بە ناوەکانی ڕێبین سنە و موسا باباخانی لە هەریەک لە شارەکانی سلێمانی و هەولێر کوژران و لە هەردوو ڕووداوەکەشدا پەنجەی تۆمەت ئاڕاستەی ئێران کرا.

دکتۆر کامەران مەنتک، مامۆستای زانکۆ و چاودێری سیاسی لە لێدوانێکدا بۆ دەنگی ئەمەریکا پێی وایە، تیرۆری سیاسی لە هەرێمی کوردستان لەلایەن وڵاتانی ناوچەییەوە لە حاڵەتەوە بووە بە دیاردە.

دکتۆر کامەران مەنتک دەشڵێت، تیرۆری ڕێکخراوی بە بەردەوامی بەرامبەر گەلی کورد ئەنجام دەدرێت و هەوڵی سڕینەوەی ناسنامەی کورد دەدرێت، وە یەکڕیزی ناوماڵی کوردییش بە چارەسەر دەزانێت بۆ بنبڕکردنی ئەم دیاردەیە.

نزیکەی 48 کاتژمێر بەسەر ڕووداوی تەقەکردن لە محەمەد زەکی چەلەبی لە سلێمانی تێپەڕی و تا ئێستا هێزە ئەمنییەکان هیچ ڕاگەیەندراوێکیان لەسەر ڕووداوەکە بڵاونەکردووەتەوە و دەستگیرکردنی هیچ کەسێکیشیان بەو تۆمەتە بڵاونەکردووەتەوە، دەنگی ئەمەریکا بۆ وەرگرتنی زانیاری لەسەر کەیسەکە پەیوەندی بە لیوا چەتۆ ساڵح، بریکاری وەزارەتی ناوخۆ کرد ، بەڵام ئامادەنەبوو لێدوان لەسەر ڕووداوەکە بدات ئەمە لە کاتێکدایە سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانییش پەیوەندیەکەی دەنگی ئەمەریکای وەڵام نەدایەوە .جگە لەوەی تائێستاش لەسەر کەیسەکانی ڕابردووی کوشتنی سیاسییش تەنها تۆمەتبارێک بە تۆمەتی بریندارکردنی فەرهاد بارش، پەنابەری سیاسی دەستگیرکراوە و کەیسەکانی دیکە بەکراوەیی ماونەتەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:32 0:00

XS
SM
MD
LG